هەواڵی کوردستان ئێستا

خۆشناو بۆ KDP: ئامانجی ژووری هاوبەشی فراكسیۆنەكانی بەشدار لە حكوومەت ئاشكرا ده‌كات

خۆشناو بۆ KDP: ئامانجی ژووری هاوبەشی فراكسیۆنەكانی بەشدار لە حكوومەت ئاشكرا ده‌كات
خۆشناو بۆ KDP: ئامانجی ژووری هاوبەشی فراكسیۆنەكانی بەشدار لە حكوومەت ئاشكرا ده‌كات

2020-03-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- دوێنێ یەكشەممە 1-3-2020، یەكەم دانیشتنی خولی بەهارە لە ساڵی دووەمی خولی پێنجەمی هەڵبژاردن بەڕێوە چوو، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەم خولەدا فراكسیۆنەكانی بەشدار لە حكوومەت ژوورێكی هاوبەش بۆ هەماهەنگیی زیاتر و پێشكەشكردنی پڕۆژەیاساكان پێكدێنن‌.

ئومێد خۆشناو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆكایەتی پەرلەمان و فراكسیۆنەكانی بەشدار لە حكوومەت كۆبووینەوە و رێككەوتین لەسەر ئەوەی لەم وەرزەی یاسادانانەدا پڕۆژەی هاوبەش پێشكەش بكەین و ژوورێكی هاوبەشیش پێكبهێنین."

خۆشناو ئەوەیشی خستە ڕوو: "سەرۆكایەتیی لیژنەی یاسایی و هەر فراكسیۆنێكی بەشدار لە حكوومەت دوو ئەندام دەستنیشان دەكەن لەگەڵ دەستەی سەرۆكایەتیی لیژنەی یاسایی بەیەكەوە لەو ژوورە هاوبەشە‌ دەبن و زەمینەسازی دەكەن، بۆ ئەم  مەبەستەش پێشبینی دەكەین لەم هەفتەیەدا دەستبەكار بن".

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند: "ئامانجمان لە رێككەوتن بۆ دروستكردنی ژوورێكی هاوبەش، بۆ ئەوەیە هەماهەنگی هەبێت لە نێوان خۆمان و حكوومەت، هەروەها هەماهەنگیی نێوان خۆمان وەكو فراكسیۆن باشتر و قووڵتر بكەینەوە و پڕۆژەكان لە چوارچێوەی ئەولەویەتی كارەكان رێكبخەین و پاشان بەیەكەوە گفتوگۆیان لەسەر بكەین و دواتر لە لیژنەكان پشتیوانییان لێبكەین، ئەم كارەشمان دەبێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی باشتر پڕۆژەكان جێگای خۆیان بگرن و پشتیوانیی زیاتری پەرلەمانی بەدەست بێنن، هەروەها ‌دەوڵەمەنتر و چاكتریش بن."

ناوبراو دەشڵێت: "تا ئێستا یەك كۆبوونەوە بۆ ئەم مەبەستە كراوە، لەم رۆژانەدا كۆبوونەوەی تریش دەكرێت، حكوومەتیش وەڵامی زارەكیی داوەتەوە كە چەند پڕۆژەیەكیان ئامادەیە و بە فەرمی لەم چەند رۆژەی داهاتوودا تەواویان دەكەن و ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێن".

 

نەشوان بەرزنجی