سەرۆک بارزانی: کەرکووک لەژێر داگیرکاریدایە
هەولێر-KDP.info-سەرۆک مەسعود بارزانی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئیندیپێندینتی عەرەبی باس لە هۆکاری هێرشکردنی حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچە کوردستانییەکان لەدوای گشتپرسییەکە و وردەکاری شەڕی دژ بە داعش دەکات و پێداگریی لە سەربەخۆیی کوردستان وەک مافێکی سرووشتی دەکات.
دەقی هەڤپەیڤینەکە
کورد لەسەر هیوا و خۆشەویستی بۆ ژیان دەژی و بێهیوایی لای ئەوان کەموکورتییە، وێنەی ئەو ژنەی کە چەکی هەڵگرتووە بۆ بەرگریکردن لە سنووری هەرێمی کوردستان دژ بە هێرشی داعش و گرووپەکانی حەشدی شەعبی، ئەو وێنەیە ئەوە ناگەیەنێت کە چەکەکان تاکە زمانی لەیەک تێگەیشتنن، بەڵکو چاندنی گوڵەکانیش.
لەنێو باخچەی سامی عەبدولڕەحمان لەنێوەڕاستی هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەربازێک بە جلوبەرگی سوپاوە پێشوازیت لێدەکات، ئەرکەکەی ئەو دروست لەسەر دوایین سنووری باخچەکە کۆتایی دێت، ئەرکی ئەو پاراستنی ئاسایش و رێگریکردنە لە هەر شتێكی گوماناوی.
بەڵام بەر لەساڵی 1991 ئەم باخچەیە سەربازگەیەکی فراوانی سەردەمی سەدام حوسێن بوو، کە تێیدا کوردی دەستگیر دەکرد و ئەشکەنجەی دەدان، ئەوەی کە دەیویست دەیکوشت و لەوێش ژێر خاکی دەکرد.
بە باخچەکەدا گەڕام کە باوەشی بۆ چەندین پەیکەر کردبووەوە، یەکێکیان محەممەد مەهدی جەواهیری، گەورە شاعیری گەورەی عێراقە، هەولێر بە پەیکەرێكی شیاوی خۆی و ناوەکەی یادی دەکاتەوە، لەبەردەم پەیکەرەکەیدا چەند دێڕێک لەو شیعرەی ساڵی 1962ی کە لەسەر کورد نووسیویەتی، نووسراوەتەوە و تێیدا دەڵێت: دڵ و دەمم بۆ کوردستان خەڵات دەکەم، گەرچی هەژارم و تەنیا ئەو دوانەم هەیە". شاعیری عێراق ستایشی بارزانییەکان دەکات و کورد بە کوڕی باکوور ناو دەبات، لەسەر بنەمای پێگە جوگرافییەکەی لەسەر نەخشەی وڵاتەکەی عێراق.
یەکێک لە رۆژنامەڤانە کوردەکان سەبارەت بە باخچەکە، کە بووەتە نەمامگەی گوڵان لەدوای ئەوەی گۆڕستان و زیندانی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدانی خەڵک لەسەر دەستی سەربازانی سەدام حسێن بوو گوتی" زیادەڕۆیی ناکەم گەر هات و پێم گوتی لەوانەیە تەرمەکان لەهەموو شوێنێكی باخچەکەدابن، بەڵام ئێمە بڕیارماندا سەربازگەی دەستگیرکردنی پڕ لە خەمۆکی، بۆ باخچەیەک بۆ ژیان بگۆڕین".
ئاسایش و بێدەنگی ئێرە، هانتدەدەن بەو باوەڕە بگەیت کە وێڕای ئەوەی هەولێر تەنیا چەند سەت کیلۆمەترێک لە پشێوییەکانی بەغداوە دوورە، بەڵام تۆ هەست بکەیت هەزاران میل لێوەی دوور بیت، ئەوە وێڕای رووداوی تیرۆرکردنی جێگری کۆنسوڵی تورکیا لە یەکێک لە رێستۆرانتەکانی هەولێر لە تەممووزی 2019دا، هەروەها بەربەستە کۆنکرێتییە بەرزەکان لە دەورووبەری هۆتێلەکانی شارەکە و وێڕای ئەو گوللە مووشەکانەی کە کەوتنەخوارەوە و ئێرانییەکان رەوانەی بنکە سەربازییەکەیان کرد بۆ هەراسانکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
رێگەی سەری بڵند
لەرێگەدا بۆ هاوینەهەواری سەلاحەددین، ئەو شوێنەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی مەسعود بارزانی، رابەری کورد و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستانە، چیا لەدوای چیا دەبڕیت تاوەکو دەگەیتە سەری بڵند، سەری بڵندیش وشەیەکی کوردییە بەواتای سەری بەرز دێت، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو شوێنە بەرزەی کە شوێنی نیشتەجێبوونی رابەری کوردانی تێدایە.
بەر لە گەیشتن، رۆژنامەڤانان باسیان لە دروستی و لەوادەی خۆی گەیشتنی ئەویان دەکرد، هەر رێک بەو جۆرەش بوو. لە کاژێر 10ی بەیانی بەبێ دواکەوتن تەنانەت بۆ چەند چرکەیەکیش، چاوم بە پێشمەرگەی جەنگاوەر کەوت، ئەو جەنگاوەرەی کە لە بەردەم دەرگای نووسینگەکەی پێشوازی لێکردین، بەمەبەستی ئەنجامدانی یەکەمین گفتوگۆی لەقۆناخی دوای وازهێنانی لە دەسەڵات لە کوردستان.
دەستبەجێ پرسیارم لێکرد، ئێستا چی دەکەیت لەدوای کۆتاییهاتنی وادەی سەرۆکایەتی و رەتکردنەوەی درێژکردنەوەی؟ خشتەی کاری رۆژانەتان چییە ؟ مەسعود بارزانی چی دەکات؟ زەردەخەنەی کرد و وەڵامیدایەوە: پێشمەرگە بووم و هەم و هەر پێشمەرگەش دەمێنمەوە.
خەونی سەربەخۆبوون بۆ سەرۆک مەسعود لەو کاتەوە سەریهەڵداوە کە ئەو لە ناوەڕاستی دەوڵەتێكدا گەورە بوو، کە لەسەر خاکی ئێران زیاتر لە 11 مانگی نەخایاند، ئەویش کۆماری مهابادە، ئەو دەڵێت: "بەڵێ ئەوە راستە، کتێبێک هەیە، وڵیەم ئیگڵتن، دیپلۆماتکاری ئەمریکی بەناونیشانی کۆماری مهاباد نووسیویەتی کە لە راستیدا وا نەبوو، بەڵکو کۆماری کوردستان بوو، بەڵام وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی سەپاندی بەسەریدا کە ناوەکەی بۆ کۆماری مهاباد بگۆڕێت. سەربەخۆیی هاوشێوەی هەر دەوڵەتێكی دیکە، مافێكی سرووشتییە بۆ نەتەوەی کورد، من هەندێجار بەلامەوە سەیرە کە ئەو مافە بۆ کورد نکۆڵی لێدەکرێت، لەکاتێکدا ئەوە مافێكی سرووشتییە و هەموو کوردێك ئومێدوارە ئەو رۆژە ببینێت".
گشتپرسی و سەربەخۆیی و بێهیوایی لە واشنتن
دەنگدان لەسەر گشتپرسی کۆتاییهات و زۆرینەی رەهای کورد پشتگیرییان کرد. بارزانی ئەوە بە سەرکەوتنێكی زۆر گەورە دادەنێت و دەڵێت" گشتپرسی روویدا و 93%ی گەلی کورد دەنگیان بە بەڵێ دا، ئەوەش سەرکەوتنە گەورەکە بوو. ئەوە راستییە و بۆ من جێی سەرسووڕمانبوو. من چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد لەسەر گشتپرسییەکە رێژەیەکی هێندە گەورەی کورد دەنگ بە بەڵێ بدات. بەردی بناخەی دانرا و هەلومەرج قۆناخی داهاتوو دیاری دەکەن، یان ئەم نەوەیە یان نەوەکانی داهاتوو، بەڵام گشتپرسی دووبارە ناکەینەوە".
پرسیارم لێکرد، ئەی سەبارەت بە سەربەخۆیی چی ؟ گوتی: "ئامانج لە گشتپرسییەکە راستەوخۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی نەبوو، بەڵکو ئامانج ئەوە بوو دەرفەتێك بدرێتە گەلی کوردستان تەنانەت بۆ یەکجاریش بێت لە مێژوودا، گوزارشت لە بیروبۆچوونی خۆی بکات، چونکە نییەتی ژمارەیەکی زۆری گەلی کورد و هەڵوێستی زۆرینەی زۆری دەخستەژێر پرسیارەوە. بێگومان گشتپرسی هەنگاوی بنچینەیی و بەردی بناغەیە بۆ سەربەخۆیی".
لە گفتوگۆکەیدا، بارزانی بەشێوەیەکی روون ئەوەشی خستەڕوو، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەتەوەی کوردی بەشێوەیەکی باوەڕپێنەکراو بێهیوا کرد، ئەو کاتەی کە پێش گشتپرسییەکە گوتی هەڵوێستی بێلایەن هەڵدەبژێرم، بەڵام دواتر کاتێك کە گشتپرسی نزیک کەوتەوە و بووە راستی، بەئاشکرایی لایەنگری دەسەڵاتی فیدراڵی لە بەغدا کرد.
بارزانی وردتر لەسەر ئەو پرسە قسەیکرد و گوتی: "بەو پەڕی ئەمانەت و راستگۆییەوە وەڵام دەدەمەوە، ئەمریکییەکان هەرگیز بەڵێنیان پێنەداوین پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان بکەن، سەرەتاش کە بابەتی گشتپرسییەکەمان خستەڕوو لە دژی نەوەستان و گوتیان ئێمە هەڵوێستی بێلایەن دەگرینەبەر. بەڵام کاتێك کە گشتپرسییەکە روویدا و ئەوان بە کردار لایەنگری دەوڵەتیان کرد لە بەغدا و بە پێچەوانەی پێشبینییەکانمان، هەڵوێستی ئەوان بێلایەن نەبوو. هەرگیز چاوەڕێی ئەو هەڵوێستەمان لە ئەمریکا نەدەکرد. بەڵێنەکەیان نەبردەسەر لەوەی کە بێلایەن بن، ئەوە سەرباری ئەوەی کە ئێمە گشتپرسییەکەمان بۆیان شرۆڤەکرد و پێمان گوتن، گشتپرسی بریتی نییە لە دەستبەجێ راگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵکو ئێمە لەڕێگەیەوە دەچینە نێو دانوستاندنەکان لەگەڵ بەغدا بە چاودێری ئێوە و نەتەوەیەکگرتووەکانیش، کاتی پێویستی پێدەدەین، بەڵام لەڕاستیدا بەغدا و ئەوانی دیکە دەرفەتەکەیان قۆستەوە و ویستیان بانگەوازی هەڵسانەوەی گشتی رابگەیەنن، بەڵام سوپاس بۆ خودا شکستیان هێنا".
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو لە ئاست گشتپرسییەکە بارزانی دەڵێت: "من لە هەڵوێستی وڵاتانی عەرەب بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سوپاسگوزارم، هەڵوێستی ئەوان زۆر لە هەڵوێستی ئەو وڵاتانەی کە پیشبینیمان دەکرد ئەرێنی و بێلایەن بن، شەریفانەتربوو. هەڵوێستی وڵاتانی کەنداو، مرۆیی، لۆژیک و باڵانس بوو".
پێشنیازمان بۆ بەغدا
لەنێو پشێویی شارە عێراقییەکاندا ئارامی لەنێو شاری هەولێر چەسپاوە. کورد بە پرۆژە نەوەستاوە بەردەوامەکانیان شانازی دەکەن و بە ئازارەوە باس لە هەردوو هێرشی داعش و حەشدی شەعبی دەکەن، یەکەمیان لە 2014دا بوو و دووەمیشیان لە 2017 دا بوو، کاتێک کە گرووپەکانی حەشدی شەعبی بە رابەرایەتیی ئێران لەشکرکێشییان بۆ سەر کەرکووک کرد.
پرسیاری هۆکاری بوونی تەناهی و ئاسایش لە هەرێمەکەیم لە بارزانی کرد و گوتی، "ئێمە پێشنیازمان بۆ بەغدا کرد نموونەی هەرێم لە بەردەستیدا دابنێین تاوەکو لە شوێنەکانی دیکەی عێراق سوودی لێببینێت. گرنگترین بابەت کە لەو بارەیەوە کردمان و هۆکاری یاریدەدەری دەستەبەرکردنی ئەو هەموو دەستکەوتانە بوو، ئاشتبوونەوەی نێوخۆیی لەنێو کوردستان بوو. ئەگەر ئەوە لە ناوچەکانی دیکەی عێراق جێبەجێ بکرابایە، هەموو عێراق وەک کوردستانی لێدەهات، بەڵام بەغدا رەتی کردەوە گوێمان بۆ بگرێت. تەحەدای گەورە کە رووبەڕووی هەرێم بووەتەوە، پێش گشتپرسی و دوای گشتپرسی و تاوەکو ئەمڕۆش، تیرۆرە. تەحەدای دیکەش هەن وەک پشێویی ناوچەی عەرەب و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناهاوسەنگیی هێزەکان و دەستتێوەردانە بەردەوامەکان و رەوشی ئابووری. هەموو ئەوانە تەحەدای گەورەن، بەڵام رێگەمان لێناگرن".
لە ئەزموونی هەرێمەکەیەوە کە دەیەوێت بەغدا سوودی لێوەربگرێت، لەبارەی تیرۆرەوە پرسیارم لێکرد، بەڵام بارزانی بە متمانە و هێورییەوە قسەی دەکرد و گوتی، "سوپاس بۆ خودا گەلی کوردستان بەشێوەکی فراوان لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هاریکاریی کردووە و تیرۆر تەنانەت لە دامەزراندنی یەک بنکە یان شانەیەکی تیرۆریستی لە هەرێمی کوردستاندا شکستی هێنا. هەموو هەوڵەکان لەو بارەیەوە بریتی بوون لە دزەکردن و لە ساڵی 2014ەوە و لەدوای هاتنەناوەوەی داعش بۆ نێو عێراق، شەڕێكی ئاشکرا و راگەیێنراو بوو لە بەرەیەکی شەڕدا کە درێژییەکەی هەزار و 50 کیلۆمەتر بوو".
جارێكی دیکە پرسیارم لێ کرد، بۆچی داعش و حەشدی شەعبی لە دزەکردن بۆ نێو پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی کورد شکستیان هێنا؟ بارزانی گوتی، "بەرخۆدانی قارەمانانە کە هێزەکانی پێشمەرگە پیشانیاندا، رێگرییان لە داعش و حەشد کرد لە روودانی ئەو بابەتە. ئێمە بۆشمان سەلمێنرا کە ئەگەر تۆ خاوەن هێز نەبیت، هیچ کەس بەرگریت لێناکات، بەڵکو دەبێت خۆت بەرگری لە خۆت بکەیت. ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ئێستا رەوشەکە جۆرێکی دیکە بوو".
هەرێم و شەڕی دژ بە داعش و مەتەڵی هێرشەکە
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بە یەکێک لە مەتەڵەکان دەمێنێتەوە کە لێتێگەیشتنیان ئەستەمە. هێرشکردنی بۆ سەر هەندێک ناوچە و نەکردنی بۆ سەر هەندێک ناوچەی دیکە هەستێكی گشتی و خێرات پێدەبەخشێت کە وڵاتانێک هەن دەیجووڵێننەوە و سوودی لێدەبینن.
لەبەر ئەوەی هێزەکانی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان سەدان کەس لە ئەندامانی ئەو رێکخراوەیان بە دیل گرت و کوشت. لەسەر ئەو بنەمایە من پرسیارم لە بارزانی کرد، ئایا ئەوان لەو مەتەڵەی داعش تێگەیشتوون؟ ئەو گوتی، "لە هەندێک ناوچە تەرمەکان بەجێدەهێڵران و بە رووخساری ئەو مردووانەدا دیار بوو کە ئەوان لە چەند شوێنێکی جیاوازی جیهاندا هاتبن، لەوپەڕی رۆژهەڵاتەوە تاوەکو ئەوپەڕی رۆژئاوا و لەوپەڕی باکوورەوە تاوەکو ئەوپەڕی باشوور. ئەوە نهێنییەکە کە ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین، بێگومان وڵاتانێک هەن هاوکاریی داعشیان کردووە، بەڵام بەڵگەی پشتڕاستکراومان لەسەر ناسنامەی ئەو وڵاتانە نییە، بەڵام زیاتر لە وڵاتێک ئاسانکاری و هاوکاریی داعش دەکات و کۆنترۆڵیشی دەکات و ئاراستەکردنی بە ئاراستەی هەرێمی کوردستان بە هەڕەمەکی نەبوو، بەڵکو بەرنامە بۆداڕێژراو بوو، بە فەرمان و ئاراستەکردنیش بوو".
بەر لەوەی گفتوگۆکەی لەبارەی شەڕی دژ بە داعشەوە تەواو بکات، کەمێک قسەکانمان بۆ جیاوازیی نێوان هەولێر و سلێمانی گواستەوە. بارزانی ئەو جیاوازییە بە رەوشێكی تەندروست و حاڵەتێكی دیموکراسی دەبینێت و دانیش بەوەدا دەنێت کە جیاوازی هەیە، بەڵام یەک روانین لەبارەی بابەتە ستراتیجییەکانەوە هەیە، یەک پەرلەمان و یەک حکومەتیش هەیە. بارزانی درێژەی بە قسەکانی دەدات، " دابەشبوون هەیە، بەڵام نەک لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان. لەوانەیە لەسەر هەژموون و رکابەریی حیزبی و هەندێک بابەتی دیکەی سرووشتی بێت".
من پرسیارم لێکرد، ئایا ئەوە کاریگەریی لەسەر قەڵاچۆکردنی گەندەڵی دەبێت؟ مەسعوود بارزانی، رابەری کورد دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە گەندەڵی لە هەرێمدا هاوشێوەی وڵاتانی دیکە بڵاوبووەتەوە، بەڵام بەم دواییانە یاسای چاکسازیی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا دەرکرا، ئەوەش نەخشەرێگەیەکە بۆ بنەبڕکردنی گەندەڵی لە کوردستان. حکومەت دەستی بە جێبەجێکردن کردووە و تەنانەت بەر لە دەرکردنی یاساکەش هەنگاوی جیددی لەو بوارەدا نابوو. ئێمە لەبارەی ئەو بابەتەوە زۆر گەشبینین".
ئافرەتی کورد لە بەرەکانی جەنگدا
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە 2014ەوە تاوەکو ئێستا بە دیاریکراویش لە ساڵی 2017دا، کاتێک شەڕی دژ بە داعش و حەشدی شەعبی تووندبوو لەو کاتەی هەوڵی ئەوەیاندا بچنە نێو هەرێم، پرسێکی نوێ لەبارەی جیهانی عەرەبییەوە سەری هەڵدا، ئەویش بەدەرکەوتنی هێزی ئافرەت بوو بە هەڵگرتنی چەک لە جەنگدا بۆ پارێزگاریکردن لە خاک. لەبارەی رۆڵی ئافرەت و هێزەکەیەوە سەرۆک مەسعوود بارزانی بەو شێوەیە وەسفی ئافرەت دەکات و دەڵێت، "رۆڵی راستەقینەی ئافرەت لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورددا رۆڵێکی شەرەفمەندانە بووە، نەک تەنیا ئێستا، بەڵکو بە درێژایی مێژوو و بە دیاریکراویش لە شۆڕشی ئەیلوولدا کە گەورەترین و درێژترین شۆڕش بوو بە سەرۆکایەتیی مستەفا بارزانی کە چەخماخەی شۆڕشەکە لە 11ی ئەیلوولی 1961دا سەری هەڵدا و سەرتاسەری هەرێمی گرتەوە. لەو شۆڕشەدا سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بەشداربوون. ئافرەتی کوردیش لەو کاتەدا رۆڵی دایک و باوک و مامۆستای بۆ منداڵەکانی دەبینی. تەنانەت کاری جووتیارییشی دەکرد. منداڵەکانی پەروەردە دەکرد و فێری دەکردن و سەرپەرشتیشی دەکردن، هەم وەکو دایکێک و هەم وەکو باوکێک. لە هەمان کاتیشدا بەشێک لە پێداویستییە خۆراکییەکانی بۆ بەرەکانی شەڕ ئامادەدەکرد. ئەگەر رۆڵی ئافرەت نەبووایە، زۆرێک لە پیاوان نەیاندەتوانی بەردەوامی بە خەباتکاری و جەنگ بدەن. بۆیە ئافرەتی کورد رۆڵێکی شەرەفمەندانەی لە شەڕی دژ بە داعشدا بینی و سەرکەوتن".
کەمێک قسەکانیم پێ بڕی و گوتم، ئافرەت لە کوێ ئەو هێزەی وەرگرتووە؟ ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "ئافرەتی کورد هەستی بەوە کرد کە ئەو پرسە لەبارەی ئێمەوە شەڕی مان و نەمانە، ئەگەر هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەش بە تایبەتیش پێشمەرگە بەشداریی ئەو بەرگرییە قارەمانانەیان نەکردبووبایە و ئەگەر داعش بیتوانیبا کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات، ئەوا دەکەوتینە بەرامبەر مەترسییەکی جیددی و لەنێوبردنمان".
پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا لە ساڵی 2003ەوە
لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ غەسان شربل، سەرنووسەری رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی، بارزانی بە شێوەیەکی راشکاوانە دەڵێت، نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عێراق هاوشێوەی بگرە زیاتریش لە تاوانی ئەنفال کە لەلایەن سەدام حوسێنەوە کرا، بەرامبەر بە منداڵ و ژنانی کوردستان کردی، ئەوەش کاتێک کە بودجە و مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کورستانی بڕی. بەڵام ئەمجارە بارزانی بەبێ ئەوەی ناوی کەسێک بهێنێت، چەند جارێک سەرسووڕمانی خۆی لەو مامەڵەیەی حکومەتی بەغدا بەرامبەر بە هەرێم دەربڕی و گوتی، "ئێمە بە شێوەیەکی چالاک رۆڵمان بینی لە پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێنەوە دروست بووبوو. چووینە بەغدا و بەشداربووین لە نووسینەوەی دەستوور و دووبارە پێکهێنانەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، بەڵام بەداخەوە پابەندی دەستوور نەبوون و پەیوەندییەکانیش سستبوون. ئێستا دەتوانم بڵێم لە ماوەی رابردوو زۆر باشترە، بەڵام وەک ئەوە نییە کە ئێمە دەمانەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەمەش تێپەڕێنین".
جارێکی دیکە پرسیاری ئەوەم لێکردەوە کە کێ بەرپرسە لە لەنێوچوونی خەونی دەوڵەتی عێراقی نوێ لەدوای سەدام؟ گوتی، "سەختە کەسێک یان لایەنێکی دیارکراو دەستنیشان بکەیت. هەموو کەسێک بەپێی پێگە و بەرپرسیارێتییەکەی بەرگەی بەرپرسیارێتییەکە دەگرێت، بەڵام بەگشتی تێبینیی ئەوەمان کردووە کە ئاراستەیەک نییە بۆ بونیادنانی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی. بارودۆخەکە لەبەریەک هەڵوەشاوە و هەمووشیان لێی بەرپرسن".
چ لە بارەی کەرکووکەوە؟
لەبارەی کەرکووکەوە پرسیارم لە مەسعوود بارزانی کرد، ئەو شارەی لەلایەن سەدام حوسێنەوە خەڵکەکەی کۆچی پێکراو خەڵکی پارێزگاکانی دیکە و گوندەکان لە شوێنەکانیان نیشتەجێکران، بەوەش رێژەی دانیشتووانی کورد لەو پارێزگایە کە لە سەرووی 76% بوو، بۆ 40% دابەزی. پاشان هێزەکانی حەشدی شەعبی بە سەرکردایەتیی ئێران هێرشیان کردە سەر ئەو شارە و ئێستاش بەشێکی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە.
لەسەر ئەو شارە کە ساڵانێکی دوور و درێژە لەبەرامبەر هیچ هێرشێکی دڕندانەدا خۆی بەدەستەوە نەداوە، بارزانی گوتی، " هەمیشە پێمانوابووە کە کەرکووک پێویستە نموونەیەک بێت بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەیی و ئایینی و مەزهەبی. ئێستاش هەمان بۆچوونمان هەیە. بێگومان رێککەوتنێک هەیە لەسەر چارەسەرکردنی پرسی کەرکووک و تەواوی ناوچەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەوەی بە ناوچەی کێشەلەسەر ناودەبرێت. لە نێویاندا کەرکووک، خانەقین، شنگال و ناوچەکانی دیکە. ماددەی 140ـی دەستوور کە ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و راپرسی لەخۆی دەگرێت، دانیشتووانی ئەو ناوچانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن لەبارەی مانەوەیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی یان هەرێم. ئێمەش پابەندی رای دانیشتووانی ئەو ناوچانە دەبین. ئێستاش ئەمە بە چارەسەری نموونەیی دەبینین. لەبارەی کەرکووکەوە ئێستا شارەکە لەژێر داگیرکاریی سەربازیدایە و حەشدی شەعبی تێیدا حکوم دەکات. کورد لەو شارە سەرکوت دەکرێت. بێگومان ئەمەش ناکرێت بەردەوام بێت و جێگەی قبووڵکردن نییە و دەبێت کۆتایی پێبهێنرێت".
هاوکات بارزانی لایەنێکی نێوخۆیی لەنێو کورد بە خیانەتکردن لە رۆڵە و نەتەوەکەی تۆمەتبار دەکات و بە هۆکاریان دەزانێت بۆ هاتنی "حەشدی شەعبی" بۆ نێو کەرکووک و بە "زەلیلی حەشد" وەسفیان دەکات.
کێ فەرمانی بە "حەشدی شەعبی" کرد بۆ هێرشکردن و هەڵکوتانە سەر کەرکووک؟
لە قسەکانیدا بێزارییەکی زۆر بە رێبەر مەسعوود بارزانییەوە دیاربوو لەسەر هەڵوێستی ئەمریکا و سەرسووڕمانی خۆیشی لەبەرامبەر بێدەنگیی واشنتن پیشاندا کە ئەو چەک و تانکە ئەبرامزانەی بە سوپای عێراقیان داوە بۆ ئەوەی شەڕی داعشی پێبکەن، یەکێک بوون لەو ئامرازانەی کە هێرشیان پێکرایە سەر کورد لە کەرکووک و گوتی، "بە راشکاوانە، حەشد چەکی ئەمریکی و تانکی ئەبرامزی بەکارهێنا. ئێرانیش رۆڵی هەبوو لە سەرکردایەتیکردنی ئەو هێرشە بۆ سەر کەرکووک".
لە کەرکووکەوە بۆ یاسای نوێی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە رێگە بە خۆکاندیدکردنی کەسەکان دەدات لەسەر بنەمای بازنەی شارۆچکەکان، بارزانی وایدەبینێت کە یاسا کۆنەکە زۆر باشترە و بە دووریشی نازانێت بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بکەن و پێشیوایە ئەمە شتێکە رێی تێدەچێت.
دەچینەوە بەغداو پرسیار لەبارەی رووداوەکانی ئێستا لە رێبەری کورد دەکەم، چارەسەری ئەو دۆخەی ئێستا هەیە چۆن دەبینێت؟ لە وەڵامدا گوتی، "کاری هەرە ل پێشینەی هەر حکومەتێک ئەوەیە ئاسایش و خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییەکانی دەستەبەر بکات. ئەو ناوچانەی عێراق کە ئێستا خەڵکەکەی راپەڕیون، ماوەیەکی دوور و درێژە ئەو مەرجانەی بۆ دەستبەر نەکراوە. هەر هاووڵاتییەک لە ماڵەکەی دەربچێت، رەنگە نەگەڕێتەوە. دەڕفێنرێت و دەکوژرێت و کەسیش نازانێت تەرمەکەی لەکوێ فڕێدەدرێت. بێگومان ئەو حاڵەتەش نابێت بەردەوام بێت. خۆپێشاندان مافێکە بۆ داواکردنی مافەکانیان، بۆ نان و خزمەتگوزاری. ئێمە پشتیوانی لە داواکانیان دەکەین لەگەڵ ئەوەشدا تێبینییەکمان هەیە، ئەویش ناکرێت رێگە بدرێت کەسانی هەلپەرست و ئەوانەی بەرپرسن لە گەندەڵی سواری شەپۆڵەکە ببن".
بە رێزەوە قسەکانیم پێبڕی و پرسیارم لێکرد، پێتانوایە کەسانێک هەبن لە هەلپەرستەکان سواری شەپۆلەکە بووبن؟ لە وەڵامدا گوتی، "پێموایە خەڵکی راپەڕیو زۆر هۆشیارن و رێگە بەمە نادەن، بەڵام هەندێکیش هەن سواری شەپۆلەکە بوونە".
هەلی سەركەوتنی محەممەد تۆفیق عەلاوی
بارزانی بەتێبینیەوە دەڵێت، محەممەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق كەسێكی بەڕێزە و لە خانەوادەیەكی بەڕێز و ناسراوی بەغدان. بەڵام ئەركەكەی زۆر بەسەخت لەسەری ناو دەبات و دەڵێت، نە ئەو نە كەسێكی دیكە دەتوانێت لە ژێرباری بوونی گرووپە چەكدارەكان و دەرچوو لە یاسا و رێكنەخراو و ئەوانەی لەژێر فەرمانی دەوڵەتدا نین سەركەوتووبن. پاشان لێمپرسی، ئایا ئێوە لەگەڵیدان یان لە دژین؟ گوتی، "پرسەكە لەسەر رۆڵ و ئەدا و تێگەیشتنی ئەو لەبەرامبەر رەوشی هەرێم دەوەستێت. ناتوانین ئێستا ئەوە بزانین. ئێمە رێزی دەگرین، هەروەها شاندێكیشمان لە بەغدایە و لەسەر پرسی پێكهێنانی حكومەتی نوێ گفتوگۆی لەگەڵ دەكەن، ئەوە لەسەر هەڵوێستی ئەو دەوەستێت".
درۆکەی حەسەن نەسروڵڵا و بیروبۆچوونی بارزانی لە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان
لە گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا تایبەت بە حەسەن نەسروڵلا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان تێیدا گوتی، "بارزانی لەگەڵ قاسم سولەیمانی کۆبووەوە لە کاتێکدا دەلەرزی و شڵەژاو بوو و داوای هاوکاریکرد لە شەڕی دژ بە داعشدا". پرسیارمان لە بارزانی کرد و ئەویش وەڵامی داینەوە، "ئەوەی کە نەسروڵلا باسی کرد، چیرۆکێكی دروستکراوە و نەسروڵڵا لە گوتارەکەیدا نواندنێكی شکستخواردووی کرد".
لەدوای ئەو گوتەیە، لەبارەی دەنگدانی ئەم دواییەی تایبەت بە دەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق لەدوای کوژرانی قاسم سولەیمانی پرسیارم لێکرد، بارزانی گوتی، " ئەمریکا وڵاتێكی گەورە و مەزنە و بەبێ ئەو هەندێک بابەت هەن کە ناکرێن، چ هەندێک کەس رازی بێت یاخود نا. لە ساڵی 2011دا من دژ بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووم لە عێراق و پێشبینییەکانم بەوەی کە تیرۆر کۆنترۆڵی بەشێکی زۆری وڵات دەکات، بوونە راستی. ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بمانایە، داعش نەیدەتوانی ئەو هەموو سەرکەوتنانە بەسەر سوپای عێراقدا تۆماربکات و هەڕەشە لە ناوجەرگەی هەرێمی کوردستانیش بکات. ئێستاش لەدوای ئەو ململانێیەی نێوان ئەمریکا و ئێران کە داوای چوونە دەرەوەی هێزە ئەمریکییەکان دەکات، ئەو داواکارییانە لەسەر بنەمای سۆز و موزایەدە دەکرێن. بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان و بە فەرماندەیی ئەمریکا پێویستە بۆ ئاسایشی عێراق و ئایندەی. ئێستاش هەروەها ئەگەر هێزەکانی ئەمریکا بچنە دەرەوە، هەموو هێزەکانی هاوپەیمانان دەچنە دەرەوە و هیچ وڵاتێکیش نامێنێت و لەدوای شەش مانگ داعش بەشێوەیەکی بەهێزتر لە جاران دەگەڕێتەوە. بۆیە نابێت بەبێ بەرپرسیارانە بڕوانینە چارەنووسی گەل و وڵات بە مەبەستی موزایەدەکردن. بۆیە ئێمە دژ بە دەنگدانەکە وەستاین. دەنگمان نەدا. بوونی هێزە ئەمریکییەکان لەم کاتەدا پێویستە".
وێڕای باوەڕی بارزانی بە پێویستیی مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو بە راشکاوانە سەرسووڕمانی خۆی نەشاردەوە لە هەڵسوکەوتی دژبەیەکی واشنتن لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و گوتی، "هیوادارام لەوە تێبگەم ئەمریکا لە سووریا چی لە کورد دەوێت. ئەگەر پابەندبوونێک بە بەرگریکردن لێیان هەبێت، ئەوە باشە، بەڵام ئەوەی کە بینیمان شتێكی هەڵگەڕاوە بوو و گومانیش لەبارەیەوە هەبوو. تاڕادەیەکی زۆریش متمانەی کوردی سووریای بە ئەمریکای لەناو برد. ئێستا ئەوان سەرلەنوێ هەوڵی بنیاتنانەوەی متمانە دەدەن و ئەوەش کاتی دەوێت".
ئێران و دەستوەردان لە عێراق
بۆچی ئێران کۆنترۆڵی عێراق دەکات، رابەری کورد بە وردی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت، "لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە 2003، دەرفەتێكی زیڕین بۆ عێراق هەبوو کە تێیدا عێراقییەکان دەوڵەتی دامەزراوەیی بنیاتبنێن لەسەر بنەمای یەکگرتنی ئازادانە و فیدراڵییەت و هەموومان بۆ ئەو مەبەستە کارمان کرد. بەڵام هەڵە گەورەکە لەوەدا بوو ئەمریکییەکان رۆڵی خۆیان لە رزگارکەرەوە بۆ داگیرکار گۆڕی، ئەوەش پێچەوانەی ئەوە بوو کە لە کۆنگرەی لەندەن لە مانگی کانوونی یەکەمی 2002دا لەسەری رێککەوتبووین".
لەدوای چوونەدەرەوەی ئەمریکییەکان لە 2011، بۆشاییەکی گەورەیان جێهێشت کە ئێران پڕی کردەوە و بە حوکمی مەزهەب و پێکەوەگرێدانی مێژوویی، ئێران هەژموونێکی گەورەی لە عێراق دروستکرد. دەکرێت عێراق پەیوەندیی سرووشتیی لەگەڵ ئێران و دراوسێکانی دیکەشی هەبێت، بەڵام دەبێت عێراقییەکان باڵادەستیی هەر دەوڵەتێك رەتبکەنەوە".
هەروەها پرسیارم لێکرد، ئایا هۆکاری باڵادەستیی ئێران بوونی میلیشیا لایەنگرەکانیەتی، بارزانی گوتی، "لەدوای هاتنە ناوەوەی داعش بەو هێزە و هەڕەشەکردنی لە نزیکەی هەموو عێراق و لە ئەنجامی فەتوای مەرجەعییەتەوە، ژمارەیەک لە گەنجانی شیعە و ئەوانەی دیکە، ناوی خۆیان بە خۆبەخشانە لەنێو حەشدی شەعبی تۆمارکرد و بەشێکی زۆریان کوژران و بەرخۆدانیان کرد و قارەمانێتییان لە بەرخۆدان پیشاندا. لەدوای شکستی داعش و لاوازبوونی هێزێكی یەکگرتوو، رێکخراو و گرێدراو بە فەرماندارێتییەکی دیاریکراو نەبوو. هەندێک ئەو دەرفەتەیان قۆستەوە و کۆمەڵانی چەکداریان دروستکرد. هەندێک لە هێزەکان لەنێو حەشددا هەن کە رێزیان لێدەگرین ،چونکە لە شەڕیاندا دژ بە داعش قوربانییان داوە و شەهیدیان پێشکەش کردووە. بەڵام بەشێک لەوانەی لەژێر چەتری حەشد کار دەکەن، باندیان پێکهێناوە و کۆنترۆڵی سامانی وڵات دەکەن، هاووڵاتییان هەراسان دەکەن و رێگری لە هەر جۆرە بنیادنان و پەرەپێدانێك دەکەن، ئەوەش نەهامەتییە".
هەروەها لەبارەی ئەوەی "چ زمانێکی ئێران زیاتر بە جیددی وەردەگرێت، زمانی شاندەکان یان زمانی هەڕەشەکانی تاران لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنەکاندا؟" پرسیارم لە بارزانی کرد و من پێم گوت، لە چاوپێکەوتنێکی پێشوودا لەگەڵ شەرقولئەوسەتدا ئێوە گوتتان، "بەرپرسە ئێرانییەکان بەر لە گشتپرسییەکە لەگەڵتان کۆبوونەوە و زمانی ئەوان لەگەڵتاندا زۆر بەڕێزەوە بووە، لەهەمان کاتدا لێدوانەکانی ئەوان هۆشداری و هەڕەشەشیان لەخۆگرتبوو". کام لەو دوو زمانانەتان بە جیددی وەرگرت؟ رابەری کورد وەڵامی دایەوە، "گشتپرسی مافێكی سرووشتییە و کاتێك کە دەوڵەتی عێراق دامەزرا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەم، عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی لەنێوان عەرەب و کورد دامەزرا. کاتێک کە گشتپرسی لەسەر لەدایکبوونی موسڵ کرا، کورد دەنگی بۆ پێکەوەبوون لەگەڵ عێراقدا نەک تورکیا. ئەوەش لەسەر بنەمای پێکهێنانی حکومەتێكی عێراقی بە هاوبەشی لەنێوان کورد و عەرەب. بەڵام ئێمە تەنانەت هاووڵاتیبوونیشمان دەستنەکەوت چ جای هاوبەشی. لەدوای رووخانی رژێمی سەدام حسێن لە 2003 ئێمە چووینە بەغدا تاوەکو سوود لە دەرفەتە نوێیەکە وەربگرین و عێراقێکی نوێ بنیاتبنێین کە تێیدا هەموو هاووڵاتییان مافەکانیان وەربگرن و ئەرکەکانیان لەسەر بنەمای یەکگرتوویی ئازادانە جێبەجێ بکەن و پەرلەمانی کوردستانیش بڕیاری دا بەوەی کە دەبێت لەسەر ئەو بنەمایە عێراقی نوێ بنیاتبنێت. سەرجەم ئەو هەوڵانە شکستیان هێنا و بەو باوەڕە گەیشتین کە هاوبەشیمان لەگەڵ عێراق، رەتکراوەتەوە. بەدڵنیاییەوە پاشکۆبوونیش لای ئێمە رەتکراوەتەوە. بۆیە گوتمان گشتپرسییەک دەکەین تاوەکو هەمووان بزانن گەلی کورد چی دەوێت و پاشان دەچینە نێو دانووستانەکانەوە لەگەڵتان و کاتی پێویستی پێدەدەین و بابەتەکان بەجێدەهێڵین کاتی پێویستی خۆیان وەربگرن. بەڵام تاوەکو ئەو دەمەی ئێوە هاوبەشی رەتدەکەنەوە، هیچ چارەسەرێكی دیکەمان نییە. دەبێت برا یەکدی بین، بەڵام هەریەک لە ئێمە ماڵی تایبەت بە خۆیی هەبێت و بەغدا بە قووڵایی خۆی دەمێنێتەوە. بەڵام ئەوان دەرفەتەکەیان قۆستەوە، من پێشبینی ئەوەم دەکرد گوشار بکرێت، بەڵام ئەوەی کە چاوەڕێم نەدەکرد گرووپێکی کورد هەڵسێت بەو خیانەتە گەورەیە. بۆیە ئێمە هەموو هەڕەشەکانمان بە سرووشتی دەبینین و ئامادەی رووبەڕووبوونەوەیان بووین. ئێرانییەکان و کەسانی دیکە پەیوەندییان پێوەکردین، بەڵام لە کاتێكی زۆر درەنگدا بوو. هەمووان، تەنانەت ئەمریکییەکانیش سەرەتا ئەوەیان لەبەرچاوگرتبوو کە ئەم بابەتە کارتێكی گوشار بێت، بەڵام بابەتەکە لە گرنگ گرنگترە، بەڵکو بۆ ئێمە چارەنووسازە. ئەمە مافمانە و ئێمە پابەندین پێوەی و ناکرێت دەستبەرداری بین، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە هەر سبەینێ سەربەخۆیی خۆمان رابگەیێنین، لەوانەیە لەدوای دوو رۆژ بێت یان لەدوای مانگێک، بەڵام ئێمە دەستبەرداری ئەو مافە نابین".
کاڵبوونەوەی هێزە سووننەکان لەنێوان هێزە عێراقییەکاندا
دوای رووخانی حکومەتی سەدام، مەسعوود بارزانی رووی کردە سوننە مەزهەبەکان و سەرکردەکانیان و ئاموژگاریکردن بە پێکهێنانی حکومەتێکی فیدراڵی بۆ خۆیان، بەڵام ئەو شتە رووینەدا. سووننە مەزهەبەکان خۆیان لە پرۆسەی سیاسی دوور خستەوە و بەردەوام بوون لەسەر خەونەکانیان، بەڵام ئەم کارەیان ئەنجامێکی پێچەوانەی لە دژی ئەوان هەبوو. پرسیارم لە مەسعوود بارزانی کرد لەسەر دەنگۆی ئەوەی کە سووننەکان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ داواکردنی هەرێمێکی سەربەخۆ لەنێویشیاندا لە ئەنبار، وەڵامیدایەوە و گوتی، "سووننەکان هەڵەی گەورەیان کرد. خۆیان لە پرۆسەی سیاسیی دوای رژێم کشاندەوە و ئەمەش هەڵەیەکی گەورە بوو. سێ جار بانگهێشتمکردن بۆ هەولێر و هەوڵمدا بۆیان شیبکەمەوە کە بارودۆخەکە گۆڕاوە و جیهان و ناوچەکە و عێراقیش گۆڕاون و دەبێت دووبارە بیربکەنەوە، بەڵام هێشتا لەژێر کاریگەریی کلتوری کۆندا بوون. دوای دانانی دەستوور، هەموو لایەنێک بە فیدراڵیەت رازیبوون لەسەر بنەمای دابەشکردنی یەکسانیی داهات و دەسەڵات، تەنانەت شیعەکانیش لە سەرەتادا رازیبوون، بەڵام ئەوە سوننەکان بوون کە رەتیانکردەوە، لەدوای ئەوەش هاوکێشەکە گۆڕا. سوننەکان دوو هەڵەیان کرد، یەکەمیان دوورکەوتنەوە لە پرۆسەی سیاسیی دوای کەوتنی رژێمی سەدام و هەڵەی لەوەش گەورەتر، رەتکردنەوەی فیدراڵی بوو لە دوای نووسینی دەستور".
لێم پرسی، پێتوایە ئێستا کات درەنگ بووە بۆ داواکردنی هەرێمی سەربەخۆ لەلایەن ئەوانەوە؟ لە وەڵامدا گوتی، "بێگومان ئەم بابەتە ئاستەنگی هەیە".
داعش و توركیا
زانیاریی دزهپێكراو ههیه لەبارەی پهیوهندیی راستهوخۆ لهنێوان توركیا و داعش و ئاسانكاریكردن بههاتووچۆی شهڕكهرانیان بۆ ناوچه كوردییهكان بۆ چۆڵكردن یان بۆ شهڕكردن له بری توركیا، بهشێك له رۆژنامهكانی وڵاتانی رۆژئاوا لهنێویاندا "فاینانشاڵ تایمز" ههواڵی بازرگانیكردنی نهوت له ناوچهكانی ژێردهستی داعش و بردنی بۆ توركیایان بڵاوكردهوه. پرسیارم کرد، ئایا مهسعوود بارزانی ئهم پهیوهندییهی بینیووه، له كاتێكدا ئێوه سهركردایهتیی شهڕی دژ بهرێكخراوی تیرۆریستیان دهكرد؟ ئهو گوتی، "له چهند مانگی یهكهمی شهڕكردن له دژی داعش، تێبینیی ئهوهمان دهكرد كه كوژراوهكانیان خاوهن رهگهزنامهی جیاوازن. بێگومان زۆربهیان لهڕێگهی سنووری توركیاوە بهرهو سووریا و دواتر عێراق دههاتن، یاخود لهڕێگهی دهریاوه له وڵاتانی دیكهوه دزهیان دهكرده سووریا. له راستیدا نازانم تا چ رادهیهك توركیا توانیوویهتی سنوورهكانی خۆی بهشێوهیهكی تهواو تۆكمه بكات و رێگری له دزهكردنی ئهمانه بكات، یان دهكرێ گرووپێك ههبووبن بهبێ ئاگاداریی حكومهت ئاسانكاریی پهڕینهوهیان كردبێت، بهڵام ئهوان لهڕێگهی توركیاوه دههاتن".
بارزانی له درێژهی وهڵامهكهیدا گوتی، "ئهمڕۆ له باكووری سووریا چهكداری حیسابكراو لهسهر توركیا ههن. سوێند دهخۆم زۆربهیان سوورین، ئهوان به پشتیوانیی سوپای توركیا كۆمهڵكوژی دژ به كوردهكان دهکهن، ئهمهش روونه، بهتایبهتیش له عهفرین".
پرسیارم كرد، لهمبارهیهوه چیتان كردووه؟ ئهویش گوتی، "رهخنهمان گرت و بههۆی مامهڵهی ئهم گرووپه چهكدارانهوە ههڵوێستمان به توركیا گهیاند".
بارزانی و سهددام حوسێن
مهسعوود بارزانی زیاتر له جارێك چاوی به سهدام حسێن سهرۆكی كۆچكردووی عێراقی كهوتووه، ئهم سهركرده كوردە باسی له گۆڕانكاریی تهواوی كهسایهتیی سهدام دهكات و دهشڵێت، "جیاوازیی 180 پله بوو. یهكهم چاوپێكهوتنم لهگهڵی، رۆژی 12ی كانوونی دووهمی ساڵی 1970 بوو كاتێك سهرۆكایهتیی شاندی فهرمیی حكومهتی دهكرد و بۆ بینینی باوكم سهردانی بارهگای شۆڕشی كوردیی كرد. ئهوكات كهسێكی ئاسایی و ههڵچوو و بهخرۆش بوو، بهڵام كاتێك له ساڵی 1991 بینیم، بهشێوهیهكی سهیر بهتهواوهتی گۆڕابوو، ئهو كات پێی گوتم پێزانینم ههیه به هاتنت بۆ بهغدا لهم دۆخهدا و لهیادی ناكهم و پێویسته رێكبكهوین. منیش گوتم رۆڵی تۆم لهبیره له رێككهوتننامهی 11ی ئادار، تۆش دهزانی دواتر چی روویدا و چی بهسهر كهسوكار و هۆز و نهتهوهكهم هات، بهههزارانیان كوژران، هاتمه بهغدا له رێگهی دهریاییهك خوێنەوە. له چاوپێكهوتنی دووهمدا كهسایهتییهكهی خۆبهزلزان و لووتبهرز بوو پێچهوانهی دیداری یهكهم له ساڵی 1970".
پرسیارم لێكرد، "لهبارهی لهسێدارهدانی سهدامەوە راوێژی پێكرا؟" گوتی، "له دژی لهسێدارهدانی نهبووین، بهڵام دیاریكردنی كاتهكه له یهكهم رۆژی جهژنی قورباندا بۆ لهسێدارهدانی راوێژمان پێنهكرا، ههروهها تاوەکو جێبهجێكردن و بڵاوكردنهوهی ههواڵهكه له راگهیاندنهكان، ئێمه زانیماریمان نهبوو".
ئیسرائیل و كوردستان
دوایین پرسیارم لهبارهی ئیسرائیل و پلانی ترهمپ بۆ ئاشتیی بوو كه له میدیاكاندا به "رێككهوتنی سهده" ناوبانگی دهركرد، "بارزانی چۆن خوێندنهوهی بۆ دهكات و پهیوهندیی لهگهڵ تهلئهبیب دروستدهكات؟" گوتی، "مادام ئێمه به بهشێك ماوینهتهوه له عێراق، ئهگهر ئیسرائیل باڵیۆزخانهی له بهغدا بكاتهوه، کونسوڵگهریش له ههولێر دهكاتهوه و ئێمهش پێشوازیی لێدهكهین، بهڵام به نهبوونی باڵیۆزخانه له بهغدا، ناكرێت پهیوهندی لهگهڵ ئیسرائیل دروستبكهین. پێمانوایه بوونی پهیوهندی لهگهڵیان كارێكی ئاساییه، چونكه بووهته واقیعێك و كهس ناتوانێت ههڵیبداته نێو دهریا. پێموایه ئێستا زۆربهی وڵاته عهرهبییەکان پهیوهندییان لهگهڵی ههیه و ئهمهش كارێكی ئاساییه و باشتره. لهبارهی رێككهوتنی سهدهوە، بهتێڕوانینی من ههر پرۆژهیهكی ئاشتی له پرۆژهی جهنگ باشتره، بهڵام شێوازی ههڵسهنگاندن و مامهڵهكردن لهگهڵیدا ئهمه كاروباری خاوهن ماڵهكانه. خاوهن ماڵ دهزانێت چی له ههگبهیدا ههیه. جهنگ هیچ كاتێك چارهسهر نییه، سێ جار جهنگ تاقیكرایهوه، له ساڵهكانی 1956 و 1967 و 1973 ئهمه جگه له دهیان جهنگی دیكه روویاندا و هیچ كامیان سوودی نهبوو.