راشد غەنوشی: "پەرلەمان و حکوومەت لەسەر کارن"
دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکی پەرلەمانی تونس و بزووتنەوەی نەهزە، راشد غەنوشی رایگەیاند، پەرلەمان کە بەشێوەیەکی دیموکراسیی هەڵبژێردراوە، لەگەڵ حکوومەت هێشتا لەسەر کارن.
سەبارەت بە بڕیارەکانی سەرکۆماری تونس، قەیس سعەیید بۆ سڕکردنی کارەکانی پەرلەمان و دوورخستنەوەی سەرۆکوەزیران لە پۆستەکەی، سەرۆکی پەرلەمانی تونس و بزووتنەوەی نەهزە کە گەورەترین پارتی ئەو وڵاتەیە، راشد غەنوشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ دوا و نیگەرانی خۆی لەبارەی بڕیارەکانی قەیس سعەیید راگەیاند.
گوتیشی: 'ئەوە بەڕوونی کودەتایەکە دژبە دەستوور. کودەتایەکە دژبە شۆڕش و ئازادییە گشتیی و تاکە کەسییەکان. پەرلەمان کە بەشێوەیەکی دیموکراسیی هەڵبژێردراوە لەگەڵ حکوومەت و ئەوانی دیکە هێشتا لەسەر کارن'.
سەرۆکی بزووتنەوەی نەهزە، راشد غەنوشی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێیانوایە شێوازی لێکدانەوەی سەرکۆمار بۆ دەستوور تەواو هەڵەیە و ئەو لێکدانەوەیە جیاوازە لە راستییەکان، لەبەرئەوەی دەستوور لە هەلومەرجی دیاریکراودا، دەسەڵاتی بڕیاردانی داوەتە سەرکۆمار.
راشد غەنوشی ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکۆمار، قەیس سعەیید پێی راگەیاندووە کە بە راوێژ لەگەڵیدا لە چوارچێوەی دەستووردا بڕیار دەردەکات کە خۆی پێوابووە ئەوە پرۆسەیەکی سروشتیی دەبێت.
راشد غەنوشی هەروەها ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دەستووری تونس پێشنیازی ئەوەی کردووە کە لە دۆخی لەناکاودا، پەرلەمان بەبێ لەکارخستنی حکوومەت دەتوانێت بەردەوام کار بکات و گوتی: 'پێمانوایە ئەوەی روویداوە کودەتایەکە دژبە دەستوور'.