بۆچی ژمارەی کاندید و حزبەکان لە هەڵبژاردنەکاندا کەمدەبنەوە..؟
ئارام جەمال
ئەگەر سەیری جوگرافیای دابەشبوونی کاندیدەکان بکەین لەسەر ئاستی هەژدە پارێزگاکەی عیراق، دەبینین کەمترین ژمارەی کاندید لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (هەولێرو سلێمانی و دهۆک)دایە، بەم شێوەیەی خوارەوە:
* پارێزگای هەولێر
• بە (٣ بۆ ٤) کاندید یەک کورسییان بەردەکەوێت.
• لە کۆی (٥٣) کاندیدی (٤) بازنەکەی هەڵبژاردنی پارێزگای هەولێر :
- (٨) کاندیدیان تاکەکەسییەو رێژەکەی دەکاتە (١٥٪)ی کۆی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکە..
- (٤٥) کاندیدیان سەر بە حزب و هاوپەیمانێتییەکانن، کە رێژەکەی دەکاتە (٨٥٪)ی کۆی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکە.
- (١٨) کاندیدی ئافرەتەو هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن (٤ بۆ ٥) کاندیدی ژنی بەردەکەوێت..
* پارێزگای سلێمانی
- بە (٣ بۆ ٤) کاندید یەک کورسییان بەردەکەوێت.
- لە کۆی (65) کاندیدی (٥) بازنەکەی هەڵبژاردنی پارێزگاکە :
(17) کاندیدیان تاکەکەسییەو رێژەکەی دەکاتە (٢٦٪)ی کۆی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکە.
(٤٨) کاندیدیان سەر بە حزب و هاوپەیمانێتییەکانن، کە رێژەکەی دەکاتە (٧٤٪)ی کۆی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکە.
- (٢٤) کاندیدی ئافرەتەو هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن (٤ بۆ ٥) کاندیدی ژنی بەردەکەوێت..
* پارێزگای دهۆک
- بە (٢ بۆ ٣) کاندیدو نیوێک یەک کورسییان بەردەکەوێت.
- لە کۆی (٢٨) کاندیدی (٣) بازنەکەی هەڵبژاردنی پارێزگاکە :
(٨) کاندیدیان تاکەکەسییەو رێژەکەی دەکاتە (٢٩٪)ی کۆی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکە.
(٢٠) کاندیدیان سەر بە حزب و هاوپەیمانێتییەکانن و رێژەکەی دەکاتە (٧١٪)ی کۆی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکە.
(٧) کاندیدی ئافرەتەو هەر بازنەیەکی هەڵبژاردن (٢بۆ ٣) کاندیدی ژنی بەردەکەوێت..
کەمی ژمارەی کاندیدانی پارێزگاکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک چەند ئاماژەیەکی لێدەخوێندرێتەوە:
١) نیشانەی تێگەیشتنی حزب و هاوپەیمانێتییەکانی هەرێمی کوردستانە لە سیستمی هەڵبژاردنە تازەکە،
٢) حزب و هاوپەیمانێتییەکانی هەرێم نایانەوێت دەنگەکانیان بەسەر ژمارەیەک کاندیدی زۆردا بڵاوببێتەوە.
٣) ژمارەی کاندیدی تاکەکەسی کەمەو بەمەش دەنگەکانیان بڵاونابێتەوەو دەرفەتی دەرچونیان زۆرتر دەکات ئەگەر هەماهەنگی لە نێوانیاندا هەبێت.
ماوەتەوە بڵێم ئەگەر لەماوەی کورتخایەندا یەکێک لە دەرهاویشتەکانی سیستمی هەڵبژاردنی تازە (یەکدەنگی نەگوێزراوە SNTV) ئەوە بێت کە ژمارەی کاندیدەکان لە هەڵبژاردندا کەمبکاتەوە (سەیری گرافیکی خولەکانی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکە)، ئەوا لەمەودای دووردا ئەم سیستمە تازەیە بەوەشەوە ناوەستێت و لە چەند خولێکی دیکەدا، ژمارەی حزبەکانیش کەمدەکاتەوەو لە کۆتاییدا سیستمێکی دوو یان سێ حزبی دەهێنێتە ئاراوە، دیارە ئەمەش پەیوەندی بە سروشتی خێزانی سیستمی هەڵبژاردنی زۆرینە/فرەییەوە هەیە، کە سیستمی هەڵبژاردنی "یەکدەنگی نەگوێزراوە"یەکێکە لە ئەندامانی ئەو خیزانە..