28ی ئەم مانگە پێنجەمین فێستیڤاڵی (سكی) سەر بەفر لە چۆمان ئەنجام دەدرێت
چۆمان-KDP.info- قایمقامی شارۆچكەی چۆمان رایدەگەیەنێت، وەك نەریتێكی ساڵانە و لە پێناو فراوانكردنی یاری سكی و هاندانی گەشتی زستانە، كۆتایی ئەم مانگە پێنجەمین فێستیڤاڵی (سكی) سەر بەفر لە سنووری شارۆچكەی چۆمان ئەنجام دەدرێت.
ئەحمەد قادر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رێكەوتی 28ی ئەم مانگە، كە دەكاتە ڕۆژی هەینی، بە مەبەستی ڕێكخستنی ڕۆژێكی جیاواز لەنێو زۆرترین بەفری ناوچەكەمان، گەشتوگوزاری شارۆچكەی چۆمان، پێنجەمین فێستیڤاڵی (سكی) سەر بەفر لە سێكانیانی بناری چیای كۆدۆ ئەنجام دەدەین".
قایمقامی شارۆچكەی چۆمان دەشڵێت: "ئەو فێستیڤاڵە وەك نەریتێكی ساڵانەیە و لە پێناو فراوانكردنی یاری (سكی) و هاندانی گەشتی زستانە و بینینی ئەو دیمەنە جوانانەی سرووشتی ناوچەكەمانە كە بەفرێكی زۆری لێ باریوە و، لە ساڵانی داهاتووشدا درێژە بەو یارییە دەدەین".
ناوبراو گوتیشی: "ئەم فێستیڤاڵە لە ساڵانی پەنجاكانەوە ئەنجام دەدرێت، دەشمانەوێت لە رێگای فێستیڤاڵ و چالاكیی جۆراوجۆر، هانی خەڵكی بدەین بۆ ئەوەی روو لە ناوچەكەمان بكەن، تاوەكو بە درێژایی ساڵ و هەرچوار وەرزەكە، ناوچەكەمان لە رووی گەشتوگوزارەوە بەرەو پێش بچێت".
نەشوان بەرزنجی