هەواڵی کوردستان ئێستا

سیوەیلی: بەپێی دەستوور سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە رادەسپێرێت.. حوكمی عێراق تاكلایەنە ناكرێت

سیوەیلی: بەپێی دەستوور سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە رادەسپێرێت.. حوكمی عێراق تاكلایەنە ناكرێت
سیوەیلی: بەپێی دەستوور سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە رادەسپێرێت.. حوكمی عێراق تاكلایەنە ناكرێت

2020-03-07 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر كاندیدانی داهاتوو ئەزموونی عەللاوی و ئەوانەی پێش خۆیان دووبارە بكەنەوە، سەركەوتوو نابن و بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچین، بۆیە ناكرێت هیچ حكوومەتێك بێ كورد پێك بهێنرێت و ئەگەر دروستیش بكرێت، شكست دەهێنێت.

هۆشیار سیوەیلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "كورد زۆر هەوڵی دا حكوومەتی عێراق سەركەوتوو بێت و سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو مافەكانی كورد بخاتە بەرنامەی حكوومەتەوە، بەداخەوە وای نەكرد و حوكمی عێراقیش تاكلایەنە ناكرێت، چونكە لە ڕابردوودا تاقی كراوەتەوە و ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ عێراق هەبوو و شاندی ئێمە زۆر هەوڵی دا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی راسپێردراو بگاتە رێككەوتن و داواكاریی كوردی خستە بەردەمی بۆ ئەوەی پێشێلی مافی دەستووریی كورد نەكرێت، بەڵام هەر گوێی پێ نەدا و رازی نەبوو، بۆیە نەمانویست ئەو ئەزموونە تاڵە دووبارە ببێتەوە و پێكهاتەكان پشتگوێ بخرێن و حوكمی عێراق لەلایەن یەك پێكهاتەوە بكرێت".

سیوەیلی گوتیشی، محەمەد توفیق عەللاوی ویستی تاكلایەنە و تاكڕەوانە دەسەڵات بگرێتە دەست، بۆیە كورد و سوننە و بەشێكی شیعەش ئەمەیان ڕەت كردەوە، بۆیە ئەویش سەركەوتوو نەبوو لە هەوڵەكەی، هەر كەسێكیش مافی كورد نەدات، سەركەوتوو نابێت.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی باسی لەوەش كرد، لە ئێستادا بەپێی ماددەی 76ی دەستووری عێراق، سەرۆككۆمار كەسێكی دیكە بۆ پێكهێنانی حكوومەت رادەسپێرێت، جا هەركەسێك بێت، گرنگ ئەوەیە مافی گەلی كورد بەپێی دەستوور دابین بكات، ئەگەر ئەویش سەركەوتوو نەبوو، كەسی سێیەم رادەسپێرێت و ئەگەر ئەویش سەركەوتوو نەبێت، ئەوكات بەپێی ماددەی 76ی دەستووری عێراق، پەرلەمان بە زۆرینەی رەها خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و لە ماوەی دوو مانگدا هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت.

 

بڵند ئیبراهیم