هەواڵی کوردستان ئێستا

"بە یاسا کێشەکانی وەبەرھێنان چارەسەر دەکرێن"

"بە یاسا کێشەکانی وەبەرھێنان چارەسەر دەکرێن"

2020-03-10 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر –KDP.info-  بڕیارە یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە و بڕیاردەری لیژنەی وەبەرھێنانیش لە پەرلەمانی کوردستان پێی وایە،  ئەگەر یاسایەکی باش ھەبێت کەرتی وەبەرھێنان بەرەو گەشەیەکی زۆر دەچێت.

زاھیر خەیلانی، بڕیاردەری لیژنەی وەبەرھێنان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە یاسای وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەموار بکرێتەوە و حکوومەت خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەیەکی نوێیە، بەڵام ھێشتا پڕۆژە نوێیەکەی بۆ ھەموار ئامادە دەکرێت، ڕادەستی پەرلەمان نەکراوە، بەڵکو لەلایەن حکوومەتەوە کاری لەسەر دەکرێت."

بڕیاردەری لیژنەی وەبەرھێنان گوتی: "وەبەرھێنان کەرتێکی گرینگە و پێویستی بە یاسایەکی باش و بەھێز ھەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە ھەرێمی کوردستان کەرتی وەبەرھێنان بەرەو باشتر ببەین، ھەروەھا ئەو کێشانەی پێشتر لە کەرتی وەبەرھێنان ھەبوون بە یاسا چارەسەر بکرێن."

خەیلانی ڕوونی کردەوە: "ئەو پڕۆژانەی پەیوەستن بە پرسی دارایی لەلایەن حکوومەتەوە دەنێردرێنە پەرلەمان، لەبەر ئەوەی حکوومەت خۆی دەزانێت کێشەی پارە چۆن چارەسەری بۆ دەکرێت، لەبەر ئەوە ئێمەش پێشبینی دەکەین پڕۆژەیەکی باشی وەبەرھێنان پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی کەرتی وەبەرھێنان گەشەی زیاتر بکات."

قائید میرۆ