هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیری تەندروستی: هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە

وەزیری تەندروستی: هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە
وەزیری تەندروستی: هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە

2020-02-24 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەرلەمانی كوردستان لە پرێسكۆنفرانسێكدا ئاشكرای كرد، هەتا ئێستا هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە.

ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان بانگهێشتی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی لەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، لەوبارەشەوە وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، د. سامان بەرزنجی، لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لە ناو بینای پەرلەمان رایگەیاند،‌ تا ئەم دەقەیە هیچ حاڵەتێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە، هەر حاڵەتێكیش هەبێت، وەزارەتی تەندروستی رایدەگەیەنێت.

وەزیری تەندروستی راشیدەگەیەنێت، لە 13 شوێنی هەرێمی كوردستان چاودێریی 1149 گەشتیاری گەڕاوەی ئێران دەكرێت، كە بۆ ماوەی 13 رۆژ دەخرێنە ژێر چاودێریی چڕەوە، دەمانەوێ ئەو هاووڵاتیانە بە دڵێكی گەورەوە كە هەر كەمتەرخەمییەك لە رووی ژیانەوە هەیانە بمانبوورن،‌ چونكە ئەمە بۆ بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی هەموو تاكەكانی كۆمەڵگایە.

د. سامان بەرزنجی راشیگەیاند، لیژنەی عەمەلیات لەسەر ئاستی حكوومی بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیران پێكهێنراوە،‌ هەروەها بۆ بەڕێكردنی ئەم رێكارانە بەڕێزیان بە بەردەوامی لەسەر هێڵە، هەروەها بودجەیەكی تایبەتیشی بۆ تەرخان كردووە، هاوكات لیژنەكە چەندین بڕیار و رێنمایی داوە،‌ لە ماوەی داهاتووشدا بڕیاری تریش سەبارەت بەو ڤایرۆسە دەدرێت.

ناوبراو روونیشی كردەوە، بۆ دووربوون لەم نەخۆشییە پێویست بەوە دەكات بە چاوێكی زانستیانەوە سەیر بكرێت، نەوەك بە دروستكردنی ترس و دڵەڕاوكێ  لە نێو هاووڵاتیاندا، جەختیش دەكاتەوە، كە ئەو لێپرسینەوەیەیان زیاتر بۆ خۆپارێزییە لە توشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، هاوكات‌ دەمانەوێ هاووڵاتیان بە پلەی یەكەم هاوكار و پاڵپشتمان بن.

وەزیری تەندروستی دەشڵێ، باشترین و گرینگترین رێگا بۆ خۆپارێزی لە كاتی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، دۆزینەوەی حاڵەتە.

ئاماژە بەوەش دەكات، لەسەر ئاستی دونیا 78 هەزار و 811 حاڵەت راگەیاندراوە، كە سەدا 97ی لە وڵاتی چینە، ئەوانی تر لە 28 وڵاتی دیكە تۆمار كراوە.

هاوكات روونیشی كردەوە، كە ئێستا 43 حاڵەت لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست تۆمار كراون، كە زۆرترینی لە وڵاتی ئێرانە.

 

هەڵكەوت محەمەد