هەواڵی کوردستان ئێستا

هه‌ڵه‌بجه‌: ڕێگا لاوه‌كییه‌كانی هاتوچۆی هاووڵاتیان له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵات قه‌ده‌غه‌ كرا

هه‌ڵه‌بجه‌: ڕێگا لاوه‌كییه‌كانی هاتوچۆی هاووڵاتیان له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵات قه‌ده‌غه‌ كرا
هه‌ڵه‌بجه‌: ڕێگا لاوه‌كییه‌كانی هاتوچۆی هاووڵاتیان له‌ باشوور و ڕۆژهه‌ڵات قه‌ده‌غه‌ كرا

2020-02-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ڵه‌بجه‌-KDP.info - له‌ ناحیه‌ی بیاره‌ و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری ناحیه‌كه‌، کە سه‌ر به ‌پارێزگای هه‌ڵه‌بجەن،‌ هاتوچۆی ئه‌و هاووڵاتیانه‌ قه‌ده‌غه‌ كرا كه‌ له‌ ڕێگا لاوه‌كییه‌كانەوە له‌ دیوی ئێرانه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ بیاره‌ و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه،‌ له‌ بیاره‌وه‌ ده‌ڕۆیشتنه‌ گوند و شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

كاوه‌ عه‌لی، جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ته‌واوی ئه‌و ده‌روازه‌ لاوه‌كیانه‌ی كه‌ بازرگانیی قاچاخیان له‌گه‌ڵ كوردستانی ئێران تێدا ده‌كرێت، داخراون و، هێزه‌كانی ئاسایش و پۆلیس و پاسه‌وانی سنووریش ڕاسپێردراون ڕێكاری توند بگرنه ‌به‌ر، بۆ ئەوەی هیچ جووڵه‌یه‌كی هاتن و ڕۆیشتن له‌و ڕێگا لاوه‌كیانەوە‌ نه‌كرێت".

هاووڵاتیانی بیاره‌ و ته‌وێڵه‌ و گونده‌كانی هه‌ورامان خزمایه‌تیی توندوتۆڵیان لە نێواندا هه‌یه و‌، سه‌ردانی یه‌كتری ده‌كه‌ن و زۆرینەی هاووڵاتیانی كوردی گونده‌كانی ڕۆژهه‌ڵات، کە نزیكن له‌ بیاره‌ و ته‌وێڵه،‌ به‌ ڕۆژدا بۆ كه‌سابه‌ت  دێنه‌ ناوچه‌كه‌ و به ‌شه‌ودا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

كاوه‌ عه‌لی ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد: "ته‌واوی ڕێكاری پێویست بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیانی هه‌ردوولا گیراوه‌ته ‌به‌ر و ڕێگه‌ نادرێت نه‌ هاووڵاتیانی ئێمه‌ بڕۆنه‌ گوند و شاره‌كانی ڕۆژه‌هه‌ڵاتی كوردستان و، نه ‌ئه‌وانیش بێنه‌ سنووری ئێمه‌وه‌، کە بۆ سه‌ردانی بۆنه‌ خۆشی و ناخۆشییه‌كان، یان بۆ كه‌سابه‌ت ڕوو له‌ سنووره‌كه‌ ده‌كه‌ن".

ناوبراو زیاتر گوتی: "داوا له‌ ئه‌نجومه‌نی گونده‌كان و هاووڵاتیانی گونده‌كانی سه‌ر سنوور ده‌كه‌ین هه‌ر هاووڵاتییەکی ئێمه‌ له‌ ڕێگه ‌لاوه‌كییه‌كانه‌وه‌ ڕۆیشته‌ كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هاووڵاتیانی ئه‌ودیو به‌دزییه‌وه‌ هاتنه‌ سنوورەکەمان، له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ژمارانه‌ی وه‌ك هێڵی گه‌رم له‌ پۆلیس و ئاسایش و ته‌ندروستی بڵاو كراونه‌ته‌وه‌، ده‌زگاكان ئاگادار بكه‌نه‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێ ڕابگیردرێن و نه‌یه‌ڵن تێكه‌ڵی خه‌ڵكی ببن".

جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رده‌وامە له‌ ئاماده‌كاریی پێویست بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابینكردنی نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌و نه‌خۆشییه‌".

عه‌زیز ڕه‌سووڵ