هەواڵی کوردستان ئێستا

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر یادی ڕاپەڕین بڵاوده‌كاته‌وه‌

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر یادی ڕاپەڕین بڵاوده‌كاته‌وه‌
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان به‌یاننامه‌یه‌ك له‌سه‌ر یادی ڕاپەڕین بڵاوده‌كاته‌وه‌

2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیاى سپێده‌

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە یادی راپەرینە مەزنەكەی بەهاری 1991 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو ڕایدەگەیەنێت: شاراوە نییە سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، لە هەناوی خۆیدا، هەڵگری چەندین ئاریشەی كەڵەكە بووە، كە بەدرێژایی ماوەی حوكمڕانی دوای ڕاپەڕین، یەك لە دوای یەك دروست بوون، ئێستا لە هەموو كات زیاتر، پێویستیی هەنووكەییمان بە چارەسەری ڕیشەیی و دامەزراوەیی هەیە .

دەقی بەیاننامەكە:

بسم الله الرحمن الرحیم

جەماوەری كۆڵنەدەر و قوربانی بەخشی كوردستان

وا ئەمساڵیش یادی راپەرینە مەزنەكەی، بەهاری 1991 دەكەینەوە، ئەو راپەرینەی بە خوێنی گەشی شەهیدان و، دەست و بازوی پۆڵایینی ئێوەی نەترس، لە ماوەی چەند رۆژێكدا، كۆتایی بە حوكمی دڕندەترین دیكتاتۆری سەردەم هێنا و ، خۆری ئازادی لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە هەڵهات و، ئاسۆی نیشتیمانی بە تیشكی ڕزگاری ڕوناك كردەوە .

جەماوەری خۆڕاگری كوردستان

حیزب و لایەنە سیاسییەكان

یادی ئەمساڵ، بۆ هەرێم و عیراق و ناوچەكە، هاوزەمانە لەگەڵ ئاریشە و قەیرانی ناوچەیی و ئیقلیمیدا.

شاراوە نییە سیستەمی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، لە هەناوی خۆیدا، هەڵگری چەندین ئاریشەی كەڵەكە بووە، كە بەدرێژایی ماوەی حوكمڕانی دوای ڕاپەڕین، یەك لە دوای یەك دروست بوون، ئێستا لە هەموو كات زیاتر، پێویستیی هەنووكەییمان بە چارەسەری ڕیشەیی و دامەزراوەیی هەیە . چارەسەرێك بتوانێت كۆی سیستەمەكە بخاتەوە سەر ڕێڕەوی ئاسایی و ژیانیی خۆی، لەو سۆنگەوە، جارێكی تر جەغت لەسەر یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆی ماڵی كوردستانی دەكەینەوە، وەك چۆن بەو یەكریزیەوە كوردستان لەدەستی بەعس رزگار كرا، هەر بە تەبایی و یەكریزی، دەتوانین ئاریشە و مەترسییەكان چارەسەركەین و، هەنگاوی بەهێز بەرەو داهاتوویەكی گەشتر هەڵگرین.

لە ئاستی عێراقدا، سیستەمی حوكمڕانی تووشی قووڵترین قەیرانی سیاسی و كۆمەڵگەیی بۆتەوە و، هەڕەشەی بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی هێناوەتە ئارا، ئەمە لە كاتێكدایە كە هێشتا كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەرێم چارەسەر نەكراون. لەبەردەم ئەو مەترسیانەدا ، داواكارین لایەنە عێراقییەكان، هەرچی زووە ، جیاوازییە سیاسییەكان وەلابنێن و، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی نیشتمانی، كار بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان بكرێت ، گەلی عێراق شایستەی حوكمڕانییەكی رەشیدن، كە بتوانێت عەدالەتی كۆمەڵایەتی دابین بكات و ئامانجەكانی خۆپیشاندەران بهێنێتە دی و خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بەرقەرار بێ ، لەو سۆنگە نیشتمانیەوە، داواكارین لە عێراقدا، ئیرادەی سیاسی راستەقینە بەرپا بێت، بۆ چارەسەر كردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێم و بەغداو، دەستەبەر كردنی تەواوی مافە دەستوورییەكان، بە مادەی 140 یشەوە.

هەر لەو پێناوەدا، بەرژەوەندی باڵای هەرێم و ستراتیژیەتی نیشتیمانی كوردستانی ، لە حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەخوازێت ، تەباو یەكریز رووبەڕووی مەترسییەكان بوەستینەوە و، ستراتیژییەتی هاوبەشی كوردستانی ، بكەینە سیاسەتی خەباتی پێكەوە بوونمان، بۆ دەستەبەر كردنی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی گەلەكەمان.

كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان

مخابن لەگەڵ یادی ڕاپەڕین و بۆنەكانی مانگی ئاداردا، ڤایرۆسی كۆرۆنا، ناوچەكەو تەواوی مرۆڤایەتی خستۆتە بەر مەترسییەوە، بەڵام دواجار هەر ئیرادەی مرۆڤایەتی سەردەكەوێت و، ئەم ڤایرۆسەش، وەك ئەوانەی پێش خۆی لە ناو دەچێت ، لێرەدا وەك ئەركی ئاینی و نیشتیمانی، پێویستە پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بین و گەل و نیشتیمان لە زیانەكانی بپارێزین.

داواكارین لە خوای میهرەبان، خەڵك و خاك و نیشتیمان و تەواوی مرۆڤایەتی، بە ڕەحمی خۆی بپارێزێت و ئارامی و ئاسوودەی بۆ خانەوادەی گەورەی مرۆڤایەتی بگەڕێتەوە.

لە خوای گەورە نزا دەكەین، توشبووان شیفای خێر و خێرایان وەك ڕەحمەتی ئیلاهی بۆ دابارێت.

جارێكیتر پیرۆز بێ یادی ڕاپەڕین و بۆنە نەتەوەیی و نیشتیمانییەكانی مانگی ئادار.

رَبِّ اجْعَلْ هَٰذَا بَلَدًا آمِنًا وَارْزُقْ أَهْلَهُ مِنَ الثَّمَرَاتِ

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان