عەدنان موفتی: سەرۆكی هەرێم رۆڵی لە لێكنزیككرنەوەی لایەنەكاندا هەبووە
هەولێر-KDP.info- عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان دەڵێ، نەك بە تەنیا حیزبەكەی، بەڵكوو سەرجەمی لایەنەكان بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا یەك پەیامیان هەیە، ئەویش بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا بكرێت. هاوكات رۆڵی سەرۆكی هەرێمیش بە ئەرێنی ناو دەبات، بەو پێیەی رۆڵی لە لێكنزیككرنەوەی لایەنەكاندا هەبووە.
عەدنان موفتی، لە لێدوانێكی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، بۆ ئەم قۆناغەی ئێستا، نەك بە تەنیا یەكێتی، بەڵكوو سەرجەمی لایەنەكان یەك پەیامیان هەیە، ئەویش بە یەكدەنگی مامەڵە لەگەڵ دۆخی ئێستای عێراقدا بكرێت.
دەیان هەزار كەس لە ناوەڕاست و باشووری عێراق راپەڕیون و داواكارییان هەیە، بە لای عەدنان موفتییەوە داواكارییەكانیان رەوایە، كە داوای چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و دادپەروەری دەكەن، بۆیە پێی باشە، كە دەبێ هاوكاریان بن، هاوكات هەندێ داواكاریش بۆی هەیە تەوەری دیكە وەربگرێت، كە داوای گۆڕینی دەستوور و پێداچوونەوە بە سیستمی حكومڕانیدا دەكەن، ئەوەیشی بە جۆرێك لە درزتێكەوتن وێنا كرد، بەو پێیەی زۆرینەی خۆپیشاندەران خەڵكانی سادەن و داواكانیان دیارە، بەڵام لێرە و لەوێ خەڵكانی خراپ چوونەتە نێویانەوە، بە مەبەستی بەلارێدابردنی خۆپیشاندان بە ئاقارێكی خراپدا.
وەك ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ئاماژەی دا، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان، بە پێویستی دەزانێت سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان خۆیان بۆ گفتوگۆی هەموو بوارێك ئامادە بكەن، بە تایبەت ئەو بابەتانەی پەیوەندییان بە مافەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەیە، لە پێش هەموویانەوە مافە دەستوورییەكان.
ئەو بە پێویستیشی دەزانێت، لایەنە عێراقییەكان بە دەم داواكانی خۆپیشاندەرانەوە بچن و، ئەو داوایانەی كە مافی هاووڵاتیانە و لە چوارچێوەی ماف و چاكسازیدان، پێشوازییان لێ بكرێت و گۆڕانكاریش ئەنجام بدەن، جەختیشی لەوە كردەوە، ئەو ئەقڵییەتەی لە ٢٠٠٣ـوە وڵات بەڕێوە دەبات و تائیفییەت تێیدا رۆڵی دەبینی، وەلا بنرێت.
سەردانی سەرۆكی هەرێم بۆ لای پارتە كوردستانییەكان لە پێناو دروستكردنی یەكڕیزی و یەكدەنگی، بە لای عەدنان موفتییەوە كارێكی باشە و رۆڵی ئەرێنی لە نزیككرنەوەی لایەنەكان هەبووە، بەو پێیەی هەنگاوی باش بەرەو یەكگوتاری و یەكڕیزی نراوە، ئومێدی بەردەوامیشی هەیە، هاوكات پێیشی باشە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئاست ئەو بەڵێنانەدا بێت، كە بە هاووڵاتیانی داوە، باشتریش وایە هەرچی زووترە پڕۆژەیاسای چاكسازی بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە.
هۆزان سەمەد
داڕشتنەوەی_ خێڵان بەختیار