"لە نزیک مەخموور ھاوپەیمانان ھێرشیان کردە سەر داعش"
مەخموور-KDP.info - بەیانیی ئەمڕۆ ئۆپەڕاسیۆنێک بۆ لەناوبردنی بنکەکانی داعش لە نزیک مەخموور بەڕێوە چوو، بەپێی زانیارییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە شەڕ لە نێوان ھاوپەیمانان و چەکدارانی داعش ڕووی داوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە میحوەری شەشی مەخموور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گەیشتوون، "ئەمڕۆ یەکشەممە (٨-٣-٢٠٢٠) ھێزەکانی ھاوپەیمانان بە چڕی بنکە و بارەگاکانی داعشیان لە چیای قەرەچۆغی نزیک شارۆچکەی مەخموور کردووەتە ئامانج."
سەرچاوەکە گوتیشی: "دوای بوردوومانەکە شەڕ لە نێوان داعش و ھاوپەیمانان ڕووی داوە و لە ئەنجامدا زیانی زۆر بەر تیرۆریستانی داعش کەوتووە، بەڵام ژمارەی کوژراوەکان دیار نییە."
وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "شەڕی ڕووبەڕوو لە نێوان ھێزەکانی ھاوپەیمانان و چەکدارانی داعش ڕووی داوە و بە ھەلیکۆپتەری سەربازی ھاوپەیمانان چوونەتە سەر چەند گوندێکی مەخموور."
قائید میرۆ