"لیژنەی باڵای ماددەی 140 كارا دەكرێتەوە"
كەركووك-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك گوتی، حكوومەتی هەرێم لیژنەیەكی هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی كوردستان پێك هێناوە و، گفتووگۆ لەگەڵ بەغدا دەكەن بۆ ئەوەی لیژنەیەكی باڵا پێك بهێندرێتەوە بۆ قۆناغەكانی ماددەی 140 و بڕیارە دەست بە گەنگەشە بكەن.
ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی كەركووك – گەرمیانی پارتی، عەدنان كەركووكی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكوومەت و پەرلەمانی كوردستان دروست بووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بكەن بۆ كاراكردنەوەی لیژنەی باڵای ماددەی 140، چونكە لیژنە باڵاكە نەماوە و پڕۆژەیەكیش ئامادە كراوە و داواش لە پەرلەمانی عێراق كراوە لیژنە دروست بكرێت.
كەركووكی گوتیشی، ئەو لیژنەیە لەگەڵ بەغدا كار دەكات بۆ ئەوەی قۆناغەكانی ماددەی 140 جێبەجێ بكرێن بە پێی دەستووری عێراق، لیژنەكەش دروست كراوە و دەست بە گفتوگۆ دەكات بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ماددەیە بگەنە رێككەوتن.
بڵند ئیبراهیم