هەواڵی کوردستان ئێستا

دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێتەوە

دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێتەوە
دەست بە كاركردن لە پڕۆژەكانی یەكەی نیشتەجێبوون دەكرێتەوە

2019-12-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- پڕۆژەی رەشنووسی وەبەرهینان لە كوردستان لە ئەنجومەنی وەزیران تەواو بووە و پەرلەمانتاران چاوەڕوانی هاتنی دەكەن، بۆ ئەوەی بێتە پەرلەمان و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت.

د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو پڕۆژە رەشنووسەی بۆ وەبەرهێنان دانراوە و بڕیارە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت، بۆ زیاتر خزمەتكردن و بەهێزكردنی وەبەرهێنانە لە كوردستان و بەدواداچوون بۆ سەرجەم ئەو پڕۆژانە دەكەین كە گرفتیان هەیە لە جێبەجێكردن".

شوكری گوتیشی: "بەپێی هەموو پێوەرێك، دەمانەوێت ئاستی وەبەرهێنان لە كوردستان بەرز بكەینەوە و ئەو پڕۆژانەی گرفتی یاساییان هەیە، چارەسەریان دەكرێت، هەروەها ئەوەی گرفتی بودجەی هەیە بەپێی لیژنەیەك رێك دەخرێنەوە و تەمویلی پڕۆژەی دیكەش دەكرێت، بۆیە چاوەڕوانین ئەو پڕۆژەیە لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت".

هاوكات، شوان زرار، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ١٥ی مانگی ١١ی ٢٠١٩ رەشنووسی پڕۆژەی وەبەرهێنان لە دەستەی وەبەرهێنانەوە رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و چاوەڕوانین لەم رۆژانەدا رەوانەی پەرلەمان بكرێت، بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت".

زرار ئاماژەشی دا: "حكوومەت رێكاری داناوە بۆ سەرجەم ئەو پڕۆژانەی یەكەی نیشتەجێبوون، كە بە هۆی قەیرانەوە یان هەر گرفتێكی دیكەوە راوەستاون و، دەستەی وەبەرهێنانیش پلانی داناوە بۆ ئەو پڕۆژانە و لەو روانگەیەوە رێكاری تایبەتیان بۆ گیراوەتە بەر، پڕۆژەش هەیە زۆر گرفتی هەیە، بۆیە حكوومەت هەڵساوە بە كارئاسانی بۆیان تا پڕۆژەكان تەواو بكەن".

لە لایەكی دیكەوە، رزگار عیسا، پەرلەمانتاری كوردستان لە لیستی پارتی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "هێشتا ئەو پڕۆژەیە نەگەیشتووەتە پەرلەمان، بەداخەوە پێشتر یاساكە باش بوو، بەڵام خراپ جێبەجێ كراوە، بۆیە ئەم جارە ئەو پڕۆژەیە دەوڵەمەنتر دەكەین".

عیسا راشیگەیاند: "سەرجەم پڕۆژەی یەكەكانی نیشتەجێبوون بەدواداچوونیان بۆ دەكرێت، كە بە هەر هۆكارێك راگیرابن".

 

كارزان هەورامی