هەواڵی کوردستان ئێستا

پرۆسەی به‌ كوردی كردنی تابلۆكان دەستی پێكردووە

پرۆسەی به‌ كوردی كردنی تابلۆكان دەستی پێكردووە
پرۆسەی به‌ كوردی كردنی تابلۆكان دەستی پێكردووە

2020-03-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایدەگەیەنێت، لە ماوەی ساڵێكدا ناوی سەر تابلۆی كۆمپانیا و كارگە و فرۆشگاكان رێك دەخرێتەوە، ئەمینداری ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستانیش دەڵێت، لە ژوورەكانی بارزگانی و پیشەسازی تەنها ناوەكان یەكلا دەكرێتەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەبنەوە.

ئەندازیار كارزان عەبدولهادی، حێگری سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارمان داوە ناوی یەكەمی سەرجەم تابلۆكان لە سنووری هەولێر بە كوردی بێت، بۆ ناوی دووەم و سێیەمیش خاوەن كارگەكان یان كۆمپانیاكان خۆیان سەرپشكن كە بە هەر زمانێكی دیكە بێت."

لە بارەی كاتی دەستپێكردن و كۆتایی پرۆسەكەش، ئاماژەی بەوەدا: "لە ئێستادا پرۆسەكە دەستی پێكردووە و رۆژانە هاوبەشەكان كە سەردانی شارەوانی دەكەن، ناوەكانیان بۆ راست دەكرێتەوە، ئەوەش لە ماوەی ساڵێكدا تەواو دەبێت، چونكە دەبێت لە سالێكدا ئەوان جارێك سەردانی شارەوانی بكەن بۆ پێدانی رسومات كە بۆ هەر مەترێك چوارگۆشە (30) هەزار دینارە".

لای خۆیەوە، شڤان عەبدولڕەحمان، ئەمینداری ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازیی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئێمە وەك ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی تەنها بەرپرسین لە دابینكردنی ناوێك بۆ كارگەكان یان كۆمپانیاكان بۆ ئەوەی ناوەكە دووبارە نەبێتەوە، بابەتی رێكخستنەوەی زمانەوانی و لایەنە هونەرییەكانی دیكەش، لە لایەن شارەوانییەكان رێك دەخرێتەوە".

 

هێدی كاكەیی