حاكم ئازاد: سبەی دیداری میدیا لە ھەولێر بەڕێوە دەچێت
هەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی دووشەممە دیدارێكی نێودەوڵەتی لەبارەی رەوشی میدیا لە شاری ھەولێر بەڕێوە بچێت، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستانیش دەڵێ، ژمارەیەك پسپۆڕی میدیا لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەشداری دەكەن.
حاكم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە سبەی دیداری میدیا لە ھەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت و بۆ ماوەی دوو رۆژ لە شاری ھەولێر كارەكانی بەڕێوە دەبات، دیدارەكەش پەیوەستە بە پرسی میدیا لە ھەرێمی كوردستان و چەندین چالاكی تێیدا ئەنجام دەدرێن لەبارەی رەوشی میدیا و كاریگەرییەكان و رێكخستنەوەی لە ھەرێمی كوردستان".
نەقیبی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان گوتیشی: "جگە لە میوانانانی دیدارەكە، ژمارەیەكی بەرچاوی كەسانی پسپۆڕی میدیا لە ئاستی ناوخۆ و میدیای بیانی تێیدا بەشدار دەبن و سەرۆكی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیھان و زۆربەی ئەو سەندیكایانەی عێراق كە پەیوەستن بە میدیاوە، ئامادەی دیداری میدیای ھەولێر دەبن".
حاكم ئازاد روونی كردەوە: "دوای لێكۆڵینەوەكان، ئەنجامەكانی دیدارەكە دەكرێنە راسپاردە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەك ئامادە بكرێت لەبارەی میدیاوە لە ھەرێمی كوردستان، بە تایبەتی ئێستا ئێمە لە سەروبەندی ئەوەین كار بۆ دامەزراندنی دەزگایەتی میدیایی نیشتیمانی لە ھەرێمی كوردستان دەكەین.
قائید میرۆ