هەواڵی کوردستان ئێستا

مه‌سروور بارزانی: ئاماده‌كارییه‌كان له‌ هه‌رێم له‌ پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ن

مه‌سروور بارزانی: ئاماده‌كارییه‌كان له‌ هه‌رێم له‌ پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ن
مه‌سروور بارزانی: ئاماده‌كارییه‌كان له‌ هه‌رێم له‌ پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ن

2020-02-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سەنتەری تایبەت بە تووشبوانی کۆرۆنای لە هەولێر بەسەر کردەوە.

سەنتەرەکە له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌ك ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته‌، بۆ حاڵه‌تی تووشبووان به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ژووره‌كانی كه‌ره‌نتینه‌ كراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ تۆماركرا، تووشبووه‌كه‌ی لێ كه‌ره‌نتینه‌ بكرێت.

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە دوای سەردانکردنی سەنتەرەکە رایگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ هاتین دڵنیابین رێكاره‌كان به‌ ته‌واوه‌تی گیراونه‌ته‌به‌ر و گوتی: "سوپاسی وه‌زیری ته‌ندرووستی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و ستافه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ن، نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ ته‌واوه‌تی ئاماده‌كراوه‌ و له‌ هه‌موو پارێزگاكانیش هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك هه‌بوو به‌ باشترین شێوه‌ خزمه‌ت بكه‌ن".

سه‌رۆكی حكوومه‌ت دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ كراون بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه‌، هیوادارین له‌ كاتێكی نزیكدا چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه‌ بدۆزرێته‌وه‌.

داواشی كرد خه‌ڵك خۆیان و كه‌سوكاریان بپارێزن و گوتی: "داوا له‌ هه‌موو هاووڵاتیان ده‌كه‌م رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و وەزارەتی ناوخۆ و  لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندیدار جێبه‌جێ بكه‌ن".

مه‌سروور بارزانی راشیگه‌یاند، تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی گوتراوه‌ هیچ حاڵه‌تێك له‌ كوردستان نییه‌، به‌ڵام له‌ وڵاتانی ده‌روبه‌ر و عێراقیش حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ تۆماركراوه‌.

سه‌رۆكی حكوومه‌ت راشیگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌ پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ن ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌، داواش ده‌كه‌م هاووڵاتیان هاوكاری ستافی پزیشكی بن و خۆشیان بپارێزن.

هه‌روه‌ها داوا له‌ بازرگان و دوکانداران ده‌كه‌م به‌ هه‌ستێكی باڵا مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و خۆیان له‌ گرانكردنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی رۆژانه‌ی خه‌ڵک به‌ دوور بگرن.

تا ئێستاش هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆمارنه‌كراوه‌ و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش رایگه‌یاندووه‌، له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان و هه‌موو رێكاره‌كانیش گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پێشگیری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ بكه‌ن.