هەواڵی کوردستان ئێستا

قوباد تاڵەبانی: بنەڕەتی پرۆژەیاسای چاکسازی پرۆژەی کابینەی هەشتەمە و نابێت بکرێتە دەستکەوت بۆ هیچ کەس و لایەنێک

قوباد تاڵەبانی: بنەڕەتی پرۆژەیاسای چاکسازی پرۆژەی کابینەی هەشتەمە و نابێت بکرێتە دەستکەوت بۆ هیچ کەس و لایەنێک
قوباد تاڵەبانی: بنەڕەتی پرۆژەیاسای چاکسازی پرۆژەی کابینەی هەشتەمە و نابێت بکرێتە دەستکەوت بۆ هیچ کەس و لایەنێک

2019-12-14 00:00:00 - سەرچاوە: تۆڕی میدیایی ئێستا

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕایگەیاند "بنەڕەتی پڕۆژەیاسای چاکسازیی هیی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و بابەتێک نییە بۆ موزایەدەکردن".

قوباد تاڵەبانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبوک سەبارەت بە پرۆژەیاسای چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نووسیویەتی، "ئەنجوومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژەیاسای چاكسازی لە مووچە و خانەنشینی و دەرماڵەی پەسەندكرد، بنەڕەتی ئەم پرۆژەیە هیی كابینەی هەشتەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و لەم كابینەیەشدا وەک چۆن لە کارنامەكەیدا بەڵێندرابوو، بە گیانێكی بەرپرسانە و پڕ لە تەبایی و لە سایەی كاری پێكەوەیی ناو ئەنجوومەنی وەزیران دەوڵەمەندكرا و دەنگی لەسەر درا. سەرۆکی حکومەت و بەندە و هەموو وەزیرە بەڕێزەکانی سەر بە هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی بەشداری حکومەت و سکرتێر و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی تێروتەسەلیان کرد تا پرۆژەکەمان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران تێپەڕاند".

 

جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ناكرێت پرۆژەیاسای چاکسازی "بەتەنها بكرێتە دەسكەوت بۆ هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو و بابەتێك نییە بۆ موزایەدەكردن".

 

ڕۆژی چوارشەممە ١١ی دیسەمبەر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، و جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی، کۆبووەوە و بە کۆی دەنگی پرۆژەیاسای چاکسازی پەسەندکرد.