لە هەولێر دەست بەسەر 92 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیرا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش/هەولێر، دەست بەسەرداگرتنی ٩٢ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەری لە جۆری هیرۆین راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان، دوای بەداواداچوون و بوونی زانیاریی ورد لەلایەن ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە چالاکییەکی گەورەدا شاری هەولێر بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر دەستگیربکرێت.
لە راگەیەندراوکەدا ئەوە ئاشکرا کراوە کە بازرگانەکە ناوی (ع. ج. ع) و خەڵکی وڵاتی تورکیایە و دانیشتووی شاری هەولێرە.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان راشیگەیاندووە، کە لەگەڵ دەستگیرکردنی بازرگانە، دەستگیراوە بەسەر ١٨٤ قاڵبی ماددەی هۆشبەر لە جۆری هیرۆین کە بڕەکەی دەکاتە ٩٢ کیلۆ.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی ۲٥ لە یاسای ژمارەی (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە ھۆشبەر و کارتێکارە عەقڵییەکان لە ھەرێمی کوردستان پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە و و رەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە.