ئەمریكا پێشوازی لە ئاگر بەستی نێوان ئیسرائیل و كەرتی غەززە كرد
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆكی ئەمریكا پێشوازی لە ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و بزوتنەوەی حەماسی فەڵەستینی كردو وتی، یارمەتی مرۆیی دەگەیەنێتە كەرتی غەززە.
(جۆو بایدن) سەرۆكی ئەمریكا وتی، وڵاتەكەی سیستەمی بەرگری موشەكی ئاسمانی ئیسرائیل بەهێزتر دەكات كە یارمەتیدەر بوو لە بەرپەرچدانەوەی موشەكەكانی حەماس.
لە ماوەی ڕابردوودا كەناڵی تەلەفزیۆنی میسر ئاماژەی بەوەدا هەوڵەكانی میسر بوونە هۆی وەستاندنی شەڕ لەنێوان ئیسرائیلیەكان و فەڵەستینیەكاندا لە كەرتی غەززە.
وتیشی، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینیەكان لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە دەستپێدەكات و سەرۆكی میسر (عەبدولفەتاح سیسی) فەرمانی كردووە بە ڕەوانەكردنی دوو شاندی ئاسایش بۆ ئیسڕائیل و خاكەكانی فەڵەستین تاوەكو كار لەسەر جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە بكەن.
ئەم ئاگربەستەش دوای ئەوە هات هەوڵێكی چڕی نێوەندگیری درا بۆ هێوركردنەوەی گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و حەماس.
سەرچاوەیەكی ئاسایشی میسری رایگەیاندووە، حەماس بەڵێنیداوە پابەندی ئاگربەست ببێت ئەگەر هاتوو ئیسرائیل بۆردومانەكانی ڕابگرێت و وتی، گفتوگۆكان دوای جێبەجێكردنی ئاگربەستەكە دەست پێدەكەن.