سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان: هاوڵاتییان دەبێت لە ئێمە بپرسن بۆ دەستوورمان نییە
دیجیتاڵ میدیاى سپێده
بە بەشداری هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حزبی هەرێمی کوردستان، بە ناونیشانی "هەرێمی کوردستان-عێراق، یەکڕیزی و دەستوور" کۆنفرانسی "هەرێمی کوردستان-عێراق دەستوور و یەکڕیزی" لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە کۆنفرانسەکەدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق رایەگەیاند "یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنەوە بە پرۆسەی ئامادەکاری دەستوور بۆ راپرسی، پەرلەمانی کوردستان کردی و دەستیپێکرد، ئەگەر بشپرسین بۆ دەستمان پێکرد ئەوا لەبەر ئەوەی پەرلەمانی کوردستان پابەندە بەو ئەرکانەی پێی دەسپێردرێت، ئەرکێکیشمان رەچاوکردنی کارنامەی هێز و لایەنە سیاسییەکانە کە لە پەرلەمانن و بەو کارنامەیە بەڵێنیان بە خەڵکداوە، کاتێک سەیری کارنامەی هەموو هێزە سیاسییەکانیشمان کرد هەموویان بەڵێنیان بە خەڵکداوە کاربکەن لەسەر دەستوور بۆیە ئێمەش بەو ئەرکەی خۆمان هەستاین و دەستمان پێکرد".
رێواز فایەق گوتی: "سەردانی هەموو حزبە سیاسییەکانمان کرد ئەوانەی ئامادەبوون پێشوازیمان لێبکەن، سەرەکیترین پرس کە لەگەڵیان قسەمان لەسەرکرد پرسی دەستوور بوو، ئەوەی جێگای خۆشحاڵی بوو هیچ حزبێکی سیاسی لەوانەی سەردانمان کردن هیچ رەتکردنەوەیان نەبوو لەسەر ئەوەی کە دەستوور پێویستە و دەبێت دەستوورمان هەبێت، بەدیاریکراویش لەم خولەی پەرلەمانی کوردستان دەبێت هەوڵەکانمان نوێبکەینەوە، دواتریش سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان کرد بەو پێیەی بەمانا سیاسییەکە ئەوان چەتری قەراوەی هەرێمی کوردستانن و دەتوانێت حزبە سیاسییەکان کۆبکاتەوە لەسەر ئەوە رێککەوتین بۆ ئەم پرسە سەرۆکی هەرێمی کوردستان حزبە سیاسییەکان کۆبکاتەوە ئیدارەی ئەو یەکڕیزییە بکات کە گرنگە بۆ سەرکەوتنی نووسینی پرۆسەی دەستوور".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق گوتیشی: "ئەگەر نەبوونی یەکڕیزی بەرژەوەندی حزبە سیاسییەکانە یان تێبینی حزبە سیاسییەکانە لەسەر خۆبەڕێوەبردن و فەرمانڕەوایی و شێوازی ئیدارەدان لە هەرێمی کوردستان ئەمە بابەتێکی دیکەیە و نابێت ببێت بە ئاڵنگارییەک لەبەردەمی دەستووردا، دەستوور دەبێت بکرێت بە میکانیزم بۆ رێککردنەوەی ئەو لاری و خواروخێچییانە، ئەگەر پێمان وایە دادگەریی نییە و سەرچاوەکانی داهات شەفاف نین و هاووڵاتی لەبەردەم یاسادا یەکسان نین و ئازادییە بنەڕەتییەکان پێشێل دەکرێن ئەبێت دەستوورێکمان هەبێت ئێمە رێکبکاتەوە، مەرج دابنێت لەسەر دەسەڵاتەکان بۆ ئەوەی دەستوەردان لە دەسەڵاتی یەکدیدا نەکەین".
رێواز فایەق راشیگەیاند "ئێمە رێپێدراو نین کە مافی میللەتەکەمان لە بوونە خاوەنی دەستووردا رەتبکەینەوە، کەس رێگای بە ئێمە نەداوە و سەرپشکی نەکردووین کە بڵێت هەرکات ویستتان بڵێن دەستوورمان دەوێت هەرکاتیش نەتانویست بڵێن دەستوورمان ناوێت، میللەتی ئێمە شایستەی ئەوەیە دەستووری هەبێت و دەبوو دەمێک بوو هەیبووایە، عێراق بەو هەموو جیاوازییەوە بەو هەموو دەستوەردانە دەرەکییەی لە عێراقدا هەیە و بەو هەموو هەلومەرجە نالەبارەی لەوێ هەیە بۆتوانی لە ساڵی ٢٠٠٥دا ببێت بە خاوەنی دەستوور ئێمە لەماوەی ٣٠ ساڵدا خۆمان نەمانتونیوە دەستوورمان هەبێت و دەستووری عێراقیش مافی داوە پێمان هەر نەمانتوانیوە دەستوورمان هەبێت".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاند "دهمهوێت راشكاو بم، ههندێكجار گوێم له ههندێك له ساسییهكان دهبێت دهڵێن با دهستوورمان نهبێت ههلومهرج لهبار نییه، دهیهوێ ئهو ئازادییهی ههیهتی له ههڵسكهوت لهوهی كۆتی لهسهر نییه و دهستێوهردان دهكات و هێزی ههیه و گهندهڵی دهكات، دهیهوێ شتێك نهبێت رایبگرێت، من دیوهكهی تری دهخوێنمهوه، وهكو هاووڵاتییهك دهیخوێنمهوه، نهك وهك سهرۆكی پهرلهمان"
رێواز فایەق گوتیشی: "هاووڵاتییان دەبێت لە ئێمە بپرسن بۆ ئێمە دەستوورمان نییە، ئەگەر دەستوورمان نییە خەتای کێیە، واتە دەبێت هاووڵاتیش لەم بابەتە بەشداربێت و خەمی هەمووان بێت".
دەربارەی ئەوەی بابەتی نوسینەوەی پرۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستان ئێستا لە قۆناغێکدایە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند "ئێمە سەردانەکانمان کردووە وەڵامەکانمان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم باسکردووە، ئەوانیش بۆ جەختکردنەوە جارێکی دیکە سەردانی لایەنە سیاسیەکانی کردەوە، دەچینە قۆناغێکی دیکە کە قۆناغی بە کرداریکرنی پرۆسەکەیە و دەبێت لەم قۆناغە چی بکەین، رێگای دروست ئەوەیە جارێ بیر لەوە نەکەینەوە لیژنەی نوێ دروست بکەین یان لیژنە کۆنەکە بخەینەوە کار و لەدوای ئەو ٧٤ ماددەیەی کە هەیە دەستپێبکەیەنەوە، رێگا دروستەکە ئەوەیە ئەگەر دەمانەوێت جارێکی دیکە شکست نەهێنین دەبێت لەسەر ئەو خاڵانە رێکبکەوین کە راجیاوازی لەسەرە، ئەو خالانەش هەندێکی لەگەڵ لەناو خۆمانە هەندێکی لەگەڵ دەوڵەتی عێراقە".
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق دەربارەی ئەو خاڵە ناکۆکییە جەوهەرییانەش کە لەگەڵ عێراقدا بووەتە لەمپەر لەبەردەم دەستووری هەرێمی کوردستان گوتی: "ئەوەی کە گرنگە و زۆر جەوهەرییە بابەتی ناوچە دابڕینراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانە، دەبێت دەستوورێکمان هەبێت باسی ئەو ناوچانەمان نەکردبێت، ئەمە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە کە ئێمە دەستورێکمان دانا بۆ چوار پارێزگا و دەستبەرداری ئەو ناوچانە بووین، پرسیارێکی دیکەش ئەوەیە دەکرێت سنووری کوردستان بەو ناوچانە دیاری بکەین، بەڵام بەو ماددە دەستووریەی کە هەیە دەستووری عێراق لە ماددی ١٢٠ دەڵێت نابێت دەستووری هەرێمەکان بەریەککەوتنی هەبێت لەگەڵ دەستووری عێراقیدا، بەمەش لە دادگای فیدراڵی دەستوورەکەمان هەڵبوەشێتەوە یان چەند ماددەیەکی هگەڵبوەشێتەوە، ئەمانە پێویستیان بە چارەسەرە و ئەم چارەسەرەش ئەکادیمییەکان دەتوانن بیکەن و بۆ ئێمە ئاسان نییە".
رێواز فایەق گوتیشی: "ئێمە وەک گەلی کوردستان وەک دامەزراوە دەستوورییەکان نە دەمانەوێت دەستبەرداری ئەو ناوچانەبین لە دەستوورەکەماندا نە دەشمانەوێت دەستوورەکەمان لەبەر ئەوەی بە پێچەوانەی ئاراستەی دەستووری عێراقی ئەژماردەکرێت هەڵبوەشێتەوە، لەبەر ئەوە پەنا دەبەینە بەر ئەکادیمییەکان".