له یادى (105) ساڵه‌ى شه‌هید كردنى دا بزاڤـــــــى شێخ عه‌بدۆلسه‌لام بارزانى، بزاڤێكى مرۆڤایه‌تى فره‌ڕه‌هه‌ند
ره‌شید مه‌لا عه‌لى كۆلهكــــــــــى
كاتێ باس له كه‌سایه‌تى و مێژوو ده‌كرێ باس له فره‌جۆریى سهرسۆرهێنهرى كه‌سایه‌تییه‌كان، ڕوداوه‌كان، وه‌رچه‌رخان، شۆڕشه‌كان، كارنامه‌كان، راپه‌رین و سه‌رهه‌ڵدانه‌كان، گۆڕانكارییه بچوك و گه‌وره و ئارام و خوێناوییه‌كان، گه‌ڕانه‌وه‌و په‌ڕینه‌وه‌كان، په‌ڵ هاوێشتن و رووبه‌ڕووبوونه‌وه توندوتیژ و ئاشتیخوازه‌كان، شكست و سه‌ركه‌وتنى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگاكان ده‌كرێ، واته مه‌به‌ست مێژووى مرۆڤایه‌تییه به هه‌موو هه‌وراز ونشێوییهكانییهوه. مرۆڤ هه‌ر لە رۆژى یه‌كه‌مى قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تاى ژیانیدا ئه‌م بیره‌ى لا گه‌لاله بوو كه شاخه‌كان ببڕێت، ده‌ریاكان پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، ئاسمان و ئه‌ستێره‌كان داگیر و زلزال و ده‌ریاكان ئارام بكاته‌وه، سروشت به مرۆیى بكات و مرۆڤه‌كان رزگار و خۆشبه‌خت بكات. له ڕه‌وتى مێژوودا كه‌سایه‌تییه‌كان هه‌میشه له ژیانى سه‌ره‌تاییه‌وه بۆ ژیانێكى پێشكه‌وتووتر، له نه‌زانینه‌وه بۆ زانین، له بێ ناسنامه‌یى و له خۆ بێگانهییهوه بۆ ده‌ستخستنى ناسنامه و پشت به‌خۆبه‌ستن، له كۆێلهییهوه بۆ سه‌ربه‌ستى، له دوژمنایه‌تییه‌وه بۆ دۆستى و خۆشه‌ویستیه‌وه ده‌ست و په‌نجه‌یان نه‌رم كردووه. هەندێ جار به ئارامى و هەندێ جاریش به ده‌نگه‌وه هه‌وراز و نشێوییهكانى ده‌بڕێت و به مهسیرێكى پێچاوپێچدا گۆزه‌ر ده‌كات تا ده‌گاته لوتكه‌ى به‌رزى خۆشبه‌ختى و كامه‌رانى كه ( داهاتوو ) یه.
( شێخ عهبدۆلسهڵامى بارزانى ) به یه‌كێ له گه‌وره كه‌سایه‌تییه‌كانى كاریگه‌ر له مێژووى مرۆڤایه‌تى ده‌ژمێردرێ، چ ئه‌وانه‌ى دان به رێگا و بۆچوونه‌كانیدا ده‌نێن و چ ئه‌وانه‌ى دانى پێدانانێن و ته‌نانه‌ت بهرێگاكهشى دا ناڕون، ناتوانن ئینكارى ئه‌وه بكه‌ن كه ئه‌م كه‌سایه‌تیه ڕۆل و كاریگه‌رى پۆزه‌تیفى له سه‌ر مێژوو هه‌بووه به سوودى مرۆڤایه‌تى له سه‌رده‌مى خۆى و دواى خۆیشى. چونكه بزاڤى ( شێخ عه‌بدۆلسه‌لام بارزانى ) به یه‌كێ له بزاڤه دهگمهنهكانى ناو بزاڤه مرۆڤایه‌تییه‌كانى جیهان ده‌ژمێردرێ كه ئامانج لێى رزگارى و ئازادى مرۆڤ بوو دوور له جیاوازى ئایینى و مه‌زهه‌بى و سیاسى و نه‌ته‌وه‌یى و جوگرافى، بزاڤه‌كه نه بزاڤێكى ناوچه‌یى بوو نه راپه‌رینێكى ئایینى بوو تایبه‌ت به ئایین و مه‌زهه‌بێك و نه شۆڕشێكى نه‌ته‌وه‌یى بوو به مانا شوفینى و ڕهگهزپهرهستیهكهى، به‌ڵكو بزاڤێك بوو هه‌موو بوار و لایه‌نه‌كانى مرۆڤى تێدا كۆببووه.
له‌مباره‌یه‌وه (مارتین وان بروین سن) به‌م شێوه‌یه باسى ده‌كات:" شێخه‌كانى بارزان زۆر به تۆندى پێداگرى و داكۆكیان له سه‌ر یه‌كسانى و وه‌كهه‌ڤى و دادوه‌رى و دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و ڕێزگرتن له ئایینه جیاجیاكان و پهنادانى خه‌ڵكانى ده‌ره‌وه‌ى سنووره‌كه‌یان بۆ گیرسانه‌وه له‌و ده‌ڤه‌ره ده‌كرد".
شێخ عهبدۆڵسهلامى دووه‌م وه‌ك یه‌كێ له گه‌وره سه‌ركرده و رابه‌ر و درێژهپێدهرانى بزاڤى بارزان نموونه‌ى مرۆڤێكى دادپه‌روه‌ر و ناوبژیوانێكى سه‌ركه‌وتوو بوو له نێوان ئایین و ئایینزا جیاجیاكان به‌بێ جیاوازى، نموونه‌ى ئه‌م بابه‌ته‌ش له‌وه ده‌ركه‌وت كاتێ دوو عه‌شیره‌تى كورد هه‌وڵى هاوپه‌یمانى و ڕێكه‌وتنیان دا دژى عه‌شیره‌تى تخۆماى تیارى ( كریستیان ) و بانگه‌شه‌ى جیهادیان دا دژى كریستانه‌كان، شێخ عه‌بدۆلسه‌لام ته‌داخولى كرد و ڕاگه‌یاندنى جیهادى دژى تخۆماى ره‌تكرده‌وه، سه‌ره‌راى ئه‌و گۆشاره زۆره‌ی عوسمانیه‌كان له‌مباره‌یه‌وه خستیانه سه‌رى.
هه‌رسه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تى (شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى)، جێگرى كۆنسوڵى به‌ریتانى له ئامه‌د ده‌لێت : "به‌ڕاستى شێخ عه‌بدۆلسه‌لام باشترین و لێهاتووترین شێخى ناوچه‌كه بوو، ئه‌و كه‌مترین كێشه‌ى له گه‌ڵ حكومه‌ت دا نه‌بوو، كه‌سێكى عادل و دادپه‌روه‌ر بوو، له ناو گه‌له‌كه‌ى دا به موسلمان و كریستانه‌وه".
سەرۆک (مه‌سعود بارزانى)یش به‌م شێوه‌یه باس له كه‌سایه‌تى و لێهاتوویى (شێخ عه‌بدولسه‌لام) ده‌كات و ده‌ڵێت: " به شه‌هید كردنى شێخ عه‌بدۆلسه‌لام، كورد پێشه‌وایه‌كى وایان له ده‌ست چوو كه ئه‌گه‌ر دواى شه‌ڕى یه‌كه‌مى جیهانى مابوایه، حاڵى كورد به‌و شێوه‌یه نه‌ده‌بوو كه ئێستا تێدا ده‌ژین ".
(شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى) ڕۆلێكى گرنگى بینى له چه‌سپاندنى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تیدا، بۆیه كه‌سێكى گه‌وره‌ى وه‌ك (لونگریك) به‌م شێوه‌یه باس له كه‌سایه‌تییه‌كه‌ى دەكات: " به‌ڕاستى دادوه‌رى ناوچه‌كه‌ى خۆى بوو".
جێگرى كۆنسوڵى به‌ریتانیش له ئامه‌د ده‌لێت : "به‌ڕاستى كه‌سێكى عادل و دادپه‌روه‌ر بوو له ناو گه‌له‌كه‌ى دا، به موسلمان و كریستانه‌وه".
( ویگرام ) له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت : " باوه‌ڕى ته‌واوى به یه‌كسانى و مافى نێوان كوردێكى موسڵمان و مه‌سیحیه‌ك هه‌بوو".
سه‌باره‌ت به هه‌وڵ و كۆششه‌كانى شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى بۆ یه‌كڕێزى و ته‌بایى ناوخۆى كورد (باسیل نیكیتین) ده‌لێت: " زۆر په‌رۆشى هاوكارى و یه‌كگرتن بوو، یارمه‌تى و هاوكاریه‌كى زۆرى كۆده‌نگى و یه‌كگرتنى ده‌دا و هه‌میشه ده‌یگۆت: یه‌كبگرن و هاریكارى یه‌كدى بكه‌ن، چونكه به‌و جۆره كه‌س ناتوانێ زه‌فه‌رتان پێ ببات.
هه‌رسه‌باره‌ت به ئامانج و مه‌به‌ست و هه‌وڵ و كۆششه‌كانى شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى بۆ یه‌ك ڕێزى و ته‌بایى گه‌لى كورد( نیكیتین ) ده‌گێڕێته‌وه: "هه‌رده‌م داواى یه‌كگرتن و هاوكارى نێوان ڕێزه‌كانى گه‌له‌كه‌ى ده‌كرد". هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه ساڵى 1904 شێخ عه‌بدۆلسه‌لام بارزانى له گه‌ل ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له سه‌ركرده و رۆشنبیره كورده‌كان كۆمه‌ڵه‌یه‌كى كوردیان دامه‌زراند. ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه بیرى سیاسى و رۆشنبیرى له ده‌ڤه‌رى بارزان و ده‌وروبه‌رى و له نێوان موسلمان و كریستانهكاندا بڵاو ده‌كرده‌وه.
شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز و پته‌وى له‌گه‌ل شێخ عه‌بدولقادر نه‌هرى، ئه‌مین عالى به‌درخان، فه‌ریق شه‌ریف پاشاى كورى سه‌عید پاشا هه‌بوو، كارێكى زۆرى له‌گه‌ل كردن به مه‌به‌ستى یه‌كخستنى هێز و تواناكانى گه‌ڵى كورد و دروست كردنى گوتارێكى یه‌كگرتووى كوردى.
هه‌روه‌ها شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى په‌یوه‌ندییه‌كى به‌هێز و نزیكى له‌گه‌ل هه‌ریه‌كه له عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان، سمكۆ، حسێن به‌درخان، مارشمعون، سه‌ید ته‌ها نه‌هرى و سه‌ركرده‌یه‌كى ئیزدییه‌كان دا هه‌بوو.
هه‌ر له درێژه‌ى هه‌وڵ و كۆششه‌كانى له پێناو به‌هێزكردنى كۆمه‌ڵه كوردییه‌كان، شێخ عه‌بدولسه‌لام بارزانى هه‌وڵێكى جیدى دا له ناو كۆمه‌ڵه‌ى ته‌عاون و ته‌ره‌قى كورد لقى موسڵ و یه‌كێک بووه له ئه‌ندامه هه‌ره كارا و كاریگه‌ره‌كانى كۆمه‌ڵه‌كه. ته‌نانه‌ت به‌پێى تێڵگرافهكهیان، ئه‌م لقه له 17ى كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى 1908 دامه‌زرابوو و شێخ عه‌بدۆلسه‌لام و لایه‌نگرانى به هۆكار و فاكته‌رێكى به‌هێز و به‌رچاوى كۆمه‌ڵه‌كه ده‌ژمێردران له ناو لقه‌كه‌دا له موسڵ.
یه‌كێكى تر له‌و كۆمه‌ڵه كوردییانهى كه شێخ عه‌بدۆلسه‌لام بارزانى په‌یوه‌ندییه‌كى توند وتۆلى له‌گه‌ل هه‌بوو، كۆمه‌ڵه‌ى (جیهاندان) بوو، كه له سه‌ره‌تاى ساڵى 1913 له لایه‌ن عه‌بدولره‌زاق به‌درخان و سمكۆهوه دامه‌زرابوو. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كى زۆر به‌هێزیشى له گه‌ل كۆمه‌ڵه‌ى (ئیستخلاصى كوردستان) دا هه‌بوو كه له ساڵى 1912 و له لایه‌ن چه‌ند كه‌سایه‌تییه‌كى دڵسۆز و رۆشنبیرى كوردى وه‌ك عه‌بدولڕه‌زاق به‌درخان و سه‌ید ته‌ها نه‌هرى و سمكۆى شكاكه‌وه دامه‌زرابوو.
شێخ عه‌بدولسه‌لام هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه‌كى توندوتۆڵیشى له گه‌ل كۆمه‌ڵه‌ى (ئیرشاد) دا هه‌بوو كه له باكوورى كوردستان دا چاڵاكى ده‌نواند.
ڕه‌نگه شێخى بارزان عه‌بدۆلسه‌لام به‌هێزترین و به‌تواناترین سه‌ركرده‌ى كورد بێ كه حكومه‌تى عوسمانى ـــ حكومه‌تى جۆن تورك، له ماوه‌ى 1908 ـــــ 1914 له گه‌ڵى دا ڕووبه‌ڕوو بووبێته‌وه.
عه‌بدولسه‌لام گیانى له پێناو ئامانجه گه‌وره‌و نیشتیمانییه‌كه‌ى به‌خت كرد كه ئازادى و سه‌ربه‌ستى و ته‌نانه‌ت سهربهخویى بوو.
*سوود له كتێبى (خوێندنه‌وه‌یه‌كى مه‌ده‌نى بۆ بزاڤى شێخ عه‌بدۆلسه‌لام بارزانى) وه‌رگیراوه.