ئێران ئاستی ھەناردە کردنی غازی بۆ عێراق دووهێندهونیو زیاد کرد
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئەنجامی لێک تێگەیشتنی وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی وزەی ئێران و باڵیۆزخانەی وڵاتهكه لە بەغدا، تاران ئاستی ھەناردەکردنی غازی لە ھەشت ملیۆن مەتر سێجاوه، بۆ ٢٠ ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاستی عێراق زیاد كردووه.
گوتیشی: "ھێشتا وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی باشوور، بە غازی نیشتمانیی کار دەکەن کە ئەوەیش وەک پێویست پێدوایستییەکانی ھاووڵاتییان و دامەزراوەکان لە وزەی کارەبا دابین ناکەن".
پێشتر وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاندبوو، ئێران ھەناردەکردنی غازی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ٤٩ ملیۆن مەتر سێجا، بۆ ھەشت ملیۆن مەتر سێجا لە رۆژێکدا کەم کردووەتەوە کە بەھۆیەوە پێنج ھەزار و ٥٠٠ میگاوات کارەبا لەو ناوچانە کەم بووەتەوە.