سبهی تەرمی دکتۆر حەمید ئاکرەیی دەگاتەوە فرۆکەخانەی هەولێر
ههولێر-KDP.info- ئەندامێکی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ، سبەی چوارشهممه تەرمی دکتۆر حەمید ئاکرەیی لە نەمساوە دەگاتەوه فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی.
تەحسین دۆڵەمەری لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دوای ئەوەی دکتۆر حەمید ئاکرەیی به نهخۆشی لە وڵاتی نەمسا کۆچی دوایی کرد، سبهی دوای نیوەڕۆ تەرمەکهی دەگاتەوە فرۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی و لەلایەن بەرپرسانی باڵا و هەڤاڵانییەوە پێشوازی لە تەرمی دکتۆر حەمید دەکرێت، دواتریش دەبردرێتەوە ئاکرێ و سپاردهی خاك دهكرێت.
دۆڵەمەری ئاماژەی بە بەشێک لە ژیانی دکتۆر حەمید ئاکرەیی داو گوتی، "ئاکرەیی پێشمەرگەیەکی دێرینی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولدا دەورێکی باڵای لە دەڤەری ئاکرێ و شێخان هەبووە و، کەسێکی کوردپەروەر و خودان بیروباوەڕ بووە.
دۆڵەمەری گوتیشی: "لە دوای نسکۆی شۆڕش، دکتۆر حەمید رووی کردۆتە دەرەوەی وڵات و دکتۆرای ئەلکترۆنیاتیشی لە بەلجیکا بەدەست هێناوە، لە کاتی دەستپێکردنەوەی شۆڕشی گوڵان، گەڕاوەتەوە نێو ریزەکانی پێشمەرگە و لەگەڵ هەڤاڵانیدا جارێکی دیکە رادیۆی دەنگی کوردستانی دامەزراندۆتەوە. دوای راپەڕینیش بۆتە وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ههروهها چەندین بەرپرسیاریەتی حزبی و حكوومی پێ سپێردابوو كە توانی سەركەوتوانە و لەخۆبردوانە و دڵسۆزانە بەئەنجامیان بگەیەنێت.
خێڵان بەختیار