میرخان: ھیچ مەترسییەك لەسەر مووچەی شەھیدان و ئەنفالكراوان نییە
هەولێر-KDP.info- بڕیارە لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا ئەوانەی لە وەرگرتنی زیاتر لە مووچەیەك سوودمەندن، مووچەیەكیان لێ ببڕێت و سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەھید و زیندانیانی سیاسیش دڵنیایی دەداتە كەسوكاری شەھید و ئەنفالكراون، كە بەپێی یاسا لە مووچەی شەھیدانە بەخشراون و مووچەكانیان نابڕدرێت.
سەوسەن میرخان، سەرۆكی لیژنەی شەھیدان و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی ھیچ مەترسییەك بۆ سەر مووچەی كەسوكاری راستەقینەی شەھیدان و ئەنفالكراوان نییە، چونكە بەپێی یاسا ئەوان پێشتر لە مووچەی شەھیدان و ئەنفالكراوان بەخشراون، واتە ئەگەر دایكی شەھیدێك فەرمانبەر بێت و كوڕەكەشی شەھید بووبێت، ئەوە مووچەی شەھیدانەیان بەپێی یاسا بۆ رێك خراوە و ناچێتە چوارچێوەی دوومووچەییەوە".
سەرۆكی لیژنەی شەھیدان گوتیشی: "كەسوكاری پلە یەكی شەھید، واتە وارسی حەقیقی پێك ھاتوون لە دایك و باوك و كوڕ و كچ و خوشك و برا، بەڵام لەوە زیاتر بە كەسوكاری حەقیقی ھەژمار ناكرێت".
پەیوەست بەو ژمارەیەی ئێستا ھەن و مووچەی شەھید و ئەنفالكراوانیان بۆ بڕاوەتەوە، سەوسەن روونی كردەوە: "راستە لە ئێستادا جگە لەوانەی سەرەوە، مووچە بۆ ژمارەیەك كەسوكار خەرج دەكرێت، ئێمە لە كاتی پێداچوونەوەی پڕۆژەیاسای چاكسازی دانوستان لەبارەی ئەو پرسەوە دەكەین، ئەگەربێت و ژمارەیان كەم بێت، ئەوە ھەوڵ دەدەین جێگەیان بۆ بكرێتەوە و نەبڕدرێت".
قائید میرۆ