فەهیم حەمۆ: ئهمڕۆ جێگری پارێزگار دەگۆڕدێت.. تەنیا ئەو گۆڕانكارییەش نابێت
دهۆك -KDP.info- سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ گۆڕانكاری لە جێگری پارێزگاری دهۆكدا دەكرێت و بە شێوەیەكی كاتی كەسێكی دیكە لە شوێنی دەستبەكار دەبێت. دەشڵێ، لە داهاتوودا گۆڕانكاری لە چەند بەڕێوەبەرێكی گشتیشدا دەكرێت.
فەهیم عەبدوڵڵا حەمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بڕیارە ئەمڕۆ (بەهزاد ئادەم) جێگری پارێزگاری دهۆك خانەنشین بكرێت و كەسێكی دیكە لە شوێنی ئەو بە ناوی (ماجد سەید ساڵح) قایمقامی پێشووی دهۆك و بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ئێستای دهۆك بە شێوەیەكی كاتی دەستبەكار دەبێت تا بە شێوەیەكی فەرمی كەسێكی بۆ دیاری دەكرێت، هەر كاتێكیش كەسێك بە فەرمی كاندید كرا، ئەوكات رەوانەی ئەنجومەن دەكرێت و دەنگی لەسەر دەدرێت و پەسەند دەكرێت.
حەمۆ گوتیشی، بەم زووانە هەندێك گۆڕانكاریی دیكەش لە پارێزگای دهۆك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكاندا دەكرێت و تەنها ئەو گۆڕانكارییە نابێت.
بڵند ئیبراهیم