هەواڵی کوردستان ئێستا

پۆلیسی بریتانیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی لەندەن ئاشکرادەکات

پۆلیسی بریتانیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی لەندەن ئاشکرادەکات
پۆلیسی بریتانیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی لەندەن ئاشکرادەکات

2019-11-30 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-               

پۆلیسی بریتانیا ناسنامەی هێرشکەرەکەی لەندەنی ئاشکراکرد، کە دوێنێ دو کەسی بە چەقۆ کوشت، بەپێی وتەی پۆلیس، پێشتر بەهۆی کاری تیرۆریستییەوە زیندانی کراوە و ساڵی رابردو ئازادکراوە.

هێرشکەرەکە کەسێکی ناسراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بریتانیاوە، ساڵی 2012 بەهۆی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییەوە دەستگیرکراوە

 

نیل باسو، فەرماندەی پۆلیسی بەگژداچونەوەی تیرۆری بریتانیا لەراگەیەندراوێکدا رایگەیاند، "هێرشکەرەکە کەسێکی ناسراوە لەلایەن دەسەڵاتدارانی بریتانیاوە، ساڵی 2012 بەهۆی ئەنجامدانی کاری تیرۆریستییەوە دەستگیرکراوە، ساڵی رابردو بە مەرج ئازادکراوە، بەڵام یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەئێستادا ئەوەیە، چۆن توانیویەتی ئەو هێرشە ئەنجامبدات".

لە لەندەن بریج، روداوێكی تەقەكردن هەیە و هێزەكانی پۆلیسی ئەو شارە لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەدان

 

پاشنیوەرۆی دوێنێ پۆلیسی بریتانیا بڵاویكردەوە، "لە لەندەن بریج، روداوێكی تەقەكردن هەیە و هێزەكانی پۆلیسی ئەو شارە لە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی دۆخەكەدان".

ئاماژەی بەوەشکردبو، هێرشکەرەکە پشتوێنێکی بۆمبڕێژکراوی ساختەی لەپشتکردوە، بەچەقۆ هێرشی کردوەتە سەر ئەو هاوڵاتیانەی کە بەسەر پردەکەدا تێپەڕبون، دو کەسی کوشتوە و سێ کەسی دیکەشی بریندارکردوە.

هێرشکەرەکە لەلایەن شەش رێبواری ناوچەکەوە دراوە بەزەویدا و چەقۆکەی لێوەرگیراوە

 

باسی لەوەشکرد، هێرشکەرەکە لەلایەن شەش رێبواری ناوچەکەوە دراوە بەزەویدا و چەقۆکەی لێوەرگیراوە، کەسێکی دیکەش چەقۆکەی لێ دورخستوەتەوە.

فەرماندەی پۆلیسی بەگژداچونەوەی تیرۆری بریتانیا رونیکردەوە، یەکێک لە چەکدارانی هێزە تایبەتەکانی پۆلیسی لەندەن گوللەی ناوە بە هێرشکەرەکەوە، کاتێک ویستویەتی هەڵبێت، واتا "لەسەر شانۆی تاوانەکەی خۆیدا کوژراوە".