دوو كەس بە تۆمەتی دزیكردن دەستگیر كران
هەولێر -KDP.info- دوای تۆماركردنی سكاڵا لە لایەن چەند هاووڵاتییەك بە ڕوودانی چەند ڕووداوێكی دزیكردن لە پیشەسازیی باشوور (كارگەكانی ئاسنگەران)، پۆلیس دۆسیەی لێكۆڵینەوەی بۆ ئەم ڕووداوە كردەوە و دوێنێ شەو ڕێكەوتی (١٩/٢/٢٠٢٠) كاتژمێر (١٠) توانی ناسنامەی دوو تۆمەتبار ئاشكرا بكات و دەستگیریان بكات.
بەڕێز بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمید (دلێر نەجاڕ) ڕایگەیاند، دوابەدوای ئاگاداركردنەوەمان بە بوونی چەند ڕووداوێكی دزی، هێزەكانی پۆلیس توانییان دەستبەسەر ئۆتۆمبێلێك و دوو تۆمەتبار و ئەو پێداویستیانەدا بگرن كە تاوانەكەیان پێ ئەنجام دراوە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم دوو تۆمەتبارە لە دەرەوەی شاری هەولێر هاتوون بۆ ئەنجامدانی ئەم تاوانە، دوای دەستگیركردنیشیان دانیان بە ئەنجامدانی (٥) تاوانی دیكەی دزیكردندا ناوە.
هەروەها راشیگەیاند، ئاگاداری هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەینەوە، هەر كەسێك دزیی لێ كراوە بەو ئۆتۆمبێلەی كە لە وێنەكاندا دیارە، سەردانی نزیكترین نووسینگە و بنكەی پۆلیس بكەن و داوای یاساییان لەسەر تۆمار بكەن و ئەو بەڵگە و وێنە و گرتە ڤیدیۆییانەی كە تاوانەكە دەخاتە ڕوو، لەگەڵ خۆیان بیبەن.
عەمید (دلێر نجاڕ) ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو دوو تۆمەتبارە پەڕاویان بۆ ڕێكخراوە لەگەڵ هەموو ئەو بەڵگانەی كە دان بە تاوانەكانیاندا دەنێن، پێشكەشی بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە كران و بە پێی ماددە (٤٤٦) لە (ی.س.ع) بەند كراون.
ئومێد بابان
راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر