بۆ وردبینی لە خەرجییەكانیان دوو بەڕێوەبەرایەتی لە دهۆك و هەڵەبجە دەكرێنەوە
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێریی داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ماوەی چەندین ساڵە لە هەولێر وردبینی بۆ خەرجییەكانی دهۆك و، لە سلێمانیش وردبینی بۆ خەرجییەكانی هەڵەبجە دەكرێت، بەڵام ئێستا بۆ ئەم مەبەستە دوو بەڕێوەبەرایەتیی سەربەخۆ لە دهۆك و هەڵەبجە دەكرێنەوە.
فەریق سلێمان هرونی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لەسەر ئاستی كوردستان لە ساڵانی رابردوودا تەنها دوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی چاودێریی دارایی هەبوون، كە ئەوانیش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دیوانی چاودێریی داراییی هەولێر و سلێمانی بوون، كە ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە كارەكانی دهۆك و هەڵەبجەشیان رایی دەكرد، بەڵام ئێستا بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ فەرمانگەكان، دوو بەڕێوەبەرایەتی بۆ شارەكانی دهۆك و هەڵەبجە دەكرێنەوە".
هرونی رایشیگەیاند: "دەبووایە زووتر ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە هەبوونایە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، بەڵام قەیرانی دارایی و شەڕی دژی داعش هۆكاری دواخستنی ئەم پڕۆسەیە بوون، هەروەها لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستاندایە ئەگەر ئەم دوو بەڕێوەبەرایەتییە بینای پێویست و فەرمانبەری تەواویان هەبێت، ئەوا كارەكانیان فراوان بكەن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، وەك هەولێر و سلێمانی، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە راییكردنی كارەكانە بە شێوەیەكی كاتی و بەبێ كێشە وردبنینی بۆ خەرجییەكانی هەردوو بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەم دوو شارە دەكەن".
هێدی كاكەیی