هەواڵی کوردستان ئێستا

سیستانی: ئەوەی شکستی بەداعش ھێنا دەتوانێ سەرکردایەتی چاکسازیش بکات

سیستانی: ئەوەی شکستی بەداعش ھێنا دەتوانێ سەرکردایەتی چاکسازیش بکات
سیستانی: ئەوەی شکستی بەداعش ھێنا دەتوانێ سەرکردایەتی چاکسازیش بکات

2019-12-13 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

نوێنەری عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان رایگەیاند،" ئەوەی شکستی بەداعش ھێنا دەتوانێ سەرکردایەتی چاکسازیش لە عێراق بکات".

ئەحمەد سافی، نوێنەری مەرجەعیەتی باڵای شیعەكانی عێراق لە وتاری ئەمڕۆ هەینیدا، رایگەیاند،"چەند رۆژێك بەر لە ئێستا یادی دوساڵەی سەركەوتن بەسەر داعش بو، ئەو سەركەوتنە گەورەیەی كە مێژو تۆماری كرد، عێراقییەكان توانیان سەركەون بەسەر دوژمندا و ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵبكەنەوە كە داعش داگیری كردبو، ئەو رێكخراوە توانیبوی سێ ساڵ لەو ناوچانە بمێنێتەوە و ئەو روداوانە قوربانی زۆری لێكەوتەوە."

ئەحمەد سافی وتیشی،"عێراقییەكان توانیان چەندین وێنەی جوان بۆ پارێزگاری لە نیشتیمان نمایش بكەین، لەم بۆنە پیرۆزەدا جێگەی بەبیرهێنانەوەیە كە دەبێت ئەو شەهیدانەمان لەیادبێت كە خاكی ئەم وڵاتەیان بە خوێنی خۆیان ئاودا و گەیشتنە لوتكەی سەربەرزی، سەری رێزو وەفا دەنێرین بۆ كەسوكاریان و بۆ قوربانییەكانیان و بۆ ئەو كەسانەی ئەم وڵاتەیان لە دەستی رەشی تیرۆریستان پاراست و بۆ ئەوانەی لەئێستادا بەدوای شانە نوستوەكانی ئەو رێكخراوەدا دەگەڕێن و سوپاسی و ستایشیان بۆ دەنێرین"

وتیشی،"دەبێت سوپا و تەواوی هێزە چەكدارەكان لەچوارچێوەی بنەما سەرەكییەكانی دەستور كاربكەن و تەنها پابەندبون و باوەڕیان بە نیشتیمان هەبێت و دژی هەر دەستدرێژی و داگیركارییەكی بیانی بوەستنەوە و هەڵقوڵاوی گەل بن، دەبێت باری گوزەرانی ناوچە وێرانكراوەكان باشتر بكرێنەوە و ئاوەدان بكرێنەوە و خەڵكەكەی بگەڕێنرێنەوە"

نوێنەری سیستانی پەیامی بۆ عێراقییەكان ناردو وتی،"ئەی عێراقییەكان شەرێكی چارەنوسساز لەبەردەمتاندایە، ئەویش شەری چاكسازیە، لەپێناو روبەروبونەوەی گەندەڵی ئیداری هەوڵەكانتان یەكبخەن، پێشتریش مەرجەعیەت جەختی كردوەتەوە لەسەر ئەو شەڕەی كە دواكەوت و دەبو بەر لە دوساڵ ئەنجامبدرایە كە ئەویش شەڕی گەندەڵییە"

ئاماژەی بەوەشكرد، پێویستە خۆپیشاندانەكان بە ئاشتیانە بەڕێوەبچێت و چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدابێت و خۆپیشاندەران زیان بە دامەزراوە حكومییەكان نەگەیەنن.

وتیشی،"هەمو ئەوانەی ئەو تاوانە دڕندانەی دوێنێیان ئەنجامدا لە گۆڕەپانی وەسبەی ناوەڕاستی بەغداد، دەبێت دەستگیربكرێن و روبەروی لێپرسینەوەی یاسایی و دادگا بكرێنەوە. ئەو روداوانە بەلارێدابردنی خۆپیشاندانی ئاشتیانەی عێراقییەكانە لەپێناو دروستكردنی ناسەقامگیری ئاژاوەگێران كاردەكەن".