هەواڵی کوردستان ئێستا

ژاپۆن لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

ژاپۆن لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت
ژاپۆن لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت

2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی كۆنسووڵگەریی ژاپۆن، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و ڕایگەیاند، وڵاتەكەی بەردەوامی دەدات بە هاوكاریكردن و بەرەوپێشەوەچوونی هەرێمی كوردستان.

بەڕێز كاتسۆمی مۆریاسو، بەرپرسی نووسینگەی كۆنسووڵگەری ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان، سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد و لەلایەن هۆشیار سیوەیلی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و هەڤاڵانی مەكتەب پێشوازی كرا.

بەرێزیان سوپاسی موریاسوی كرد كە رۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان ژاپۆن و هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی لە پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بۆ پڕۆژە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، دوایین پێشهاتەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان گفتوگۆیان لەسەر كرا، سیوەیلی جەختی كردەوە كە عێراق پێویستی بە حكوومەتێكی بەهێزە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تیرۆریست و كۆتاییهێنان بە ئەو میلیشیایانە كە بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئارامی و سەقامگیریی عێراق و بە تایبەتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ئەو جێگایانەی كە بەر لێشاوی وێرانكاریی داعش كەوتن.

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، باردۆخەكی ئێستای عێراقی بە هەستیار ناو برد و گوتی، عێراقییەكان لە بەردەم دووڕێیانێكی مێژووییدان و دەبێت بە بەرپرسیاریانە هەڵسوكەوت بكەن. روونیشی كردەوە كە جێگای خۆشحاڵییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێكی زۆری عێراقییەكان ڕێگرییان كرد لە زیاتر قوڵبوونەوەی گرژییەكانی عێراق بەوەی ڕێگەیان نەدا حكوومەتی نوێ لە دەرەوەی ئێرادەی لایەنە سیاسیەكان دابمەزرێنرێت.

كاتسۆمی مۆریاسو، بەرپرسی نووسینگەی كۆنسووڵگەریی ژاپۆن، سوپاسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستانی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی لە رابردوودا پێشكەش بە نوێنەرایەتیی وڵاتەكەیانی كردووە لە هەرێمی كوردستان و هیوای خواست كە ئەو هاوكارییانە بەردەوام بێت بۆ نوێنەری تازەی وڵاتەكەی لە هەرێمی كوردستان كە لە كۆتایی ئەم مانگەدا دەگاتە هەرێم.

مۆریاسو، سوپاسی حكوومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی، ئێمە بەردوام دەبین لە هاوكارییە مرۆییەكانمان بۆ هەرێم و دڵنیایی دا كە نوێنەرایەتیی وڵاتەكەی كارەكانیان بەردەوام و فراوانتر دەكەن.

هۆشیار سیوەیلی، جەختی كردەوە: "ئێمە وەكو پارتی ئامادەی هەموو هاوكارییەكین لە پێناو بەرەوپێشوەچوون و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان و گەلی ژاپۆندا، بەڕێزیان سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەو وڵاتەی كرد بۆ ئەو هاوكارییانەی كە بە هەرێمی كوردستانیان بەخشیوە و رۆڵیان هەبووە لە گەشەسەندن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاییەكان.

گوتیشی: "هاوكارییەكانی ژاپۆن بەرز دەنرخێنین و هیوای خواست كە نوێنەری نوێی ژاپۆن بەردەوامی و پەرە بە كارەكانی بەڕێز مۆریاسو بدات كە كاریگەریی باشیان هەبووە لەسەر پەیوەندیی هەردوولا و پێویستە پەیوەندییەكانیش فراوانتر بكرێن لە پەرەپێدانی پەیوەندییە بازرگانی و سیاسی و پەروەردەیی و كەلتوورییەكان لە نیوان هەردوو گەلدا و بەڵێنی بەردوامیی هاوكارییەكانی دا". 

لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا، باس لە باردۆخی ئێستای عێراق و ناوچەكە بە گشتی كرا و دووپاتیشی كردەوە كە پێویستە ئەو ئاڵۆزیانە سارد بكرێنەوە و ڕێگای دانوستان بگیرێتە بەر بۆ كۆتاییهاتنی نەهامەتییەكان و ڕەخساندنی دەرفەتی گەشەسەندن و سەقامگیری كە لە بەرژەوەندیی هەموو لایەكدایە.

رەوشی ئێستای جیهان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و سیوەیلی داوای كرد كە حكوومەتی ژاپۆن هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە مەترسیدارە، بەو پێیەی ژاپۆن توانای پیشەسازی و تەندروستیی زیاتری هەیە و بەڕێز مۆریاسو باسی لە میكانیزمی رووبەڕووبوونەوەی وڵاتەكەی لەو بارەیەوە كرد و رایگەیاند، پێویستە جیهان پێكەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم مەترسییەدا بكات و بێگومان وڵاتەكەشی وەك هەمیشە رۆَڵی خۆی دەگێڕێت.