مستەفا عەبدولڕەحمان: ئەمساڵ جووڵەی بازرگانی زۆر زیادی کردووە
هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکاران ئاشکرای کرد، ئەمساڵ جووڵەی بازرگانی زۆر زیادی کردووە و جەختی کردەوە، ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان نەکردووە.
مستەفا عەبدولڕەحمان، سەرۆکی یەکێتیی ھاوردە و ھەناردەکارانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ قەبارەی بازرگانیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیھان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پێشبینی دەکرێت لە مانگەکانی داھاتوو ھێشتا بەرەو ھەڵکشان بچێت، چونکە جووڵەیەکی بەھێزی بازرگانی ھەیە."
دەربارەی کاریگەریی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جووڵەی بازرگانی، سەرۆکی یەکێتیی هەناردە و ھاوردەکاران دەڵێت: "ئێمە بازرگانییەکی بەھێزمان لەگەڵ وڵاتی چین ھەیە و دوای ھاتنی کۆرۆنا کەمی کردووە، بەڵام ھەر بەردەوامیشە."
مستەفا عەبدولڕەحمان روونی کردەوە: "ھێنانی کاڵای ئیرانیش بەردەوامە و بە ھیچ شێوەیەک جووڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران نەوەستاوە، ھەرکاتێک مەترسی پەیدا بێت لە ھەروڵاتێک ھەرێمی کوردستان بێ کالا نابێت و چەندین سەرچاوەمان ھەیە بۆ ھاوردەکردن و پێداویستیی بازاڕەکانی کوردستان پڕ دەکرێتەوە."
قائید میرۆ