هەواڵی کوردستان ئێستا

100رۆژ بۆ چاكسازی 100رۆژ بۆ كوردستانێكی به‌هێزتر

100رۆژ بۆ چاكسازی 100رۆژ بۆ كوردستانێكی به‌هێزتر
100رۆژ بۆ چاكسازی 100رۆژ بۆ كوردستانێكی به‌هێزتر

2019-12-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


د.محه‌مه‌د خدر مه‌ولوود 

مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پیاوه‌ ئاوریشمییه‌ پۆڵایینه‌كه‌، رۆژی 7-12-2019 به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی 100 رۆژ به‌سه‌ر كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ته‌كه‌ی گوتارێكی مێژوویی گرنگی كارنامه‌ی 100 رۆژه‌ی كاره‌كانی پێشكه‌ش كرد و له‌ رۆژی 11-12-2019 چوارشه‌ممه‌، پرۆژه‌یاسای چاكسازییه‌ گرنگه‌كه‌شی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی هه‌فتانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا په‌سه‌ند كرد و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی كرد.

له‌ماوه‌ی 100 رۆژه‌ی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، خه‌ڵكی كوردستان له‌نزیكه‌وه‌ هه‌ستیان به‌ بوونی ئه‌و كابینه‌ به‌هێزه‌ی حكومه‌تی كاراو به‌هێزی كوردستان كردووه‌.

خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی به‌تایبه‌تی بۆ رایكردن و راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان كۆنتاكیان له‌گه‌ڵ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت هه‌بووه‌ بونه‌ته‌ پێوه‌رێك بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی خزمه‌تگوزارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان. 

له‌كاتێكدا فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكان ئاوێنه‌ی حكومه‌تن هاوڵاتی هه‌م روخساری خۆی هه‌میش روخساری حكومه‌تی تیادا ده‌بینێته‌وه‌  بۆیه‌ كاتێ هه‌ست به‌ بوونی چه‌ندین وشه‌ وده‌سته‌واژه‌ی ناشارستانی و ناكارگێری ده‌كا و به‌ئاشكرا پێی ده‌گوترێ ( برۆ سبه‌ی وه‌ره‌وه‌ .. یا به‌رێوه‌به‌ر لێره‌ نییه‌ .. یا ده‌رچووه‌ .. یا كۆبوونه‌وه‌ی هه‌یه‌ .. یا هێشتا لیژنه‌ دانه‌مه‌زراوه‌ یا لیژنه‌ كۆنه‌بۆته‌وه‌ ..یا و یای تر... ) تا (برۆ حه‌فته‌یه‌كی تر وه‌ره‌وه‌) ئه‌م هاووڵاتییه‌، نه‌ك هه‌ر تێده‌گا مه‌به‌ست لێی به‌رێكردن و پوول پێوه‌نانیه‌تی به‌ڵكو تووشی هه‌ستی خۆ به‌كه‌م زانین و كه‌م سه‌یركردنیش ده‌بێت به‌رامبه‌ر دامه‌زراوه‌یه‌كی فه‌رمی حكومه‌ته‌كه‌ی خۆی.

ئه‌ی له‌ بوونی گرژی و مۆنی روخساری هه‌ندێ له‌ فه‌رمانبه‌رانی نێو هه‌ندێ له‌ داموده‌زگاكانی میری له‌ به‌‌رامبه‌ر موراجیع و ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی  به‌ مه‌به‌ستی كاری رۆژانه‌ سه‌ردانی ئه‌و داموده‌زگایانه‌یان ده‌كه‌ن. ده‌بێ چ شڵه‌ژان و په‌چه‌كردارێكی لێ به‌رهه‌م بێت ؟ 

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوی چاكسازی بۆ رێگری له‌ رۆتین و به‌فیرۆدانی كات و كه‌مته‌رخه‌می له‌ راپه‌راندنی كاردا، پابه‌ندكردنی فه‌رمانبه‌رانی بوو به‌ ده‌وامی فه‌رمیان له‌ كاتژمێری یه‌كه‌می سه‌ره‌تای ده‌وام تا دوا كاتژمێره‌كانی كۆتایی، له‌وه‌وه‌ گه‌ر ئه‌م دیاردانه‌یشی به‌ یه‌كجاری بنبڕنه‌كردبێ، كه‌می كردۆته‌وه‌ و به‌ تێپه‌ربوونی كاتیش كه‌متری ده‌كاته‌وه‌ تا بنبڕكردنی یه‌كجاره‌كی هه‌موو جۆره‌ هه‌ڵسوكه‌وتێكی ناشایسته‌ی فه‌رمانگه‌كان له‌ به‌هه‌ده‌ردانی كات و تێچووی پاره‌وپولی هاوڵاتی بۆ رایكردنی كارێك له‌ كاره‌كانی له‌ فه‌رمانگاكان.

هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌و فه‌رمانگه‌یانه‌ و ئه‌و جۆره‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ هۆكار و فاكته‌رن بۆ ناشیرینكردنی روخساری حكومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تداری و بوونه‌ته‌ دێوه‌زه‌مه‌ بۆ هه‌ڵلوشینی كات و گیرفانی هاوڵاتی خاوه‌ن مامه‌له‌یه‌كی ئاسایی فه‌رمی و له‌ ئه‌نجامیشدا جۆرێك له‌ ناره‌زایی و تووڕه‌ییشی هێناوه‌ته‌ به‌رهه‌م.

خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی كاری فه‌رمیان ده‌كه‌وێته‌ فه‌رمانگه‌ و داموده‌زگاكانی میری، خه‌ڵكی ئه‌م نیشتیمانه‌ن چ شارنیشین بن چ لادێ و شارۆچكه‌نشین، لایده‌و نابه‌له‌د نین، له‌ ئه‌نجامی ئه‌وهه‌موو قه‌یران و گرفته‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی له‌ ساڵانی پێشوو رووبه‌ڕووی حكومه‌تی هه‌رێمی  كوردستان كرابوونه‌وه‌ سه‌رباری ‌هه‌موو هێرش و په‌لامار و شه‌ڕی داسه‌پاوی ئابووری و سه‌ربازییه‌وه‌یش‌ ئه‌وانیش قوربانی و چه‌وساوه‌ و ترسێندراو شڵه‌ژاو و نیگه‌رانی ئاینده‌ی نیشتیمانه‌كه‌یانن.

ئه‌و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌ ماندوونه‌ناسه‌، ئاسووده‌و به‌خته‌وه‌رن كاتێ ده‌بینن له‌‌ ماوه‌ی ئه‌و 100 رۆژه‌ی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌ته‌كایاندا، سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كه‌یان هه‌موو چوارشه‌ممانێكی حه‌فته‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كردۆته‌ به‌رنامه‌ی كاری حكومه‌ته‌كه‌ی، به‌رنامه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ كاره‌كان و چۆنیه‌تی باشتر و ئاسانتر خزمه‌تكردنی هاوڵاتیان، هه‌ر بۆیه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ش چاویان بڕیوه‌ته‌ ئاینده‌ی سه‌ركه‌وتنی ئه‌زموونی حوكمڕانی  حكومه‌ته‌كه‌یان و هێنانه‌دی كوردستانێكی به‌هێزتر بۆ هه‌مووان. 

تێگه‌یشتن له‌م هاوكێشه‌یه‌ لای هاوڵاتییان و هاونیشتیمانیان له‌ كوێنده‌ری كۆی ئه‌وهاوكێشانه‌ دایه‌؟ له‌ كوردستانێكدا كه‌ له‌ نێو جه‌رگه‌و له‌ نێو ده‌وروبه‌ر و له‌ ناوچه‌یه‌كی گڕگرتووی پڕ له‌ قه‌یران و گرفت و كێشه‌ی پێشبینیكراونه‌كراودایه‌ وله‌ كوردستانێكدا خاوه‌نی سه‌دان و هه‌زاران موچه‌ و پاره‌خۆری بندیوار و به‌رسێبه‌ر و فه‌رمانبه‌ری بێ فه‌رمانگا و پله‌داری بێ پله‌وپایه‌ دایه‌  و وا حكومه‌تێك، ده‌سه‌ڵاتێكی به‌هێز و باوه‌ڕ به‌ ئاینده‌ ده‌یپارێزی و چاره‌نووسی مێرگه‌ ئارام و ئاسوده‌كه‌، كوردستانه‌ به‌هێزه‌كه‌  نه‌ك هه‌ر راده‌ستی قه‌ده‌ر و چاوتێبڕینی پلان و نه‌خشه‌ی پیلانگێران و داگیركاران ومشه‌خۆر و پاره‌خۆران ناكات، به‌ڵكو سازشیش له‌ سه‌ر ئاینده‌ی پرس و دۆزه‌كه‌ و به‌هه‌ده‌ردانی ئابووری و سامانی وڵاتیش ناكات. 

ئێستا هاوڵاتییان و خه‌ڵكی شۆڕشگێری كوردستان دوای 100 رۆژه‌ی چاكسازی له‌ رۆژانی 100 رۆژه‌ی دووه‌می حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سروور بارزانی دا ده‌ژین، دڵنیان ئه‌و پیاوه‌ ئاوریشمییه‌ پۆڵاینیه‌ بۆ پرۆژه‌ چاكسازییه‌كه‌ی دژ به‌گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامان و داهاتی، بۆ مشه‌خۆر و گه‌نده‌ڵكاران به‌ ( یاسا و رێسا و بنه‌ما )ی پته‌وی ( دژ بوون تا خاوێن بوونه‌وه‌ )، رێگاكانی گه‌یشتن و گه‌یاندنی  كوردستان به‌ كوردستانێكی به‌هێزتر ئاسانتر ده‌كات.