ژنانی کورد: دژی جیاوازیی ڕەگەزی کار دەکەین و خوازیاری هاوبەشی و هاشانین
دهۆک-KDP.info - ژنانی کورد لە مێژوودا ناویان بەرز و بڵندە و هەمیشە ژنانی کورد دەڵێن: 'تێدەکۆشین دژی جیاوازیی جێندەری و دەمانەوێ هاوبەش و هاوشانی کۆمەڵگا کار بکەین."
ئەمڕۆ ٨ــی مارس ڕۆژی جیهانیی ژنانە و ئەمساڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر ناونیشانی 'جیهانی یەکسان بریتییە لە دنیای پێکەوەکارکردن' یادەکە دەکاتەوە.
لەو بارەیەوە، بنەفش عەلۆ، کچێکی چالاکی پارێزگای دهۆکە، دەڵێ: "دەبێ هەمیشە کار لەسەر بەهێزبوونی ژن بکرێت و ژن بکرێتە جێگای متمانە و ڕۆلیان پێ بدرێت، هاوشانی کۆمەڵگا کار بکەن و جیاوازیی ڕەگەزی نەبێ."
بنەفش دەیەوەێ لە ڕیگای ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پەیامێک بە دنیا بگەینێ و دەڵێ، پەیامم ئەوەیە دەبێ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان بێنە سەرهێڵ بۆ ئەوەی کچ و ژنانی ئێزدی ڕزگار بکەن، دووبارە هاوشانی هەموو ژنانی دنیا بژین.'
سەرۆك بارزانی لەبارەی ئەو ڕفینراوانەی کوردانی ئێزدییەوە ڕایگەیاندبوو 'تۆڵەی خۆمان دەکەینەوە، کچانی ئێزدی شەرەفی گەلی کوردن."
فێمێنیزم، بزوتنەوەیەکی داکۆکیکەرە بۆ نەهێشتنی جیاوازی لە نێوان ژن و پیاو لە سەرجەم بوارەکانی ژیاندا، ئەم بزووتنەوەیە تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتی و بزووتنەوەیەکی سیاسی و فەلسەفەیەکی ئەخلاقییە بۆ نەهێشتنی جیاوازیی ڕەگەزی. سەرەتاکانی پەیدابوونی ئەم بزووتنەوەیە بەڕوونی دیار نییە و هەندێک دەیگێڕنەوە بۆ دوای شۆڕشی فەرەنسا، هەندێکی تر بۆ سەدەی ۱۹، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەم بزووتنەوەیە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا بەرەوپێشچوونی بەخۆوە دیوە، بەتایبەت لە وڵاتەکانی وەک بەریتانیا و ئەمەریکا.
ئافرەتانی کورد لە هەموو سەردەمێکدا باجی گەورەیان بەر کەوتووە، هەم لە شار و هەم لە شاخ و، لەم سەدەیەشدا ژنانی کوردانی ئێزدی ڕووبەڕووی هەموە جۆرە ناخۆشییەک بوونەوە، بەڵام سەربەرزانە گەڕاونەتەوە نێو ماڵوحاڵی خۆیان و بەشێکیشان لەدەست داعشدا ماون.
"نازانم تا ئێستا دنیا چۆن وا بیدەنگە بەرامبەر بەو ستەمە کە تا ئێستا ژنانی ئیزدی دەیچێژن لەژێر ستەمی داعشدا، دەبوایە هەموویان کاریان بۆ ئەوە بکردایە کە ژنانی ئێزدی لەم دۆخەدا نەبن'. بنەفش وای گوت.
هاوکات، جیان کوردستانی، ئافرەتیکی دیکەیە دەڵێ: "بەشداریی ئافرەت لە پرۆسەی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا هۆکاری سەرەکیی بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگایە."
بزووتنەوەی فێمێنیزم سەرەتا داخوازیی مافە زەوتکراوەکانی ئافرەتانیان دەکرد، وەک مافی دەنگدان و خوێندن و مووچە و یەکسانی لەگەڵ پیاوان، بەڵام دواتر گۆڕانی گەورە بەسەر دواخوازییەکانیاندا هات.
جیان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ: "ئێستا ئەگەر تەماشایەکی ورد بکەین ژنان لە زۆربەی جومگەکانی وڵاتدا هەن و بڕوام وایە ئافرەتی کورد دەتوانێت سەرکردە بێت."
ئێستا ماف و یەکسانیی ژن لە جیهاندا بووەتە وانەی خوێندنی قوتابخانەکان و لەسەر شەش قوتابخانەی هزری و ئایدیالی و مەنهەجی دابەش بووە.
کاروان باعەدری