هەواڵی کوردستان ئێستا

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا
پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا

2020-03-04 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری کوردستان،

بە بۆنەی بیست و نۆیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی ئازاری ١٩٩١وە، گەرمترین پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و سەرجەم کوردستانییان لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان دەکەم.

ڕاپەڕین کە یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی مێژووی گەلەکەمان، دەربڕی باوەڕ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی ئازاد و سەرفرازانە و ڕەتکردنەوەی ستەم و زۆرداری بوو، ترۆپكی خەبات و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و ڕۆڵەکانی گەل و یەکێتی و یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان و سەرجەم خه‌ڵكی کوردستان بوو، پاراستنی دەستکەوتەکانیشی، ئەرک و بەرپرسیاریه‌تیی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌موو تاکێكی کوردستانه‌ و وەفادارییانە بۆ گیانی پاکی شەهیدە قارەمانەکانمان و هەموو قوربانییانی ڕێگای ڕزگاریمان.

کوردستانییانی ئازیز،

گیانی خۆڕاگری و بەرەنگاریی دلێرانه‌تان سه‌رباری ئه‌و لێبورده‌ییه‌ی له‌ ڕاپه‌ڕیندا نواندتان، زادەی هەمان ئەو کولتوورە مرۆڤدۆستانەیە کە ئیلهامبەخش و نەخشەڕێی سەرجەم بەرخودان و شۆڕشەکانی كوردستان بووه‌‌ به‌ ڕاپەڕینیشه‌وه‌. خەباتی ئێوە، هەمیشە هه‌ڵگری باوەڕ و نه‌ریت و به‌ها و جیهانبینییه‌كی بەرز بووه‌ کە شایانی ئه‌وه‌ن نەوە بە نەوەی ئەم گەلە، شانازییان پێوە بکەن. ئەوە ڕاپەڕین و خواستى ئێوە بوو کە سەلماندی مەحاڵە هیچ زه‌بر و زه‌نگ و سه‌ركوتكارییه‌ك بتوانێ شکۆ و خواستى گەلی کوردستان بۆ ژیانێکی سەرفرازانە و ئامانجە نیشتمانییەکانی، بشكێنێ.

کوردستانییانی خۆشەویست،

ڕاپەڕین بەڵگەی زیندووی ئەو ڕاستیەیە کە یەکڕیزی و تەباییی نێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و ئاشتەواییی ناوخۆ، هەمیشە گەلەکەمانی بەرەو سەرکەوتن و سەرفرازیی زیاتر بردووە، بۆیە بۆ بەدیهێنانی سەرجەم ئامانجە نیشتیمانییەکان و مسۆگەرکردنی ژیانیکی شایستە بە خەبات و قوربانییەکانی گەلەکەمان و ئایندەیەکی گەشتر بۆ نەوەکانمان، دەبێ هەوڵی هەموو لایەن و پێکهاتە و هه‌ر تاکێکی کوردستان، لە خزمەتی پتەوکردنی زیاترى گیانی تەبایی و بنەماکانی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتیخوازیدا بێت.

با یادی ڕاپەڕین وزە و ئیرادەی زیاترمان بۆ یەکڕیزی و تەبایی و خزمەتکردن بە گەل و وڵات پێ ببەخشێت.

بەرز و شکۆدار بێت ساڵیادی ڕاپەڕینی مەزنی ئازاری ١٩٩١.

دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

4/3/2020