بەوێنە.. لە گەرمیان ژمارەیەكی زۆر تەقەمەنی لەناو بران
بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین لە گەرمیان، تەقاندنەوەی ژمارەیەكی زۆر تەقەمەنیی لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەوە ڕاگەیاند.
ئاكۆ محەمەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین لە گەرمیان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوێنێ پێنجشەممە 12/12/2019 تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مین لە گەرمیان، ژمارەیەكی زۆر پارچە تەقمەنیی جۆراوجۆریان لەناو بردووە".
گوتیشی: "تەقەمەنییەكان بریتی بوون لە 108 پارچە تەقەمەنی و لە ناوچە جیاوازەكانی سنووری ئیدارەی گەرمیان لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیمانەوە دۆزراونەتەوە".
ئاماژەی بەوەش دا: "مێژووی تەقەمەنییەكان بۆ سەردەمی حكوومەتی بەعس دەگەڕنەوە و لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردووشدا ئەمە سێیەمین كاری تەقاندنەوەی تەقەمەنییە لەلایەن تیمەكانمانەوە لە سنووری گەرمیان ئەنجام دەدرێت".