هەواڵی کوردستان ئێستا

د. چواس: ھەموو ئەگەرەكان بۆ رووداوەكانی ئێستای عێراق كراوەن

د. چواس: ھەموو ئەگەرەكان بۆ رووداوەكانی ئێستای عێراق كراوەن
د. چواس: ھەموو ئەگەرەكان بۆ رووداوەكانی ئێستای عێراق كراوەن

2019-12-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- دوو مانگ زیاترە خۆپیشاندانەكانی باشووری عێراق و بەغدای پایتەختی عێراق بەردەوامییان ھەیە و دوای دەستلەكاركێشانەوەی سەرۆكوەزیرانیش ھێشتا خۆپیشاندەران سوورن لەسەر داواكارییەكانیان، مامۆستایەكی زانكۆش پێی وایە، ھاووڵاتیان كۆی سیستەمی سیاسیی عێراق رەت دەكەنەوە و ھەموو ئەگەرێكیش كراوەیە چی روو دەدات.

دكتۆر چواس حەسەن، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "خۆپیشاندانەكانی عێراق لە دژی كەسێكی دیاریكراو نین تا بە لابردنی كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بێت، بە پێچەوانەوە لەنێو ھەموو سەرۆكوەزیرەكانی عێراقدا عادل عەبدولمەھدی باشترین سەرۆكوەزیری عێراق بووە، بەڵكوو خۆپیشاندانەكانی عێراق دژی كۆی سیستەمی عێراقن، ئەو سیستەمەی دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق ھاتووەتە ئاراوە، لای عێراقیەكان رەسیدی نەماوە، لەبەر ئەوەش ھاووڵاتیان باشترینەكەشیان قبووڵ نییە چ جای بگاتە خراپەكەیان، واتە ئەوەی دەستی لە كار كێشاوەتەوە، باشترین سەرۆكوەزیری عێراق بووە، ئەوانەی ماون كەسیان لە عادل عەبدولمەھدی باشتر نین".

ئەو مامۆستایەی زانكۆ دەڵێت: "كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیری عێراق، كە لای ھاووڵاتیان پێشتر تاقی كراوەتەوە و دیارە سەر بە كێیە و چۆنە، كێشەی ئێستای عێراقیش بە سەرۆكوەزیرانێك و فەرماندەیەكی سەربازی چارەسەر نابێت، لەبەر ئەوەش بە دەستلەكاركێشانەوەی ھیچ بەرپرسێك، كێشەكان كۆتاییان نایەت".

پەیوەست بەوەی چاوەڕێ دەكرێت لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سەرۆكوەزیران دیاری بكرێت، دكتۆر چواس حەسەن گوتی: "ئەمە بەلاڕێدابردنی پرسی دانانی سەرۆكوەزیرانە بە ھۆی بێپلانییەوە، تەنیا ھەوڵێكە بۆ رازیكردنی دڵی خۆپیشاندەران، ئەگینا خۆپیشاندەران بە ھیچ سیستەمێك رازی نین، ئایا بە چ ئالیەتێك خۆپیشاندەران سەرۆكوەزیران دیاری دەكەن؟"

حەسەن جەختی كردەوە: "رەوشی عێراق گەیشتووەتە ئاستێك، رەتكردنەوەی ھاووڵاتی بۆ دەسەڵات، رەتكردنەوەی ھەموویەتی و بە ھیچ رازی نین لەو دەسەڵاتەی ھەیە. دەشڵێت: "كۆی پڕۆسەی سیاسی رەت دەكرێتەوە، ئینجا شەڕ روودەدات یان دەستوەردانی دەرەكی دەبێت، ھەرچی دەبێت لای خەڵكی ناڕازی كێشە نییە".

لەبارەی داھاتووی ئاڵۆزییەكانی عێراقەوە، دكتۆر چواس حەسەن ئاماژەی دا: "ئەمە قورسترین پرسیارە بۆ ھەموو كەسێك لە سیاسییەكان و چاودێران، ھەتا ئەو ھاووڵاتیەی بەرد دەھاوێژێت، ھیچ چارەسەرێكی پێ نییە، یەكەم پڕۆژە و پلانی خۆپیشاندەران، گۆڕینی دەسەڵاتە و ئەگەرەكان كراوەن چی روو دەدات لە عێراق، ھەتا ئێستا كێ پێشبینی دەكرد رەوشی ئێستای عێراق دوو مانگ دەخایەنێت، نوخبەیەكی عەلمانی لە رێگەی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییەوە خەریكن سەركردایەتی رەوشی عێراق دەكەن، بەڵام ئایا ئەو دەستەیە لای شیعە ئایینییەكان قبووڵ دەكرێن و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، دیار نییە".

 

قائید میرۆ