"هەر كەسێك لەبارەی بازرگانیی ماددەی ھۆشبەرەوە زانیاری بداتە حكوومەت، خەڵات دەكرێت"
هەولێر-KDP.info- پڕۆژەیاسای ڕێگریكردن لە بازرگانیكردن و بەكارھێنانی ماددە ھۆشبەرەكان سیفەتی بەپەلەی پێ دراوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا لە پەرلەمانی كوردستان خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت. ئەندامێكی لیژنەی كۆمەڵایەتیش دەڵێ، سزای بازرگانانیی ماددەی ھۆشبەر، سێ ھێندە بەرز كراوەتەوە.
حەسیبە گەردی، ئەندامی لیژنەی كۆمەڵایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پڕۆژەیاسای ماددە ھۆشبەرەكان و كاریگەرییە عەقڵییەكان، خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و بڕیارە لە كۆبوونەوەی داھاتووی پەرلەمانی كوردستاندا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت و پێداچوونەوەیشی بۆ كراوە، چونكە دوای ئەوەی ڕەوانەی لیژنە پەیوەندارەكان كرا، بۆمان ڕوون بووەوە ئەو سزایەی بۆ ئەو كەسانەی بازرگانی بە ماددە ھۆشبەرەكانەوە دەكەن، وەك پێویست نییە".
ئەندامەكەی لیژنەی كۆمەڵایەتی دەشڵێت: "سزای بازرگانانیی ماددەی ھۆشبەر سێ ھێندە زیاد كراوە و تەنانەت لە ھەندێ حاڵەتدا سزاكەی دەگاتە زیندانیی ھەتاھەتایی و لەسێدارەدانیش".
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "یەكێك لە خاڵە بەھێزەكانی نێو پڕۆژەیاساكە ئەوەیە، ئەو كەسانەی لەبارەی بازرگانانی ماددەی ھۆشبەرەوە زانیاری دەدەن بە لایەنە ئەمنی و پەیوەندارەكان، خەڵات دەكرێن و پارەیان بۆ دیاری كراوە".
ناوبراو جەختیشی كردەوە: "ژمارەیەك سەنتەری ڕاھێنان و پزیشكی دەكرێنەوە بۆ ئەو كەسانەی ئالوودەی ماددە ھۆشبەرەكان بوونە و چارەسەریان بۆ دەكرێت، بە گوێرەی پڕۆژەیاساكەش، ھەر كەسێك ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر بێت و سەردانی ئەو سەنتەرانەی چارەسەركردن نەكات، ئەوا سزای بەندكردنیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت".
قائید میرۆ