ئەوشەوەی ئەمەریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکشێتەوە
سهردهشت محهممهد
- دوابەدوایی هێرشەکانی ١١ ی سێپتەمبەری ساڵی ٢٠٠١ بۆسەر ئەمەریکاو دواجار ڕەتکردنەوەی داواکاریەکانی ئەمەریکا بۆ ڕادەستکردنی ئوسامەبن لادن و بەرپرسانی القائیدە، لەلایەن حکومەتی تالیبانەوە، کە لەلایەن ئەمەریکاوە تۆمەتبارکرابون بەوەی کە ئەنجامدەری ئەو هێرشانەبون کە تاوەری بازرگانی نێودەوڵەتی و بارەگای وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایان (پنتاگۆن) کردبووە ئامانج و بەوهۆیەوە نزیکەی سێ هەزار کەس کوژان و ژمارەیەکیش بێسەروشوێن بوون و زیانێکی گەورەی ئابوری بەرئەمەریکا کەوت، ئەمریکا شەڕی لەدژی تیرۆرزمی جیهانی دەستپێکرد و لە هەنگاوی یەکەمیشدا ئەمەریکا بە ھاوکاری ھێزەکانی ناتۆ لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ ھێرشی بۆسەر ئەفغانستان دەستپێکرد و لە ماوەیەکی دیاریکراودا توانی حکومەتەکەی تاڵیبانی بڕوخێنێت و هێزەکانی بباتە ناو ئەفغانستانەوە، ئەمەریکا بەدرێژای ئەم بیست ساڵە لەهەوڵی ئەوەدابوو کە حکومەتێکی دیموکراسی لە ئەفغانستان دابمەزرێنێت، بەڵام دواجار و دوایی خەرجکردنی نزیکەی ٣ تریلیۆن دۆلار و بە کوشتدانی دووهەزار سەربازی وڵاتەکەی و برینداربون و کەمئەندام بونی هەزارن سەربازی دیکە، سەرەتای مانگی پێنجی ئەمساڵ بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان خستەبواری جێبەجێکردنەوە و وابڕیارە تاوەکو مانگی نۆی ئەمساڵ هەموو هێزەکانی لەئەفغانستان بباتە دەرەوە و بەمەش واچاوەڕوان دەکرێت کە ئەفغانستان بکەوێتە دەست هێزەکانی تالیبان،
کشانەوەی ئەمەریکا لەئەفغانستان پەردەی یەکەمی ئەو شانۆیەیە و ڕەنگە نمایشکردنی بەشی دووەمی ئەم شانۆگەرییە لەعێراق و هەرێمی کوردستان بێت و ئەمەریکا هاوشێوەی ئەفغانستان لەدرەنگانێکی شەودا ئێرەش بەجێبهێڵت، ئەوەی وادەکات هەمووان کشانەوەی ئەمەریکا لەعێراق و هەرێمی کوردستان بەڕوداوێکی چاوەڕوانکراو ببینن ئەوەیە کە دەتوانرێت بەئاسانی بەراورد لەنێوان بارودۆخی هێزەکانی ئەمەریکا لە ئەفغانستان و عێراقدا بکەن و ئەمەریکا لە هەردو جێگەدا بێپشتیوانە و تائێستا نەیتوانیوە بەگوێرەی پێویست ئەو ئەمانجانەی خۆی بەدی بهێنێت کە لەپێناویدا هێزەکانی خۆی بەکوشتداوە، ئەمەریکا بەدوروشمی وەلانانی دیکتاتۆرێت و دروستکردنی حکومەتێکی دیموکراسی ڕویی لە عێراق کرد، بەڵام واپێدەچێت لەئێستادا خودی ئەمەریکاش گەیشتبێتە ئەوباوەڕەی کە نەک نەیتوانی کۆتای بەسەردەمی دیکتاتۆرێت بهێنێت، بەڵکو دەرگایی بەڕووی چەندان هێزی دیکتاتۆری دیکەدا کردەوە و لەعێراقدا نەیتوانیوە لەو ڕوەوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بەتایبەت لەئێستادا کە میلیشیاشیعەکان بەئاشکرا داوای چۆڵکردنی عێراق دەکەن لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین جار خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی ئەنجامدراوە، هەروەها لە هەرێمی کوردستانیشدا ئەمەریکا ڕوبەڕوی نائومێدییەکی زۆربووەتەوە بەتایبەت لەئێستادا و لەسەردەمی جۆبایدندا کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا کارلەسەر ئازادی ڕادەربڕین و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکاتەوە و کەچی کابینەیی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پێچەوانەی خواستەکانی ئەمەریکا زیاتر لەکابینەکانی دیکە پێچەوانەی ئەو خواستەی ئەمەریکایە و بەئاشکراو دوایی دەستگیرکردنی ژمارەیەک لە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان هەستمان بەنیگەرانیەکانی ئەمەریکا دەکرد، کەڕەنگە لەداهاتوودا ئەمەریکا ئەم نیگەرانیانەی ئێستای وەک بیانویەک بەکاربهێنێت بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، کەدواجار و دوایی سی ساڵ لەخەبات و قوربانیدانی گەلی کورد مەترسی ئەوەدەکرێت کوردستان بگەڕێتەوە بۆ خاڵی سفر و ئەم قەوارەیەی ئێستا هەڵوەشێتەوە، چونکە گومان لەوەدانییە کە دوژمنانی کورد لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان لەدوی هەلێکدادەگەڕێن بۆ ئەوەی خەونی لەمێژینەی گەلی کورد کەئازادیی و سەربەخۆیە لەباربەرن و جارێکی دیکە کورد ڕوبەڕویی جینۆسایدێکی مێژووی بکەنەوە، ئەگەرچی بەشێکی دیکە لەشەقامی کوردی کشانەوەی ئەمەریکا لەئێستادا لەهەرێمی کوردستان بەکارێکی مەحاڵ دەزانن و پێیان وایە ئەمەریکا بەدوایی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەتی و نەوت وداهاتی کوردستان بووە بەکۆتێک بۆ ئەمەریکا و بەئاسانی ناتوانێت دەستبەرداری بەرژەوەندییەکانی بێت لەناوچەکەدا ، بەڵام ئەمە لەوڕاستییە کەم ناکاتەوە کەئەمەریکا تەنها شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکات و ڕەنگە بەرژەوەندی لەوەدابێت لە نیوەشەوێکی چاوەڕوان نەکراودا کوردستانیش بەجێبهێڵێت و تەسلیم بەدوژمنانی کوردی بکاتەوە.