وادهی کشانەوەی هێزهكانی ئەمریکا لە عێراق ئاشكرا كرا
دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدر زیادی: "پرۆسەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا کە ژمارەیان دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازە لە مانگی داھاتوودا، دەست پێ دەکات و تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەدر زیادی ئاشكرای كرد، ئەو بۆشاییەی کە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دروست دەبێت، بە ھاریکاریی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش و ناتۆ پڕ دەکرێتەوە.
بەدر زیادی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرای کرد کە لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆندا هاتووە کە دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم سەربازانی ئەمەریکا لە عێراق بکشێنەوە و گوتی: "ناتۆ شاندێکی رەوانەی عێراق کردووە بەمەبەستی گفتوگۆ کردن لە بارەی مەشق و راھێنان و پێشکەش کردنی پاڵپشتی لۆجستی، ھەروەھا چۆنیەتی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە دوای کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دروست دەبێت".
بەدر زیادی ئاماژەی بەوەیش داوه، ھێزی ئاسمانیی، پشکی گەورەی بەردەکەوێت لە مەشق و راھێناندا لەلایەن راوێژکاره سەربازییهكانی ناتۆ و گوتی: "پرۆسەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا کە ژمارەیان دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازە لە مانگی داھاتوودا، دەست پێ دەکات و تا کۆتایی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت".
زیادی دوای لە سەرجەم لایەنەکان کرد، رێز لە رێککەوتنەکە بگرن بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و پەک نەخرێت و رایگەیاند، پێویستە بۆردومان کردنی باڵەخانەکانی نێردە دیپلۆماتییەکان لە بەغدا، پارێزگاکانی دیکەی عێراق و ھەرێمی کوردستان رابگیرێت و گوتی: "نابێت ئەمریکا ھیچ پاساوێک بھێنێتەوە تا ھێزەکانی لە عێراق بە بیانوی ناسەقامگیری رەوشەکە و پاڵپشتیی کردنی ھێزە ئەمنییەکان لە عێراق بھێڵێتەوە".
ئەندامهكهی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەروەها باسی لەوەش کرد کە ھێزە ھاوبەشەکانی عێراق، دۆسیەی ئەمنی بەڕێوە دەبهن و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش ھیچ رۆڵێکی لەوبارەیەوە نییە و گوتی: "پڕۆسەی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی عێراق نابێت، چونکە رەوشی عێراق جیاوازە لە رەوشی ئەفغانستان".
ئەوەیشی خستەڕوو کە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق، واتای کۆتایی ھێنان نییە بە ھاریکارییەکانی نێوان ھەر دووڵات و گوتی: "ھاریکارییەکان لەبەرزترین ئاستدا دەمێننەوە لە پێناو دەستەبەرکردنی سەقامگیریی لە عێراق".
بەدر زیادی گوتیشی: "عێراق جگە لە ھەماھەنگیی لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، ھەروەھا ھەماھەنگی لەگەڵ ناتۆیش ھەیە بە تایبەتیش لە بوارەکانی مەشق و راھێنان و پاڵپشتی ئاسمانیی".
لای خۆیەوە ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، گاتع روکابی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، وڵاتەکەی رەتی دەکاتەوە مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق درێژ بکرێتەوە.
گاتع روکابی ئاماژەی بەوەداوە کە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق، کاریگەری خراپی لەسەر دۆسیەی ئەمنی نابێت و گوتی: "ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، دۆسیەی ئەمنی لە پارێزگاکاندا بەڕێوە دەبهن".
باسی لەوەش کرد کە بە کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە عێراق، سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق دووبارە نابێتەوە، چونکە ھێزە ئەمنییەکان بەردەوام لە ئامادەباشیدان.
لە ماوەکانی رابردوودا، بەغدا و واشنتۆن لە میانی گەڕی چوارەم و کۆتایی گفتوگۆی ستراتیجییدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ھێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ئەمساڵ لە عێراق بکشێنەوە و تەنھا راوێژکاره سەربازییهكانی ئەمریکا لە عێراق بمێننەوە.