هەواڵی کوردستان ئێستا

ئاكرەیی: جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام ده‌بێت

ئاكرەیی: جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام ده‌بێت
ئاكرەیی: جموجۆڵی بازرگانی لەگەڵ ئێران بەردەوام ده‌بێت

2020-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران رایگەیاند، دوای داخستنی سنوورەكانی نێوان هەرێم و ئێران بە هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، سێ سنووری كراوە ماون بۆ ئەوەی هەم هاووڵاتیانی كورد لە ئێرانەوە بگەڕێنەوە و هەمیش جموجۆڵی بازرگانی و هاوردەكردنی كەلوپەل لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان بەردەوام بێت، بۆیە داخستنی سنوورەكان هیچ كاریگەرییەكی لەسەر جموجۆڵی بازرگانی نەبووە.

عەبدوڵڵا ئاكرەیی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، دوای ئەوەی لە دوو شاری ئێران نەخۆشیی كۆرۆنا بڵاو بووەوە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیاری دا كە چیتر رێگە بە كەسانی نوێ لە ئێران نەدەن بێن بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ خۆپاراستنە لەو نەخۆشییە و بە شێوەیەكی كاتییە و بەرەزامەندیی هەردوولاش بووە.

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئێران دەشڵێ، لە دوێنێوە هەموو مەرزە فەرمی و نافەرمییەكان داخراون و رێكاری توندیش گیراوەتەبەر و تەنها سێ مەرز كراوە دەبن، كە ئەوانیش حاجی ئۆمەران و باشماخ و پەروێزخان دەبن و ئەوانەی دیكە هەمووی داخراون، ئەمەش بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانە بۆ هەرێمی كوردستان و هاتنی كەلوپەلە بۆ هەرێمی كوردستان، كە كەلوپەل لە ئێرانەوە دەهێنرێت بۆ سەر سنوور و لەوێ بارهەڵگری هەرێم دەچن دەیانهێنن بۆ كوردستان، ئەمەش بۆ ئەوەیە جموجۆڵی بازرگانی نەوەستێت.

گوتیشی، راستە خەڵكێكی زۆر بە قاچاخ لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێن بۆ كاركردن یان بۆ هەر مەبەستێك، بەڵام هێزە ئەمنییەكان راسپێردراون رێكاری توند بگرنە بەر، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدرێت بێ پشكنین بۆ ماوەی 14 رۆژ هیچ كەسێك لە ئێرانەوە نەیەت بۆ هەرێمی كوردستان.

 

بڵند ئیبراهیم