حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چهند درۆنێكی ئێرانمان خستۆتهخوارەوە
دیجیتاڵ میدیای سپێده
حزبی دیموکرات رایگەیاند: لە چەند رۆژی رابردودا 16 فڕۆکەی درۆنی سەر بە سوپای ئێران چەندینجار ناوچەکانی سنوری سیدەکانیان بۆردومان کردوە، لەبەرامبەریشدا هێزەکانیان 4 درۆنیان خستوەتەخوارەوە.
کاوە بەهرامی، فەرماندەی پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە سوپای پاسداران سنوری سیدەکانی سەر بە قەزای سۆرانیان بۆردومانکرد، بۆردومانەکەش زیانی گیانی نەبوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی چەند رۆژی رابردودا سوپای پاسداران لەرێگەی 16 فڕۆکەی درۆن سنورەکەیان بۆردومانکردوە، لەبەرامبەریشدا هێزەکانیان 4 درۆنی ئێرانیان خستوەتەخوارەوە.
ئێران ماوەی چوار ساڵە بە بیانوی بونی پێشمەرگەکانی دیموکرات تۆپبارانی ناوە ناوەی باڵەکایەتی و دەڤەری برادۆست دەکات.
6ی ئەم مانگە، محەمەد پاکپور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران سەردانی بنکە و بارەگاکانی سوپای پاسدارانی لە ناوچە سنورییەکانی ئێران-عێراق کرد و باسی لە دۆخی ناوچەکە و ئەگەری وەڵامی وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، "گروپەکانی دوژمنی شۆڕش، کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێبون، داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین کە لە بارەگاکانی ئەو حزبانە دوربکەونەوە بۆ ئەوەی توشی زیان نەبن.