ژووری بازرگانیی: گۆڕەپانێكی گەورە بۆ بازرگانان لە ئیبراهیم خەلیل دروست دەكرێت
دهۆك-KDP.info- سەرۆكی ژووری بازرگانیی دهۆك رایدەگەیەنێت، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا بەردەوامە و بە مەبەستی ئاسانكارییش بۆ بازرگانان، بڕیارە گۆرەپانێكی گەورە لە ئیبراهیم خەلیل دروست بكرێت و بارهەڵگرانی توركیا بێن بارەكانیان لەوێ دابنێن و دواتریش بارهەڵگرانی كوردستان كەلوپەلەكان بگوازنەوە.
ئەیاد حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەكەن كە گوایە جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا راگیراوە، راست نین و ئاڵوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە، لە ئێستاشدا بارهەڵگرانی توركیا دێن بۆ ئەو دیوی سنوور و بارهەڵگرانی ئێمەش دەچن لێیان وەردەگرن، كە ئەو كارەش لە ژێر چاودێریی وردی تەندروستیدا بەڕێوە دەچێت.
سەرۆكی ژووری بازرگانیی پارێزگای دهۆك روونیشی كردەوە: "هەموو جۆرە كەلوپەلێك وەكو جاران بۆ هەرێمی كوردستان دێت و هیچ گۆڕانكارییەك رووی نەداوە، ئەم كارەش كاتییە تاوەكو دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە و دواتر جموجۆڵی بازرگانی وەكو خۆی ئاسایی دەبێتەوە.
حەسەن باسی لەوەش كرد: "پێشنیاز كراوە كە گۆڕەپانێكی گەورە لە خاڵی سنووریی ئیبراهیم خەلیل دروست بكرێت و بارهەڵگرانی توركیا بێن لەوێ باری خۆیان دابنێن و بارهەڵگرانی ئێمەش بچن لەو گۆڕەپانە بارەكان هەڵبگرن و بیهێنن بۆ هەرێمی كوردستان، ئەمەش بۆ ئەوەی بە زووترین كات كەلوپەلەكان بگەن و دوانەكەون، كە ئەمەش وەكو كارئاسانییە بۆ بازرگانان".
ناوبراو دەشڵێ، جگە لە توركیا، ئاڵوگۆڕ و جموجۆڵی بازرگانی لە نێوان هەرێم و عێراقیش بەردەوامە و هیچ گۆڕانكارییەكی بەسەردا نەهاتووە، بازرگانانی عێراقیش لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە كەلوپەلی خۆیان هاوردە دەكەن.
بڵند ئیبراهیم