ئەمەریکا دەستی بە نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالش کرد
شێخان- KDP.info - ئەندامێکی پرۆژەی نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالش ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی بەرنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ پاراستنی شوێنەوارەکان، ئەو وڵاتە دەستی بە نوژەنکردنەوەی پەرستگای لالش کرد.
پەرستگای لالش، گەورەترین و پیرۆزترین پەرستگای ئێزدیانە، کە دەکەوێتە باکووری قەزای شێخان و لە نێوان سێ چیادایە و بە سروشتێکی جوان خەمڵاوە.
ئەندازیار خالد نەرمۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: "نۆژەنکردنەوەکە لە ڕێگای تیمەکانی زانکۆی پەنسڵڤانیاوە بە سەرپەرشتیی تیمی ئەندازیاریی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی لالش و بە هاوئاهەنگیی ئەنجومەنی ڕۆحانیی ئێزدییان جێبەجێ دەکرێت."
نەرمۆ ڕایشیگەیاند: "پێش چەند مانگێک ئەمەریکا ٥٠٠ هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش تەرخان کردبوو، کەچی ئەمڕۆ دەستی بە نۆژەنکردنەوەکە کرد."
نۆژەنکردنەوەی پەرستگای لالش بە چەندین قۆناغ دەستی پێ کرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
کاروان باعەدری