زێباری: هۆكاری پڕنەكردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە كوردستانییەكان، حكوومەتی عێراقە
هەولێر-KDP.info- سوپاسالاری پێشووی عێراق رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە كوردستانییەكان دروست بووە، پڕ بكرێتەوە، بەڵام حكوومەتی عێراق تا ئێستا جیددی نییە و ئەو رێككەوتنانەی ئەنجام دەدرێن، جێبەجێ ناكرێن.
بابەكر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، زۆر گرنگە ئەو بۆشاییەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دروست بووە، پڕ بكرێتەوە، لەبەر ئەوەی داعش سوودی زۆر لەو بۆشاییانە دەبینێت و خۆی رێك دەخاتەوە و هێرش دەكات، بۆیە بوونی ئەو بۆشاییە كارێكی زۆر خراپە.
زێباری گوتیشی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چەندین جار رێككەوتنی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كردووە بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەو ناوچانە ئەنجام بدەن بۆ نەهێشتنی داعش، هەموو جارێكیش عێراق پاشەكشەیان كردووە و جێبەجێیان ناكەن، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی كارەكان دوابكەوێت.
سوپاسالاری پێشووی عێراق باسی لەوەش كرد، دوایین جار كە شاندی وەزارەتی پێشمەرگە رۆیشتە بەغدا بۆ ئەوەی رێككەوتن بكەن، بڕیار بوو حكوومەت نەمێنێت و حكوومەتێكی تازە بێت و دواتر نەكرا و لەناو وەزارەتی بەرگرییش كێشە هەیە و لە كاتی كۆبوونەوە لەگەڵ شاندی وەزارەتی پێشمەرگە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكان و فەرماندەی هێزی هاوبەش ئامادە نەبوو و ناكۆكی لە نێوان خۆشیان هەیە.
دەشڵێ، پێویستە سەردانەكان بەردەوام بن بۆ ئەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەوەی بۆتە كێشە تا ئێستا دیار نییە كێ دەبێتە سەرۆكوەزیرانی عێراق، بەڵام حكوومەتی هەرێم سوورە لەسەر چارەسەركردنی كێشەكان و حكوومەتی عێراقیش پشتگوێی خستووە كە كارێكی زۆر مەترسیدارە، بەڵام مەترسیی داعش زیاتر لەسەر عێراق هەیە نەك هەرێمی كوردستان و هێڵی بەرگریی هەرێم زۆر بەهێزە و رەنگە داعش زیاتر كردەوە لە ناوچەكانی ژێر دەستەڵاتی بەغدا ئەنجام بدات.
ئەوەشی خستە ڕوو، بەغدا هێشتا نەیانتوانیوە حكوومەتێك دروست بكات، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بچێت و بتوانێ ئەو كێشانەیان لەگەڵ چارەسەر بكات.
بڵند ئیبراهیم