گەیلانی بۆ KDP: باس له نھێنیی سەركەوتنی ڕاپەڕین دهكات
ڕانـیـە-KDP.info- سبەی ٢٩ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی شاری ڕانیەدا تێدەپەڕێ، كە لە ٥-٣-١٩٩١ سەری ھەڵدا و دواتر ھەموو شار و شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە، بەرپرسی لقی ١١ی پارتییش رایدەگەیەنێت، ڕاپەڕین وانەی زۆری تێدا بوو، بە تایبەت نھێنیی سەركەوتنی ڕاپەڕین، یەكگرتوویی و یەكڕیزیی ھێزەكانی كوردستان بوو، كە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا دەبینییەوە.
ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند، ڕاپەڕین وەچەرخانێكی گرینگ و مێژوویی بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی ئێمەدا و كوردی گواستەوە بۆ قۆناغێكی تر، كە ڕاپەرین بەرەنجامی زوڵم و زۆریی دەیان ساڵەی رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەتی عێراقی بوو، ھەروەھا لێكەوتە و زادەی خەبات و تێكۆشانی ھەموو شۆڕشەكانی كوردستان بوو.
ناوبراو راشیدەگەیەنێت، كە سەرۆك بارزانی، سەرۆكی بەرەی كوردستانی بوو و قیادەی ڕاپەڕینی كردووە، ڕاپەڕینیش وانەی زۆری تێدا بوو، بە تایبەت نھێنیی سەركەوتنی ڕاپەڕین، یەكگرتوویی و یەكڕیزیی ھێزەكانی كوردستان بوو، كە خۆیان لە چوارچێوەی بەرەی كوردستانیدا دەبینییەوە.
گەیلانی جەختیش دەكاتەوە، ھەر كاتێك یەكگرتوو و یەكڕیز بین دەتوانین دەستكەوتی گەورە بەدەست بھێنین، بەرھەمی ڕاپەڕینیش خۆی لە پەرلەمان و حكوومەت و سەرۆكایەتیی ھەرێمدا دەبینێتەوە، كە لە رابردوودا كورد ئەمەی بەخۆیەوە نەدیبوو، ھەروەھا خاڵێكی تری ڕاپەڕین پەیوەندیی باشی نێوان پێشمەرگە و خەڵك بوو، چونكە لە ئێستادا پێویستیمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ پەیوەندیی ئەوكات.
ھاوكات پێشی وایە، ڕاپەڕین ئەو راستییەی سەلماند، كە رژێمەكان چەندە بەھێز و خاوەن سەربازی زۆر بن، لە بەرامبەر یەكڕیزیی خەڵكدا ناتوانن خۆیان بگرن، ڕاپەڕینیش لە ماوەی كەمتر لە سێ ھەفتەدا رژێمی بەعسی وەدەرنا.
بەرپرسی لقی ١١ی پارتی دەشڵێ، دەڤەری ڕاپەڕین ھەمیشە لانكهی شۆڕش و سەرھەڵدانی خەبات بووە، بەڵام لە ئاست مێژوو و خەباتی دەڤەرەكە وەك پێویست لە ھەموو بوار و سێكتەرەكاندا خزمەت نەكراوە، بۆیە رووی دەممان لە سێ سەرۆكایەتییەكەی ھەرێمە كە خزمەتی زیاتری دەڤەرەكە بكەن.
ھیوا گەیلانی، بەناوی لقی ١١وە پیرۆزبایی خۆیانی ئاڕاستەی سەرۆك بارزانی كرد كە خاوەنی بیرۆكەی ڕاپەڕین و سەرپەرشتیار و ئەندازیاری جێبەجێكردنی ڕاپەڕین بوو، ھاوكات سوپاسی خانەوادەی شەھیدان دەكات كە دەستكەوتەكانی ئەمڕۆی كوردستان بەرھەمی خوێنی ئەوانە.
ھەڵكەوت محەمەد