روونکردنەوەیەک لە نەخۆشخانەی پاڕەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
نەخۆشخانەی پاڕ ڕایگهیاند: ماوەی چەند ڕۆژێکە بابەتی نەخۆشێکی نەخۆشخانەکەمان بووەتە بابەتی میدیایی چەند کەناڵێکی ئاراستەکراو، ئەو کەناڵانەی تا ئێستاش داهاتەکانیان ڕوون نییەو نازانرێ لەکوێوە ئاراستە دەکرێن و بەشێک لە ئامانجەکانیان تێکدانی کۆمەڵگاو گۆڕینی ئاراستەی ڕووداوەکانە.
ئاماژهی بهوهشكرد: ئێمە لەنەخۆشخانەی پاڕ لە ڕوونکردنەوەی پێشووشمان راستی ئەم بابەتەمان خستەڕوو، بەشێکیش لە کەناڵە میدیاییەکان پیشەییانە مامەڵەیان لەگەڵ بابەتەکە کرد، بەڵام بەداخەوە ئەم بابەتە ئینسانیە کراوەتە بابەتێکی سیاسی و دەیانەوێ لە پەنای ئەم بابەتەوە ئەسڵی بابەتەکە بشێوێنن و شکست و ئابڕووچوونە سیاسییەکانی خۆیانی پێ داپۆشن، لێرەوە بەم چەند خاڵە رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە، کە:
یەکەم: هیچ کەس و لایەنێکی سیاسی تێچووی چارەسەرکردنی ئەم نەخۆشە بەرەگەز عەرەبەی نەگرتۆتە ئەستۆ، خۆ ئەگەر هەر کەس و لایەنێکی سیاسی نیازی خزمەتکردن و چارەسەرکردنی خەڵکی هەیە، ئەگەرچی ئێمە لە نەخۆشخانەی پاڕ پێویستمان بەوە نییە و بەگوێرەی توانا لەخزمەتی کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و تێکۆشەران بووینە، بەڵام دەکرێ ئەو لایەنانە پارەکانیان لەخزمەتی ئەوانە سەرف بکەن، نەک هەوڵدان بۆ لێدان لە کەس و بە سیاسی کردنی بابەتەکە.
دووەم: تیمی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان لە سەرەتاوە هاوەڵی ئەم نەخۆشەیان ئاگادار کردەوە کە ئەگەر ئەم نەخۆشە لە نەخۆشخانەکەمان بمێنێتەوە تێچووی هەیە، بەڵام هاوەڵی نەخۆشەکە رایگەیاند کە ئامادەیە هەموو تێچووی چارەسەرەکە بگرێتە ئەستۆو ئێمە وەک
نەخۆشخانە هاوکاری بووین و ئەو بڕەی کەوتۆتە سەر نەخۆشەکە تەنها هەقی پزیشک و مەساریفەکانی چارەسەرە.
سێیەم: لەڕۆژی چوارشەممە ١٩/٥/٢٠٢١ بە ئەمبوڵانسی تایبەتی نەخۆشخانەکەمان و تیمی پزیشکیەوە ئەم نەخۆشە براوەتە نەخۆشخانەی حکومی و لەدوای ماوەیەکی کەم خۆی گەڕاوەتەوە نەخۆشخانەکەمان و ئامادە نەبووە لەوێ چارەسەر وەرگرێت.
چوارەم: هاووڵاتیانی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە لە سەرەتای دروستبوونییەوە نەخۆشخانەی پاڕ بەوپەڕی بەرپرسیارێتیەوە مامەڵەی لەگەڵ نەخۆشەکانی کردووەو باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی پێشکەش کردوون، ماوە ماوەش بۆ مەرامی سیاسی دەیانەوێ هێرش بکەنە سەرمان، بەڵام موزایەدەکانیان تەمەنی کورتەو لەکۆتاییدا راستی و راستگۆیی سەردەکەوێت و موزایەدەچییەکان ووک بڵقی سەر ئاو کۆتاییان دێت.