"سبەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ دەبێتەوە"
هەولێر - KDP.info - سبەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆ دەبێتەوە و سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیش دەڵێ، دەنگ لەسەر جێگری پارێزگاری ھەولێر و قایمقامی کۆیە دەدرێت.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سبەی، چوارشەممە، ٢٦-٢-٢٠٢٠، ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی ژمارەی ٧٦ی خۆی بەڕێوە دەبات و کۆبوونەوەکەش تایبەت دەبێت بە دەنگدان بە جێگری پارێزگاری ھەولێر و قایمقامی کۆیە."
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد: "جێگری پارێزگاری ھەولێر بۆ کاروباری ھونەری لە پشکی پارتییە و کاندیدی فڕاکسیۆنی پارتیش بۆ ئەو پۆستە، ئەندازیار، مەسعوود کاڕەشە و، قایمقامی کۆیەش لە پشکی برادەرانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و فڕاکسیۆنی یەکێتی کاندیدی ھەیە."
کەنعان خەیلانی دەڵێت: "لە کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێردا ھەردوو کاندید دەخرێنە دەنگدان بۆ وەرگرتنی متمانەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا، چونکە پۆستی پارێزگار و جێگرەکانی و بەڕێوەبەری گشتی لە ئەنجومەن دەنگیان لەسەر دەدرێت."
قائید میرۆ