هەواڵی کوردستان ئێستا

مەسروور بارزانی: قەداسەتی پاپا پێزانینی هەبوو

مەسروور بارزانی: قەداسەتی پاپا پێزانینی هەبوو
مەسروور بارزانی: قەداسەتی پاپا پێزانینی هەبوو

2020-02-23 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info-ڕۆژنامەی بەناوبانگی ئیتالی، (لە ڕیپۆبلیکا)، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی، ئەنجام داوە لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیتالیا و دیدارە گرنگەکەی لەگەڵ پاپا فرەنسیس، پاپای ڤاتیکان و سەرۆکوەزیران و بەرپرسە باڵاکانی دیکەی ئیتالیا. لەو چاوپێکەوتنەدا کە ڕۆژنامەوانی ناسراوی ئیتالی، ڤینچێنتسۆ نیگرۆ، ئەنجامی داوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باس لە مەترسییەکانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ سەر ئاسایشی جیهان دەکات. ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

 

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەوەی هەڕەشەکانی داعش تا چەند جیددین، گوتی: "داعش لەناو نەچووە و لە بنەڕەتەوە لەناو نەبراوە، لە هەندێک ناوچەی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و ئەوبەشەی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵیدایە، بەردەوام تێرۆریستەکان ئامادەن و تەنانەت پەیوەندییان لەگەڵ گرووپەکانی سووریاش هەیە. هەروەها لە عێراق تا ئێستا فاکتەرەکانی بەرهەمهێنانەوەی تێرۆر هەرماون."

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتگیریی حکوومەتی ئیتالیای کرد، کە لە ڕووی سەربازی و بەتایبەتی ڕاهێنان بە پێشمەرگەوە زۆر هاوکارییان پێشکەش کردووە و، دەڵێت: "من لە ڕۆما بە بەرپرسانی ئیتالی دەڵێم، کە ئیتالیا وەک بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانان نابێت عێراق و کوردستان بەجێ بهێڵن."

 

• چ زانیارییەکتان لەبارەی داعشەوە بە هاوڕێ ئیتالییەکانتان دا؟

مەسروور بارزانی: داعش بەتەواوی لەناو نەچووە، ئێستا خەریکی خۆڕێکخستنەوەیە، هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لە ناوچەکە بۆ ئێمە زۆر گرنگە، لە کۆبوونەوەکانماندا لە ڕۆما یەکێک لەو بابەتانەی باسمان کرد ئەوە بوو کە پێویستە بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتیی عێراق چاک بکرێت، لەپێناو بنبڕکردنی ئەو فاکتەرانەی یارمەتیی بەرهەمهێنانەوەی تیرۆریزم بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەدەن. هەژاری و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، دەبنە هۆکاری نزیکبوونەوە لە ڕێکخراوە تێرۆریستییەکان و گەشەکردنیان."

 

• ماوەیەکە ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەتان گەیشتووەتە لووتکە، بەتایبەتی دوای کوشتنی جەنەراڵی ئێرانی، قاسم سولەیمانی، لەلایەن ئەمریکییەکانەوە؟

مەسروور بارزانی: ئاشکرایە ئەو ناوچەیەی ئێمە تێیدا دەژین، ناوچەیەکی  سەختە و ئاسان نییە. بەڵام دەبێت لەگەڵ ڕووداوەکاندا هەڵبکەین و تێیدا بژین .

• چۆن پەیوەندیتان لەگەڵ ئەمەریکای هاوپەیمان و لە هەمانکاتدا ئێران بەڕێوە دەبەن؟

مەسروور بارزانی: ئێران دراوسێمانە و وڵاتێکی زۆر گرنگی ناوچەکەیە، ئەوان هەوڵ دەدەن بەرژەوەندییەکانیان بپارێزن، ئەمەریکاش هاوپەیمانمانن، لە شەڕی دژی تێرۆریزم و هەروەها دواتر بۆ سەقامگیریی ناوچەکە هاوکارییان کردووین. ئێمە لەناو ناوچەیەکداین کە هەزاران کێشەی هەیە، بەردەوام هەڵمانکردووە و هەر بەردەوامیش دەبین.

• جەنەراڵ سولەیمانی دانوستاندکارێکی پێداگر بوو، وابزانم زۆر جار ئەوتان دیتووە؟

مەسروور بارزانی: داعش هەڕەشە بوو بۆ ئێمە لە کوردستان، هەروەها بۆ حکوومەتی بەغدا و عێراق بەگشتی. کاتێکیش بووە مایەی هەڕەشەیەکی ترسناک بۆ عێراق، لە هەمانکاتدا هەڕەشە بوو بۆ ئێرانیش، کە دراوسێی ئێمەیە. بۆیە کاتێک داعش بە شێوەیەکی ترسناکانە هێرشی دەکرد، ئێران هەڵوێستی وەرگرت و پەیوەندییەکانی لەگەڵمان پتەوتر کرد. بەڵێ جەنەراڵ قاسم سولەیمانی چەندین جار سەردانی کردووین.