هەواڵی کوردستان ئێستا

هەلەو واشنتن: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان

هەلەو واشنتن: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان
هەلەو واشنتن: خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکانی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان

2021-11-27 00:00:00 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

لەم هەفتەیەدا خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکانی بەشێکی زۆر لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای پێدانی دەرماڵەکانیان دەکرد و جەختیان لە بارودۆخ و گوزارەنیان دەکردەوە.

دوو خوێندکاری زانکۆ لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی هەلەو واشنتن باس لە خۆپێشاندانەکان و داواکانی خوێندکاران دەکەن، هێدی چاوەڕێ لە شاری هەولێر و ئەمیری مام والی لە شاری سلێمانییەوە کۆکن لەسەر ئەوەی کە داخوازییەکانیان ڕەوان و هەروەها جەختیش لە چاککردنی دۆخی بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکەنەوە.

هەردوو میوان باس لەوەش دەکەن یەکێک لە داواکارییەکانیان گەڕانەوەی شکۆیە بۆ زانکۆکان، وەک ئەوان دەڵێن لە ئێستادا ئەو شوێنە ئەکادیمییە هاوشێوەی بارەگای حیزبی لێهاتووە. 

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دواییدا پێکدادان لەنێوان خوێندکاران و دەزگا ئاساییشیەکان ڕوویدا.  

هێدی چاوەڕێ خوێندکارێکی زانکۆی سەلاحەدینە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند" لە هەولێر چەند ڕۆژێک بە سانایی خۆپیشاندانەکان بەرێوەچوون بەڵام لە ڕۆژی پێنجشەممەدا دۆخەکە بە جۆرێکی دیکە بوو". وەک هێدی چاوەڕێ دەڵێت "ئەو ڕۆژە هێزێکی زۆریان هێنا بوو، جیاوازتر لە ڕۆژانی ڕابردوو، زۆر توند بوون و نەیاندەهێشت خوێندکاران بەیەکەوە کۆببنەوە، تەنانەت مۆبایلیان لە قوتابیان دەسەند. سەرەڕای ئەو هەموو سانسۆرە خۆپیشاندان هەر بەردەوام بوو، بۆ ماوەیەکی کورتیش ڕێگای سەرەکی هەولێر بۆ کەرکوک داخرا و 6 کەسیان دەسگیر کرد و هێشتا ئازاد نەکراون، لەگەڵ ئەوەش چەندین بریندار هەبوون، دوو خوێندکار قاچیان شکابوو، هێزەکە لە کوڕان و کچانیان دەدا بێ جیاوازی". 

سەبارەت بەو شەقەی کە لە زۆرێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبۆوە کە گوایە   کارمەندێکی ئاسایش و پێشمەرگە لە خوێندکارێک دەدەن و دواجار بەرپرسێکیش شەقێک لەسەری خوێندکارەکە دەدات، هەردوو میوانەکە پێیانوایە وەک ئەوە وایە شەقەکە لەسەری هەموو خۆپیشاندەران درابێت و داوای دادگایی ئەو کاربەدەستە دەکەن، هەرچەندە جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە کە فەرمانی دەسگیرکردنی بۆ ئەو کەسە دەرچووە. لە ڕاگەیاندنەکانیش وەها بڵاوبۆتەوە کارمەندەکەی ئاسایش دەسگیرکراوە، بەڵام  هێدی و ئەمیر هێشتا بڕوایان بەو بڕیارە نیە، وەک خۆیان دەڵێن تا دادگاییکردنەکە بە چاوی خۆیان نەبینن.

لە شاری سلێمانی دوابەدوای یەک دەوامی خوێندن دەکەن بە پشوو، تا خوێندکارانی قەزاو ناحییەکانی دەرەوەی سلێمانی نەگەڕێنەوە بۆ خوێندن و دیسانەوە خۆپیشاندانەکان سەرهەڵبدەنەوە. هەرچەندە ئەمیری مام والی دەڵێت، تا داواکارییەکانیان جێبەجێ نەکرێن خۆپیشاندان هەر بەردەوام دەبێت، ئەو لە بارەی توندوتیژی کە دەرهەق بە خوێندکاران کراوە دەڵێت "ئەوەی ئەو سێ ڕۆژەی ڕابردوو لە سلێمانی ڕوویدا وەک ئەوە وابوو لە فیلمی گەردەلولدا بین، لەوەش ناخۆشتر ئەوەیە بەردەوام خەڵکانی سەر بەخۆیان دەنێرن کاری تێکدەرانە بکەن، هەتا خۆپیشاندانەکەی پێ ناشرین بکەن.لە دوا ڕۆژی خۆپیشاندانەکانی ناو زانکۆی سلێمانی خەڵک هەبوون نێردرابوون بە چەقۆو بۆکس خەنجەرەوە تا سەرۆکایەتی زانکۆ بسوتێنن، ئێمە بووین ڕێگەمان نەدا و نەمان هێشت ئەو کارە سەربگرێت".

هێدی دەڵێت "گرنگ ترین شت لابردنی دەستی حیزبە لە ناو زانکۆکاندا، کە دێیتە ناو زانکۆی سەلاحەدینەوە لە هەولێر، وادەزانی چویتە ناو بارەگای حیزبەوە ئەو هەموو وێنەیە چییە؟ حیزبایەتییەکی زۆر لە نێو زانکۆکاندا بەدی دەکەیت".

ئایا خۆپیشاندانی خوێندکاران خۆرسکە یان دەستی حیزب و سیاسی دیکەی لە پشتە. لەوبارەیەوە هێدی و ئەمیریش پێیانوایە، خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان، هیچ پەیامێکی سیاسی لە پشتەوە نییە، داوای دەرماڵە و مافەکانمان دەکەین.

 لەو بارەیەوە هێدی دەڵێت "هیچ پاساوێک نەماوە دەرماڵەکەمان نەدەنەوە، نەوت لە نرخێکی بەرزدایە، قەیرانی داراییش نەماوە". سەبارەت بەخۆڕسکی خۆپیشاندانەکانیش ئەمیر دەڵێت "داواکاری خۆپیشاندەرانی ئەمجارە بۆیە جێگای خۆی کردووەتەوە و بەهێزەوە حکومەتی هێناوەتە لەرزین، لەبەر ئەوەیە کە دەستی هیچ حزبێکی لە پشتەوە نییە و لەسەرجەم زانکۆکانەوەیە، هەر حزبێکیش ئەوە بخوازێت ئەوا خویندکارەکان ڕێگە نادەن، ئەوەی لەپشتی ئێمەیە ویژدانی خۆمانە و مافەکانمانە". 

لە کاتێکدا کەم کەس دەتوانێ نکوڵی لە ئاوەدانی و ئەو گۆڕانکاریانە بکات کە هەولێر بەخۆیەوە دیتووە، لەو بارەیەوە هێدی پێیوایە کە وەک ئەفڵاتون وتویەتی "لە دنیادا پایتەختە گەورەکان دەبنە دوو بەش، شاری هەژاران و شاری دەوڵەمەندان".

 دەشڵێت لە میدیاکانی دەسەڵاتەوە قسە لەسەر ئەوە دەکەن کە هەولێر ئاوەدانە، بەڵێ ئاوەدانە، هەولێریش وای بەسەر هاتووە، بەشە ناوخۆییەکانی زانکۆ ئەوەندە وێراننن لە باس کردن نایەت، ئەوانەشی باسی خۆشگوزەرانی هەولێر دەکەن بۆ یەک چرکە ساتیش نەهاتوون بزانن لە بەشە ناوخۆییەکان چی دەگوزەرێت". 

لەبارەی بەشە نێوخۆییەکانی زانکۆی سلێمانیش ئەمیر دەڵێت "ئاوی زەردتان دیوە لە تەنکی سەرباندا، ئەوە ئاوی خواردنەوە و خۆشتنی خوێندکارانە، وێنەشمان گرتووە، هەروەها نە سیستمی گەرم کەرەوە و فێنککەرەوەی بە تەواوەتی کار دەکات، جا باسی چی بکەین". 

بەڕای هەردوو خوێندکارەکە خۆپیشاندانەکانیان بەردەوام دەبێت تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێ دەبێت، کە گەڕانەوەی دەرماڵەکانیان بەشێک لە گیروگرفتەکانیان بۆ چارەسەر دەکات ".